زاری كرمانجی كات و ساتی كردنەوەی دەروازەی زێتێ بڵاودەكاتەوە

زاری كرمانجی كات و ساتی كردنەوەی دەروازەی زێتێ بڵاودەكاتەوە

موڕشید برادۆستی– مێرگەسۆر : بەمەبەستی گرنگیدانی بە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری و ئاسان كردنی هاتووچۆی هاووڵاتییان، ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی توركیا رەزامەندیان دەربڕیووە لە سەر كردنەوەی مەرزێكی سنووری لە قەزای مێرگەسۆر .
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا، رێككەوتنی نێوان نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و والی جۆلەمێرگ لە رووبارۆكی باكووری كوردستان لەسەر كردنەوەی مەرزی سێیەم لەنێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كە بە مەرزی زێتێ ناسراوە واژۆكرا، بەڵام بە گووتەی قائیمقامی مێرگەسۆر، بەهۆی شەری داعش و دروست بوونی قەیرانی دارایی كردنەوەی مەرزەكە دواخرا .
توركیا وەك حەڤدەهەمین ئابووریی دونیا، یەكێكە لە وڵاتانی ئەندامی G20و ئەندامی ڕێكخراوی هاوكاری و گەشەی ئابووری (OECD)یە، ئەندامی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) یەو یەكێكە لە وڵاتە سەرەكییەكانی رێكخراوی هاوكاریی ئابووری (ECO)، لە ساڵانی ڕابردوودا بەتایبەتی پاش 2001 گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە .
دڵشاد نامق فەرەج مامۆستای زانكۆ و ماستەر لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بە زاری كرمانجی گووت " هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵیداوە پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ دراوسێكانیدا هەبێت، هەبوونی دەروازەكانی نێوان هەرێم ووڵاتانی دراوسێ ڕێگایەكی گرنگی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیەیە، وەلەبەر ئەوەی كوردستان خۆی دەروازەی پێكەوە بەستنی عێراق و توركیایە ولەوێشەوە بەرەو ئەوروپا، بۆیە زۆر گرنگە هەرێم زیاتر پەرە بەو دەروازانە بدات، وە بەپێی یاسا بەركارەكانی عێراق هەریەك لەحكومەتی هەرێم و فیدراڵ بەیەكەوە دەروازەكان بەڕێوەدەبەن ئەمەش هەماهەنگی لەنێوان هەردولا دێنێتە كایەوە.
لەڕوی سیاسیشەوە، دلشاد نامیق دەڵێت " تا ئەو دەروازانە زیاتربن باشترە چونكە دەبنە دەلاقەیەكی كرنگ بۆ كوردستان كە بتوانێت لەكاتی ناهەمواردا زۆر تەنگاو نەبێت ونەكەوێتە ژێر فشارەوە ئەگەر یەكێك لەوانە داخرا، سود لەوی تریان وەردەگیرێت، ئەو دەوڵەتانەی تری ئەودیویش بەرژەوەندیان بۆ دروست دەبێت و ناچاردەبن مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ هەرێم بكەن و ڕێز لەبڕیارەكانی بگرن و وەك نەیار تەماشای نەكەن. ئەمانە هەموی سەرەڕای سودە ئابوریەكەی كە دەبێتە مایەی ڕەخساندنی هەلی كاری زیاتر وبوژانەوەی زیاتری بازاڕ . روونیشی كردەوە، لەڕوی فەرهەنگی و نەتەوەییشەوە بەشەكانی كوردستان بەیەكەوە دەبەستێت و وادەكات تێكەڵی لەنێوان باكوور و باشوور دروست ببێت و یەكێتی نەتەوەیی ببوژێتەوە وبەهێز ببێت. ئەمانە هەموی خاڵی گرنگن كە وادەكەن پێویست بێت لەسەر حكومەتی هەرێم بایەخی زیاتر بەو دەروازە سنوریانە بدات و ڕێگاوبان و كارئاسانی پێویست بكات بۆ كردنەوەیان.
كردنەوەی مەرزی زێتێ گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەرووی بازرگانەیەوە وەكو هەموو دەروازەكانی تری هەرێم لەگەل ولاتانی دەوروبەر گرنگیەكی زۆری هەیە، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە دانیشتوانی سنووری هەردوولا خزمایەتیان هەیە و بەشدارن لە خۆشی وناخۆشیەكانیان ئەم دەروازەیە ئاسانكاریێكی زور باش دەبێت بۆ هاتوچۆی هەردولا .هەروەها لە رووی ئاوەدانیەوە دیسان گرنگیێكی زۆری هەیە چونكە دەبێتە هۆی ئاوەدان بونەوەی هەردوو گوندی هوپە و زێتێ و رەنگە گوندی ئێدلبێ و شوێنەكانی تریش . لەروی ئەمن و ئاسایشەوە گرنگی خۆی دەبێت چونكە بەكردنەوەی دەروازەی ئەوشەڕ و پێكدادانەی لەنێوان توركیاو چەكدارانی پەكەكە هەیە دور دەخرێتەوە و تۆپبارانەكان كەمتر دەبنەوە .
