رەهێڵ تەڵعەت دزەیی باس لەكاری سەرپەرشتیاری دەكات

رەهێڵ تەڵعەت دزەیی باس لەكاری سەرپەرشتیاری دەكات

لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجی، رەهێڵ تەڵعەت دزەیی، لە وڵاتی نەرویج كاری مامۆستایەتی دەكات و لەبواری پەروەردەو فێركردنیش چەندین بابەت و وتاری نووسیووە و بڵاوی كردونەتەوە، لەم دیمانەیەدا قسە لەسەركاری سەرپەرشتیاری دەكات و دەڵێت لە وڵاتێكی وەكو نەرویج لە نێو پڕۆسەی پەروەردەو فێركردندا سەرپەرشتیار هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستا ناكات،بەڵكو سەرپەرشتیار بەم شیوەیەی لە هەرێمی كوردستان هەیە،لەوێ‌ كارێكی لەم جۆرە نییە، متمانە هەبوون بەتواناو لێهاتووی مامۆستا لەسەرووی هەمووشتێكە.
دیمانە: محەممەد مەحموود- زاری كرمانجی
لەسەرەتای قسەكانی رەهێڵ تەڵعەت گووتی " كاری سەرپەرشتیار وادەكات كە مامۆستا هەست بكات متمانەی بەتواناكانی ناكرێت. لە وڵاتی نەرویج لە جیاتی ئەم هەستە لەلای مامۆستا درووست بكەن هەوڵدەدرێت ئاست و توانای مامۆستا بەرزبكرێتەوە و بەبەردەوامی جۆش دەكرێت بە زانستی تازە لە بواری پەروەردە و فێركردن، لە قوتابخانەكانی نەرویج هەفتانە سێ كاتژمێر تەرخان كراوە بۆ ئەوەی بەڕێوەبەر كۆبێتەوە لە گەڵ سەرجەم مامۆستایان. بەڕێوەبەر پلان دادەڕێژێت بۆ ئەوەی كەسانی شارەزا لە بواری پەرەوەردە و فێركردن بانگهێشت دەكات بۆ گووتنەوەی وانەو سمینارو كردنەوەی خول بۆ مامۆستایانی قوتابخانەكەی، ساڵانە لە وەزارەتی پەروەردە لە رێگای مۆڵەتی خوێندن مامۆستایان هاندەدەن كە پەرە بە خوێندنیان بدەن..
دەربارەی ئەركی سەرپەرشتیار و كارەكەی رەهێڵ تەڵعەت دزەیی گووتی " سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پلەیەكی ئیداریە كە مامۆستا دوای ئەزموونێكی زۆر لە كاری پەروەردەیی و وانەبێژی و بڕینی پلەكانی جێگری بەڕێوەبەر وە بەڕێوەبەری خوێندنگە پێی دەگات، دوای ساڵانێك كار كردن لەم بوارانەدا و پەیداكردنی ئەزموون و شارەزایەكی زیاتر وەك سەرپەرشتیاری پەروەردەیی سوود لە تواناكانی وەردەگیرێت.
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی چاودێردەبینێت، ئەم كارەش زۆر دوورە لە ئەرك و بەرپرسیاریەتی سەرپەریشتیار.
مامۆستا دوای تەواو كردنی كۆلێژی پەروەردە و بەدەست هێنانی بەكالۆریۆس لە بواری پەروەردە و فێركردن، وە دوای ئەوەی وەك مامۆستا قبووڵ دەكرێت و متمانەی پێ دەدرێت لە لایەن وەزارەتی پەروەردە وە ئەركی پەروەردە و فێركردنی خوێندكارانی پێدەبەخشرێت، بە بوونی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەم ئەركەی كە ئێستا هەیەتی بەها ومتمانەی مامۆستا كەم دەكاتەوە.
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەم ئەزموون و شا رەزاییە زۆرەی هەیەتی، ناكرێ ئەركەكەی كۆبكرێتەوە لەوەی سەردانی خوێندنگەكان بكات و بەبێ ویستی مامۆستا بچێت بۆ پۆلەكەی و لە دواوەی پۆلەكە دابنیشێت و سەیری مامۆستاكە بكات، بزانێت چۆن مامۆستا وانەكەی دەڵێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایەكە بكات، ئەم شێوازە لە چاودێریكردنە دەرهاوێشتەی نەرێنی زۆر زیاترە لە دەرهاوێشتە ئەرێنیەكانی ، لەلایەك مامۆستا