زۆربەی بەرپرسە حكومییەكانی سۆران دەگۆڕدرێن 

زۆربەی بەرپرسە حكومییەكانی سۆران دەگۆڕدرێن 

زاری كرمانجی- سۆران: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری لە زۆربەی پۆستە كارگێڕی و خزمەت گوزاریەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی كوردستان كردووە، زاری كرمانجی زانیوەتی دووای گۆڕانكاری قایمقامی سۆران دەست دەكرێت بە گۆڕنكاری لە پۆستەكانی دیكەی حكومی لە دەڤەرەكە، ئەمە لە كاتێكدایە، ماوەی چەندین ساڵە گۆڕانكاری لە پۆستە ئیداریەكانی سنووری هەرچوار قەزای سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، رواندز نەكراوە . 


تەنها لە سەنتەری سۆران 65 فەرمانگەی حكومی هەیە و كە زیاتر لە 45 فەرمانگەیان ئیش و كارەكانی هەرچوار قەزای   ( سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز ) بەڕێوە دەبەن و ماوەی چەند ساڵێكە گۆڕانكاری لە بەشێكی زۆری پۆستە كارگێڕییەكان نەكراوە .لە سۆران و دەورووبەری مانەوەی بەرپرسە حكومییەكان لە پۆستەكانییان خەریكە دەبێتە دیاردە و ژمارەیەك بەرپرس ساڵانێكی زۆرە لە پۆستی حكومیەكاندان و تا ئێستە نەگۆڕاون .


سەوری عیسمەت ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر بە زاری كرمانجی راگەیاند" ئاڵ و گۆڕكردنی بەرپرسانی حكومی لە سۆران لە بەرنامەی حكومەتی هەرێمدایە بە تایبەت بۆ ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرنەی كە ماوەی یاسایی خۆیان تەواو كردووە یا ساڵانێكی زۆرە لە ئەرك و بەرپرسیارەتی دان، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتەكان ئاگادار كراونەتەوە كە بەپێی پلانی خۆیان دەست بكەن بە گۆڕانكاری و لادانی بەرپرسانی سەر بە وەزارەتەكەیان".


زیاتر گووتی" سەبارەت بە گۆڕنكاری پۆستەكانی سۆران، بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ هەر بەرپرسێكی وەزارەتەكە خزمەتی لە 8 ساڵ زیاتر بێ دەگۆڕدرێت، بۆ وەزارەتەكانی دیكەش پلان هەیە دەست بكرێت بە گۆڕانكاری بەڵام بار و دۆخی دارایی و سیاسی هۆكار بوون كە گۆڕنكاریەكان دوابكەون، بەڵام گۆڕنكاریەكان لە پۆستە ئیداری  و پۆستەكانی دیكە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەردەوامی هەیە و ئیشی لەسەر دەكرێت، قەزای سۆران و دەورووبەریش بەشێكن لە بەرنامەكانی حكومەت بۆ ئاڵووگۆڕكردنی بەرپرسان و لە داهاتوو دەست دەكرێت بە گۆڕانكاریەكان . 


سەوری عیسمەت دووپاتی كردەوە" وەكو ئەنجومەنی پارێزگا  ئاگادارین رێژەیەكی زۆری بەرپرسان و بەڕێوەبەرە حكومییەكانی سۆران ماوەی چەندین ساڵە لە پۆستەكانییان كە رەنگە خۆشیان وەرەز بوو بن لە كاركردن و شوێنی كاریان، لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر،  پڕۆژەیەكمان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان كردوە و تیایدا پێشنیاری ئەوە كراوە هەر بەرپرس و بەڕێوەبەرێكی حكومی  لە كوردستان لە چوار ساڵ زیاتر پۆستی حكومی بەدەستەوە نەبێت و بەرپرسی باش و جێگەی رەزامەندی خەلك پلەی بەرز بكرێت و ئەوەی تر ئاڵووگۆڕی پێبكرێت، ئەو پڕۆژەیە لە ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوەی بۆ كرا  بەڵام تا ئێستە جێبەجێ نەكراوە .


گووتیشی" جیا لە پۆستە ئیداریەكان و پۆستەكانی دیكە، بڕیارە سەرجەم ئەنجوومەنەكانی شارەوانیش بگۆڕدرێن و كەسانی دیكە لە شوێنەكانیان دەست بەكاربن، ئەم گۆڕانكاریە لە هەولێر كراوە و لە سۆران و دەورووبەری هێشتا دەستی پێنەكراوە و لە بەردەستدایە و لە ماوەیەكی نزیك جێبەجێ دەكرێت .

زۆرترین بینراو