" گرینگیی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، تەنیا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیاندا نییە و هەرێمی كوردستان ڕێگای هەناردەكردنی توركیایە بۆ عێراق و بەشێك لە هەناردەكردنی ئەو وڵاتە بۆ سووریا، كوێت و ئێران‌ و ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ ئابووریی توركیا زیاتر بەرچاو دەكات".
شیلان بیبانی شارەزای ئابووری لە كوردستان بە زاری كرمانجی گووت " كردنەوەی دەروازەی سنووی لەگەڵ هەر وڵاتانی دراوسێ بێگوومان سوودی ئابووری بە كوردستان دەگەێنێت، هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان كەوتۆتە نێوان چەند وڵاتێكەوە و هاووسنوورە لەگەڵ توركیا و ئێران و سووریا ئەمەش بووەتە خالێكی گەێنەر بۆ هاوردەكردنی شتوومەك بۆ عێراق و هەرێمیش لە رێگەی وشكانی و بەتایبەت دەروازە سنووریەكانەوە .
روونی دەكاتەوە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر هاوردەی شتوومەك و پێداویستی دەكرێت، ئەگەر خاڵە سنووریەكان زیاتر بكرێن ئەوا دەبێتە كار ئاسانیەكی باش بۆ بازرگانەكانەكان، لە هەمان كات بۆ هاتووچۆی گەشتیاران و هاووڵاتییان و هەلێكیشە بۆ بووژانەوەی ئابووری وڵات . گووتیشی " هەوبونی دەروازە چەند سوودی هەیە لەوانە خاڵی گومرگی، دەبێتە داهاتێك بۆ ئەو ناوچەیە ئێمە لە كوردستانیش پێویستیمان بە جێگرەوەی نەوت هەیە، خالی گومرگی لە دنیا بە داهاتێكی پڕ لە قازانج و سوود دادەندرێت و گرنگی زۆری پێدەدرێت .
لەلای خۆیەوە، غەفوور ئەحمەد مەلا قائیمقامی قەزای مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند": خەمخۆری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەو هەوڵە بەردەوامانەی جەنابیان لە بەهێزكردنی كوردستانێكی بەهێز وای كرد كە دوبارە كار بۆكردنەوە و دەست پێكردنەوەی پڕۆژەی دەروازەی زێتێ لە سنووری مێرگەسۆر بكرێت و بەزوترین كات بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان، لە ئێستادا كاركردن لە پڕۆژەی رێگا و بانی دەروازەكە بەردەوامی هەیە و زۆربەی كارەكان كۆتای پێهاتووە .
بە گووتەی قایمقامی مێرگەسۆر، دەروازەكە دەروازەیەكی نێودەوڵەتییە و هاوشێوەی دەروازەكانی تری كوردستانە، بە كردنەوەی دەروازەی زێتێ، ئاسانكاری باش بۆ گەشتیاران و هاتووچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت ئەمە جیا لەوەی لە رووی ئابووریەوە گرنگی زۆری بۆ هەرێم دەبێت .
ناوبراو ئاشكراشی دەكات " بەڕێوەبەرایەتی چاككردن و پاراستنی رێگا و بانی هەولێر رێگای سەرەكی دەروازەكە چاك دەكات و دەیكاتەوە، زۆربەی كارەكان بە كۆتا هاتووە و ئەگەری زۆر هەیە مانگی داهاتوو رێگای دەروازەكە تەواو دەبێت و بكرێتەوە، دووای تەواو كردنی رێگاكە رێكارە یاساییەكانی كردنەوەی دەروازە كۆتای پێدێت و پێویستە كەمپ و شوێنی رای كردنی كار و باری هاووڵاتییان بكرێتەوە و لەوانە فەرمانگە پەیوەندی دارەكان دەبێت نوێنەرایەتییان هەبێ وەك، پاسەپۆرت، گومرگ، ئیقامە ، پۆلیس و ئاسایش، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتە پەیوەندی دارەكان خەریكی خۆ رێكسختنن بۆ دابین كردنی میلاكات و پێداویستیەكان تا لەو دەروازەیە ئیش و كارەكانی خۆیان بكەن و ئەوكات بەشێوەیەكی فەرمی و لە رێوڕەسمێكدا دەكەینەوە .
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست زاری كرمانجی كەوتووە، لە سنووری باكووری كوردستان و توركیا سەرجەم كارەكانی ئەو دەروازەیە كۆتای پێهاتووە، بۆ هاتووچۆ كردن و كردنەوەی دەروازە چاوەڕێی سنووری باشووری كوردستان دەكەن .

 

زۆرترین بینراو