زۆر شپرزەدەبێت و لە باروودۆخێكی دەروونی زۆر ناجێگیر وانەكەی دەڵێتەوە، ئەمەش وادەكات كە مامۆستا باوەڕی بەخۆی لاوازبێت و كۆنتڕۆڵی پۆلەكەی لەدەست بدات. لەبەشێكی تری قسەكانی گووتی " خوێندكارەكان متمانەیان بە توانا و ئاستی مامۆستاكەیان كەم دەبێتەوە، كە دەبێ خوێندكارەكان متمانەی تەواویان بە مامۆستاكەیان و زانیاری و تواناكانی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم زانیاریانەی مامۆستاكە دەیبەخشێت بە خوێندكارەكانی ببێت بە زانست و زانیاری لەلایان، لەو كاتەی خوێندكار متمانەی بە مامۆستا و تواناكانی لاوازدەبێت بیگومان ناتوانێت متمانە بە زانستەكانیش بكات كە مامۆستاكەی پێدەبەخشێت.
مامۆستا هەست دەكات كە باوەڕ بە توانا و لێهاتوویی ناكرێت و هەردەم لە ژێر چاودێری سەرووی خۆیەتی، ئەمەش وادەكات كە هەست بە بەرپرسیاریەتی نەكات، لە لایەكیترەوە سەرپەرشتیاری پەروەردەیش هەست ناكات كە ڕێز و گرنگی بە ئەزموون و شارەزایەكانی دەدرێت، هەوڵ نادرێت تواناكانی وەك پێویست بەكار بهێندرێت.
رەهێڵ تەڵعەت پێیوایە " ئەركی راستەقینەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی خۆی لەوە دەبینیتەوە كە ئەم ئەزموون و شارەزاییە زۆرەی هەیەتی بیگوازێتەوە بۆ مامۆستایان و سوودی لێوەربگرن لە ئەركەكانیاندا، هەروەها سەرپەرشتیار ئەركیەتی كە بەدوا تازەگەریەكانی بواری پەروەردەو فێركردن دابچێت و بەدواداچوون بۆ سیستەمەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بكات لە بواری پەروەردە و فێركردن، خوێندنەوەی هەبێ بۆ مێتۆد و تیێۆریەكانی كاری وانەبێژی.
سەبارەت بەوەی بۆ ئەوەی سوود لە توانا و شارەزایی و ئەزموونەكانی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی وەك پێویست وەربگرین دەبێت چی بكەین؟ دزەیی گووتی"دەكرێت سەرپەرشتیار لە رێگای وانە گووتنەوە (محازرە) كە هەموو هەفتەیەك چەند كاتژمێرێك بۆ مامۆستایان شێوازی وانەبێژی و پەروەردەی درووست شیبكاتەوە و بەبەردەوامی تازەگەریەكانی ئەم بوارە بە مامۆستایان بگەێنێت. هەروەها سەرپەرشتی پڕۆژە و گۆڕانكاریەكانی سیستەمی پەروەردە و فێركردن بكەن وە رادەی سەركەوتن و گونجاوی لە گەڵ كۆمەڵگە وكلتووری گەلەكەمان دەست نیشان بكەن.
بەم شێوەیە ئەركی خۆیان بەباشی بەجێدەهێنن و سوود بە بوارەكە دەگەێنن و مامۆستاكانیش سوودمەند دەبن لە تواناكانیان و ئاگاداری نوێترین شێوازەكانی وانەبێژی دەبن و گەشەبە تواناكانیان دەدەن.
رەهێڵ دزەیی گلەیشی لەوەهەبوو كە " مایەی داخە لە داموو دەزگاكانی حكومڕانی هەرێمی كوردستان توانا وشارەزایی وپسپۆری خەڵكانێكی زۆر بەهەدەر دەدرێت بەوەی كە لەشوێن و بواری خۆی بەكارناهێندرێت، سوودیان لێوەرناگیرێت بۆ ئەوەی ببن بە بەشێك لە بەرەو پێشچوونی وڵات وكۆمەڵگەكەمان.
لەكۆتایی دیمانەكەش ئەو وڵاتەی لێدەژیت و كاری مامۆستایەتی لێدەكات وەك نموونەی هێنایەوەو باسی لەئەزموونی ئەو وڵاتە كردوو گووتی " لە وڵاتی نەرویج سەرپەرشتیار نییە.لەوێ‌ متمانە بە تواناو لێهاتووی مامۆستا هەیە، مامۆستا خاوەنی پۆلەكەیە و هیچ كەسێك بۆی نییە بێتە ناو پۆل بێ ڕەزامەندی مامۆستا تەنانەت بەڕێوەبەر یا وەزیریش بێت.

زۆرترین بینراو