زیاتر لە 10ساڵە پڕۆژەی دووسایدی نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران تەواو نەكراوە

زیاتر لە 10ساڵە پڕۆژەی دووسایدی نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران تەواو نەكراوە

كەریم سمكۆ – زاری كرمانجی:

 ماوەی 10 ساڵە تەنها 17 كیلۆمەتر لە پڕۆژەی دوو سایدكردنی رێگای سەرەكی هامڵتۆن لە نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) تەواو نەكراوە، هەر چەندە ساڵانە ئەم رێگایە كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكرێت، بەڵام تەواو نەكردنی پڕۆژەكە نیگەرانی هاموشۆكارانی ئەم رێگایەی لێ كەوتووەتەوە.
لە ساڵی 2011 حكوومەتی هەرێم نزیكەی 60 ملیارد دیناری بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە تەرخانكرد، كەچی دوای وەستانی بۆ چەند جارێك و دەستپێكردنەوەی لەلایەن چەند كۆمپانییایەكی جێبەجێكار، ئێستا كاركردن لەم پڕۆژەیە وەستاوە.
كەمال شێرزاد، شۆفێرێكی ئەم رێگایەیە بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ئەم رێگایە سنوورێكی نێودەوڵەتی بەسەرەوەیە و رۆژانە زیاتر لە هەزار كامیۆن و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەم رێگا سەرەكییە هاتووچۆ دەكەن و كاڵا و شتومەك بۆ شارەكان دەگوازنەوە، بەڵام بەداخەوە رێگاكەی وەكو پێویست نییە، چەندین ساڵە خەریكن ئەو رێگایە بە دووسایید بكەن، كەچی تا ئێستا تەواو نەكراوە، لەكاتێكدا ئەم دەروازەیە شادەمارێكی گرنگی ئابوورییە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران بە هەولێری پایتەخت دەبەستێتەوە.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوەتەی دەستبەكار بووە، گرنگییەكی زۆر باشی بە كەرتی رێگاوبان داوە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژی رێگاوبانی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان تەواو كردووە، بەڵام پڕۆژەی دووساییدی نێوان (چۆمان-حاجی ئۆمەران) هێشتا وەك خۆی ماوەتەوە.
ئیبراهیم سەدرەدین، شۆفێرێكی دیكەی خاوەن تەكسییە و دەڵێت، ئەم رێگایە لە زستانان بەرتەسك و خراپە و هاوینانیش پڕ دەبێت لە چاڵ، هەر چەندە رێگاكە زوو زوو نۆژەندەكرێتەوە، بەڵام پێویستە بۆ ئەوەی ئەم گرفتە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت، پڕۆژەی دووساییدكردن بكەوێـتەوە كار، پێشتر زۆر دڵمان خۆش بوو بە كاركردن لەم پڕۆژەیە، بەڵام بەداخەوە بۆ چەندجارێك ئەم پڕۆژەیە وەستاوە.
گووتیشی: پێویستە حكوومەتی هەرێم كاركردن لەم پڕۆژەیە دەستپێبكاتەوە، بۆ ئەوەی سیمایەكی جوان بەم دەڤەرە ببەخشێت و سیمایەكی شارستانیش پیشانی ئەو میوان و گەشتیارانە بدەین كە لە رێگای ئەم دەروازەیە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، نەك خراپی رێگا و تەواونەكردنی پڕۆژەیان بكەوێتە بەرچاو.
سوارا ئەكرەم، قایمقامی چۆمان، لەمبارەیەوە گووتی:" زۆرجار لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار باسی ئەم پڕۆژەیەمان كردووە كە بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش و پەتای كۆڕۆنا وەستاوە، لایەنی بەرپرسیشمان لەوە ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئەوەی رێگەچارەی ئەم گرفتانە بدۆزینەوە، ئەمجارەش لەگەڵ شاندی ئەنجوومەنی وەزیران باسی ئەم پڕۆژەیەمان كردووە كە پڕۆژەیەكی ستراتیژی گرنگە بۆ ناوچەكە و دەروازەیەكی نێودەوڵەتی بەسەرەوەیە.
گووتیشی:" پڕۆژەكە نزیكەی 40%ـی تەواو كراوە و بڕین و ئاوەڕۆی بۆ كراوە، بەهیواین لە ساڵی داهاتوو ئەم پڕۆژەیە بخەینەوە سەر كاركردن.
لە هەفتەی رابردوو شاندێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی باڵەكایەتی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە كاركردن لەم پڕۆژە ستراتیژییە رایگەیاند:" لە پلانی داهاتوومان كار لەسەر ئەوە دەكەین دەست بە پڕۆژەی دووساییدی نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران بكرێتەوە، بەرنامەیەكمان داناوە بۆ ئەوەی بە دوو قۆناغ ئەم پڕۆژە گرنگە جێبەجێ بكەین، كە قۆناغی یەكەمی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە تا گوندی ئازادی دێت و دواتر قۆناغی دووەمی بگاتە قەزای چۆمان، بەڵام هەندێك گرفتی یاساییمان هەیە سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی موڵك و زەوییان دەكەوێتە بەر ئەم پڕۆژەیە، ئەگەر ئەم وردە كێشانە تەواو بن بێگومان كار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەكرێتەوە.

 

زۆرترین بینراو