سامی ئەترۆشی: ئەگەر سیستەمی عێراق بگۆڕدرێت دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەونە مەترسییەوە

سامی ئەترۆشی: ئەگەر سیستەمی عێراق بگۆڕدرێت دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەكەونە مەترسییەوە

رەمەزان هەرنی- دهۆك: چاودێرێكی سیاسی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە یەكگرتن و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و باشتر كردنی پەیوەندییەكانی كوردستان و عێراق بەرز دەنرخێنێت و پێیوایە "لەم قۆناغەدا ئەوەی سەرۆكی هەرێم كردی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و شەقامی عێراقی زۆر پێویست و گرنگ بوو بەتایبەتی كە دەنگۆی گۆڕینی دەستووری عێراق هەیە".
سامی ئەترۆشی, چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی گووت" دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و پێویست بوو، كورد لەم قۆناغەدا یەكگرتوو و یەكهەڵوێست بێت بەتایبەتی لە بەغدا, بەو پێیەی لە مەترسییەكی گەوەر داین، لەبەر ئەوەی بابەتی گۆڕینی دەستووری عێراق هاتۆتە ئاراوە و ئەگەر ئەوە رووبدات داوا دەكرێت سیستەمی سیاسی لە عێراق لە پەرلەمانەوە بگۆڕدرێت بۆ سەرۆكایەتی دەبێتە مەترسییەكی گەورە و دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان لە دەست دەچن, ئەگەر سیستەم سەرۆكایەتی لە عێراق جێبەجێكرا دەبێتە جۆرێك لە دیكتاتۆری هەندێك ماددە لە دەستووردا هەیە پشتگیری لەو دەسكەوتانە دەكات، كە پێگەی هەرێم وەرگرتووە هەر كاتێك گۆڕین تێدا بكرێت مەترسییەكی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بڕگەیەك لە دەستووردا هەیە كە بەغدا ناتوانێت بەبێ رەزامەندی كوردستان دەستوور بگۆڕێت، بەڵام مەترسی لەو كاتەدا هەیە ئەگەر لایەنێكی كوردستان لەبەر هەر هۆكارێك بێت لەگەڵ لایەنی عێراقی یەكبگرن، ئەو كاتە دەبێتە مەترسیەكی تر لەسەر دەستووری عێراق لە ماددەی 142 هەر گۆڕینێك لە دەستووردا بكرێت ئەگەر رێژەی دوو لەسەر سێ لە سێ پارێزگا رەفزی كرد ئەوا لەو كاتەدا دەستوور ناگۆڕێت, تاكە مەترسی ئەوەیە ئەگەر لایەنێكی سیاسی تەنها بۆ تێكدانی رەوشی كوردستان بچێتە پاڵ عێراق ئەوا ئەو كاتە مەترسییەكی گەورە لەسەر كوردستان دروست دەبێت, بەڵام ئەوەی جێگای دەستخۆشی و گرنگە لێك نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كورستان ئەو هەڵوێستە و یەكگرتنە زۆر گرنگ بوو".
سامی ئەترۆشی گووتیشی" رۆڵ و كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەرێژەیی 100% متمانە پێكراوە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو لەگەڵ گشت لایەنە سیاسییەكان كۆبوویەوە, رۆڵی نێچیرڤان بارزانی زۆر گرنگە و زۆر لە جێگای خۆیەتی توانیویەتی لایەنەكان كۆ بكاتەوە, لە هەمانكاتدا نێچیرڤان بارزانی لە ساتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا تایبەتمەندی خۆی هەبووە بە چاوێكی گەورە و رێزەوە پێشوازی كراوە لە بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو لایەك لێی رازینە, لە رووی دیبلۆماسییەوە نێچیرڤان بارزانی بۆ لایەنە عێراقییەكان زۆر كاریگەری دەبێت، لە كۆتا سەردانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق زۆر گرنگ و كاریگەر بوو، بۆچوونی لایەنە عێراقییەكانیش زۆر باش بوو بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان, نێچیرڤان بارزانی زۆر كاریگەری هەیە لەسەر باشتر كردنی پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و شەقامی بەغدا بەگشتی".
ئەترۆشی، ئەوەشی خستەروو:" پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە دوو بواری سەرەكیدانە یەكێكیان پەیوەندییە فەرمیەكانن لەسەر ئاستی حكوومەتەكان و لەگەڵ دەزگا میرییەكان و سەردانی بەردەوامی لایەنە عێراقییەكان بەتایبەتی عادل عەبدولمەهدی بۆ كوردستان سەڕەڕای ئەو بارودۆخەی دروستبووە لە رۆژئاوای كوردستان و خۆپیشاندانەكانی عێراق و هەندێك لایەنی سیاسی عێراقی دژی هەرێمی كوردستان وەستاون لەسەر هاتنی بودجە ویستیان كەمبكەنەوە لە هەمانكاتدا بابەتی نەوت و گاز كە كوردستان نەچار بكەن نەوتی زیاتر رادەستی بەغدا بكات, بەڵام لەرووی فەرمییەوە ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێكی زۆر بەرز و باشدان و زیاتر پێش دەكەوێت, سەڕەڕای ئەوەی هەندێك ناكۆكی هەیە لە نێوان بەتایبەتی لە بواری رادەستكردنی نەوت، بەڵام بە بوونی عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكوەزیران زۆر گرنگە كە خۆی زۆر پاڵپشتی كورد دەكات و سەركردایەتی سیاسی كوردیش لێی رازییە, هەندێك لایەنی سیاسی عێراقی بە شێوەیەكی نافەرمی دژی هەرێمی كوردستانن، قەت لەو دژایەتیەش دوور ناكەونەوە دەست بەرداری نابن بەو پێیەی ئەوان دەیانەوێت هەمیشە كوردستان لە ژێر دەستی بەغدا بێت، داوای مەركەزییەت دەكەن تا هەموو بڕیارێك لە بەغدا بدرێت یا كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی پێشمەرگەش بەم هێزەوە نەمێنێت لەگەڵ چەندین بابەتی تر, هەندێك لایەنی شیعە بە ئاشكرا دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام هەر گورانكارییەك بكرێت بەرپرسە عێراقییەكان جێگای متمانە نین جێگای مەترسییە, رەفتاری حەكیمانەی هەرێمی كوردستان بەتایبەت سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە بەتایبەت پشتگیری كردنی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی كوردستان و عێراق بەرەو ئاقارێكی باشتر ببەن".

زۆرترین بینراو