زمان وبنیاتنانی کەسایەتی.

ئا. هێمن کۆساری
هایدگەر دەڵێت : (زمان ماڵی بوونە)، زمان هەموو کۆدەکانی بوونی تاک لەخۆ دەگرێت و لەڕێگەی زمانەوە دەتوانین تاکەکان هەڵبسەنگێنین، هەربۆیەش فێرکردنی زمان (زمانی یەکەم / زمانی نەتەوە) کاری لەپێشینەی قوتابخانەکانی وڵاتانی پێشکەوتووە، بۆئەوەی تاک بوونی خۆی بدۆزێتەوە لەچوارچێوەی ئەوکلتور و زمانەی کە هەیەتی.
زمان ڕۆلێکی کاریگەر و چالاک دەگێڕێت لە پەیوەندییەکانی مرۆڤ، پەیوەندی مرۆڤ بە دەروونی و دەوروبەری دەردەخات، پێناسەی مرۆڤەکان دەخاتەڕوو بەهۆی پەخشکردنی لایەنی دەروونی و کەسایەتی مرۆڤەکان. مرۆڤەکان لەڕێگەی ئەو وشە و دەستەواژانەی دەری دەبڕن پێناسەی خۆیان دەکەن.
کورد دەڵێت: (بەقسەی خۆش مار لەکون دێتە دەرەوە) زمان و دەروونی مرۆڤ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەنێواندا هەیە و کار لەیەکتر دەکەن، واتە وشە و دەستەواژە ئەرێنی و شادی بەخشەکان لە دەروونێکی ئارام و بێ گرێوە سەرچاوەی گرتووە و ئەرێنینەش کار لە دەوروبەرمان دەکات، بەڵام دەربرٍینە نەرێنی و کرێتەکان بە پێچەوانەوە کار لە مێشک و دەروونی مرۆڤەکان دەکات. لێرەدا دەمانەوێ تیشک بخەینە سەر ئەوەی چۆن زمانمان بخەینەکار بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و تاکێکی سەرکەوتو و سەلامەت؟
زمان هۆکارێکە بۆ پەیوەندیکردنی مرۆڤەکان هەم بە خودی خۆیان و هەمیش بە دەوروبەریان. هۆیەکیشە بۆ ناسینیان. وەک باسمانکرد. جگە لەمانە زمان پردێکە بۆ پەڕینەو بۆناو ناخی تاکەکان، کەواتە هەر لەم ڕێگایەشەوە دەتوانین کاریگەری بخەینە سەر کەسایەتییان، جا چ بە مەبەستی بنیاتنان یاخود بە ئامانجی ڕوخاندن و شێواندن. چۆن؟
ئەگەر چی زمان کۆمەڵێک پیت و وشە و ڕستەیە لە ڕووی دەرەەوەیدا، بەڵام لەناواخندا هێزێکی بێ شومار و کاریگەرییەکی سحراوی هەیە، بەشێوەیەک دەرگایەک فراوان بەڕووی بیرکردنەوە و لێکدانەوەدا دەکاتەوە. لەڕێگایەوە دەتوانین پۆێنی تاکەکان بکەین بۆ (گەشبین، ڕەشبین، خوێندەوار، نەخوێندەوار، بەهێز و بێهێز...... هتد). مرۆڤ دەکرێ لە ڕێگای زمانییەوە دەردی کەسێکیتر چارەسەر بکات یاخود ئومێد بەهاوڕێکەی ببەخشێت یانیش هێز متمانە ببەخشێتەوە بەخۆی و دەوروبەری، بەپێچەوانەشەوە دەتوانێ هەرلەڕێگەی زمانە مێشکی مرۆڤێک بەرنامەڕێژ بکەیت بەشێوەیەک خۆی بکوژێت یان بۆ هەمیشە بێ ئومێدبێت. هەموو ئەمانەش لەڕێگەی هەڵبژاردنی دەربڕینەکانەوە دەبێت، ئەوانیش دوو جۆرن:
1. دەربڕینە ئەرێنییەکان:
ئەو دەربڕینانەن کە هێز وتوانا بە دەروونی خۆمان و کەسی بەرامبەرمان دەبەخشن و خۆشی و ئومێد دەبەخشنەوە بەدەوروبەر. وەک (ئافەرین، تۆ داهێنەریت، من دڵنیام سەردەکەویت، تۆ بەهێزی، ناڕوخێیت، ئەمەش تێدەپەڕێت، ..........هتد) هەر بڕگەیەک لەم وشانە بگرە هەرپیتێک هاندان و هێزێکی لەبن نەهاتووی تێدایە بۆ خود و کەسی بەرامبەر و هەمیشە بەخۆی دەڵێت (تۆ گەورەیت).
