رێگای سنووری زێت تەواو بووە

رێگای سنووری زێت تەواو بووە

دیمانە – ڕائیب شێروانی: غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" سنووری زێت لە سنوری پارێزگای هەولێر و هەكاری دەبێت، سنوورێكی گەشتیاری و بازرگانی دەبێت و گرنگیەكی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، كەرتی ئابووری دەبووژێتەوە، خەڵكێكی بێكار سوود لەو سنوورە دەبینێت، لەگەڵ ئەوەی هاتووچۆی هاووڵاتیان لە نێوان هەرێم و وڵاتی توركیا زۆر ئاسانتر دەبێت، ئێستا كردنەوەی رێگای سنووری زێت تەواو بووە، هەنگاوی دواتر دروستكردنی كۆمەڵگەی سنووری دەبێت، لەگەڵ دروستكردنی قەنتەرە و تێكەڵەڕێژكردن و قیركردنی رێگاكە دەبێت.
لە ساڵی 2014، دەروازەی سنووریی زێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە دەڤەری بارزان ڕەزامەندیی كرانەوەی وەرگیرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش كارەكانی وەستێنران.
دەروازەی سنووریی زێتێ، كە 165 كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، بۆ بازرگانی و گەشتیاری بەكار دێت و سوودێكی زۆری ئابووری بە شاری هەكاری لە بەری باكووری كوردستان و هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
هەرێمی كوردستان و توركیا ئێستا لەڕێگەی هەردوو دەروازە سنوورییەكانی ئیبراهیم خەلیل و سەرزێڕ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری دەكەن و قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلارە. مێرگەسۆر‌یش دەبێتە خاڵی بە یەك گەیشتنی هەولێر و هەكاری. لە 15-8-2018 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە ‌و گوژمەی پێویستیش تەرخانكراوە. جگە لەسنوری پارێزگای هەولێر، دەروازەی سنووریی زێت بۆ بازاڕەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەش نزیكترین دەروازە ‌دەبێت بۆ گواستنەوەی كاڵا توركییەكان.
قایمقامی مێرگەسۆر، گوتی:" كردنەوەی رێگای سنووری زێت تەواو بووە، مەرحەڵەی داهاتوو دروستكردنی كەمپە و چاوەڕوانی دابینكردنی بودجە دەكەین كە دەست بە دروستكردنی قەنتەرە و تێكەڵەڕێژكردنی رێگاكە دەكەین تا دەگاتە مەرحەلەی قیر، كە درێژی رێگاكە 13 كیلۆمەترە، بەڵام تا ئێستا چاوەڕێی رەزامەندی حكوومەت دەكەین، بۆیە تا ئێستا دیار نیە كەی كارەكانی سنوورەكە تەواو دەبن، بەڵام هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین كە لە زووترین كاتدا تەواو بكەین، كاتەكەش كەمە خەریكە دەگەینە وەرزی زستان، دیار نیە ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.
غەفوور ئەحمەد، روونیشیكردەوە:"ئەو سنوورە گرنگیەكی زۆری دەبێت هەم لەرووی ئابووریەوە، هەم لەرووی گەشتیارییەوە، ئەگەر جموجۆلی بازرگانی لەو سنوورەدا بكرێت كاریگەری لەسەر ئابووری كوردستان دەبێت، كار بۆ خەڵكی سنووری قەزای مێرگەسۆر دروست دەبێت، بووژانەوەیەكی ئابووری لەناوچەكە پەیدا دەكات، لەلایەنی گەشتیاری دەتوانین سوودێكی زۆر لێ ببینین خەڵك دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە بگاتە وڵاتی توركیا و بە پێچەوانەوە، چونكە یەكەم دەروازەی فەرمییە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هەندێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری مێرگەسۆر جێبەجێ دەكرێن، وەكو سیانەكردنەوەی هەندێك لە رێگاوبانەكان، وەكو رێگاوی كاوڵان- سەرووكانی كە ئێستا رێگاكە قیرتاو دەكرێت، لەگەڵ نۆژەنكردنەوە و قیركردنی رێگاوبانی چەند گوندێك، بەرنامە هەیە ئەو رێگانەی كە لە وەرزی زستان داڕماون، نۆژەن بكرێنەوە، بەڵام چاوەڕوانی ڕەزامەندی حكوومەت دەكەین كە تا ئێستا هیچ شتێك بە فەرمی بۆ ئێمە نەهاتووە.
سەبارەت بە رێگای مێرگەسۆر- سۆران، كە رێگایەكی ستراتیژییە، قایمقامی شارۆچكەی مێرگەسۆر دیاركرد:" لە بازگەی مەزنێ بۆ هەودیان و باڵەكیان رێژەیەكی زۆر لە رێگاكە خراپ بووە، هەروەها خەڵكێكی زۆر لەو شوێنانە تاسەیان دروست كردووە، ڕاستە لە سنووری مێرگەسۆریش پێویست بەوە دەكات كە ئەو رێگایە لە چەند شوێَنێك نۆژەن بكرێتەوە، بەڵام كێشەكە زۆرتر لەو سنوورە هەیە".

زۆرترین بینراو