2. دەربڕینە نەرێنییەکان:
ئەو پەیڤانەن، گوزارشت لە چەپاندن و کەمکردنەوە و بێ ئومێدی و بێهێزی دەکەن، ئاسۆی ژیان و گەیشتن بە ئامانجەکان تەسک و کورت دەکەنەوە، وەک (تۆ چیت پێدەکرێ؟، تۆ گەمژەی، هەرگیز تێناگەیت، مایەی شەرمەزاریت..... هتد) ئەم وشانە وا لەدروونی خود و بەرامبەر دەکات، کە هەمیشە بچوک لە خۆی بڕوانێت و متمانەی بەخۆی نەمێنێت و لە هەنگاوەکانی بەگومان بێت...
مەولانا دەڵێت: (مرۆڤ لەڕگای گوێیەوە قەڵەو دەبێت) واتە: وشە و پەیڤە ئەرێنییەکان ڕوح و گیانی مرۆڤەکان قەڵەو دەکەن و ئاسۆی بیرکردنەوە و ژیانیان لا فراوان دەبێت. سەرنج بدەنە ئەم چیرۆکەی (ئەدیسۆن و دایکی) :
ئەدیسۆن قوتابییەکی سەرکەوتوو نەبوو لە قوتابخانە، بۆیە مامۆستاکانی بڕیاری دوورخستنەوەی ئەدیسۆنیان دا و بڕیارەکەشیان بەنووسراوێک دایە دەستی ئەدیسۆن تاکە بیداتە دایکی، دایکیشی بەچاوی بەفرمێسکەوە خوێندییەوە و بە ئەدیسۆنی گوت : لەم یاداشتەدا نوسراوە (منداڵەکەتان بلیمەتە و ئەو خوێندنگایە بۆ ئەو بچوکە و شیاو نییە، تکایە خۆتان خوێندنی ئەو لەئەستۆ بگرن)، ئەدیسۆن بوو بە زانایەکی بەناوبانگ و گڵۆپی کارەبایی داهێنا، دوایی کۆچی دوایی دایکی، ئەدیسۆن لەخانووە کۆنەکەیان بەدوای هەندێ شتی سەردەمی منداڵیدا دەگەڕا و ئەو یاداشت نامەیەی دۆزییەوە کە مامۆستاکانی قوتابخانە بۆ دایکیان نووسیبوو، لە یاداشت نامەکەدا نووسرابوو: (منداڵەکەتان کەم عەقڵا و تەمبەڵە، چیتر ئێمە ڕێگا نادەین منداڵی وا تەمبەڵ بێتە قوتابخانەکەمان، منداڵەکەت دەرکرا).
پەیڤە ئەرێنییەکان ئەگەر ڕاستیش نەبن، ئەوا هێزێکی کاریگەر و متمانەیەکی زۆر دەبەخشێ، ئەمەش وا دەکات مرۆڤ کۆڵنەدات بۆ بەدەستهێنانی خەونەکانی.
کەواتە بۆ بنیاتنان و درووستکردنی کەسایەتی کاریگەر بۆ خۆمان و دەوروبەرمان، دەبێ زمانمان بکەینە کانگای ئومێد و بۆ هەمیشە پەیڤە نێگەتیڤ و ڕوخێنەرەکان لەبیر و هزرماندا بسڕینەوە، چونکە وەک (مەولانا) دەڵێت: (گوڵ لەسەر بەرد ناڕوێت، ببە بەگڵ دەبیتە گوڵستان).

زۆرترین بینراو