ساڵێك بەسەر پۆستی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم تێدەپەڕێت

ساڵێك بەسەر پۆستی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم تێدەپەڕێت

موڕشید برادۆستی – سۆران: یەك ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن نێچیرڤان بارزانییەوە، چین و توێژەكانی كوردستان لەبارەی شێوازی كاركردن و بەكارهێنانی ئەو پۆستە بۆچوونی خۆیان دەخەنەڕوو .
رۆژی 10 – 6 – 2019، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی كوردستان و جێگری پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك دووەم سەرۆكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەست بەكار بوو، زاری كرمانجی لە راپۆرتێكدا بۆچوونی خەڵكی لەسەر كەسایەتی نێچیرڤان بارزانی و گرنگی بوونی بە سەرۆكی هەرێم دەخاتەڕوو ..
لەو بارەیەوە، د. هاوار نێروەی مامۆستا لە زانكۆی دهۆك بە زاری كرمانجی گووت" سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پۆستی سەرۆك پۆستێكی سیایدیە و یەكێكە لە پۆستە هەرە گرنگەكانی حكومداری هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كەسێكی سەركەوتووە و لەگەڵ هەموو بار و دۆخێك دەتوانێ خۆی بگونجێنێت، سەردەمی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرێمی كوردستان و عێراقیش لە قەیراندایە، بەڵام كەسانێك كە سەركردەی سیاسیی سەركەوتووبن دەتوانن خۆیان و ملەتەكەیان لە هەموو كات و ساتێكدا لە قەیران دەرباز بكەن".
زیاتر گووتی" نێچیرڤان بارزانی توانیوەتی پەیوەندی قوول لەگەڵ سەركردەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریكا درووست بكات، ئەمەش دەبێتە لۆبیەكی بەهێز بۆ كارەكانی سەرۆكی هەرێم و خودی خۆی، چارەسەر كردنی كێشە ناوخۆیەكان و نزیك كردنەوەی لایەنە سیاسیەكان لە یەكتری، چونكە مەرجی دەستكەوتنی سیاسەتی دەرەوە، راگرتنی باڵانس و پەیوەندی خوڕتە لە نێوان لایەنە سیاسیەكان، خۆشبەختانە نێچیرڤان بارزانی رۆڵی كاریگەری هەبووە و تاڕادەیەكی باش توانیوەتی ئەو باڵانسە رابگرێت، سیاسیەتی سەروەری لایەنەكان لە دەستی خۆیاندا بیچت و دەستی دەرەكی لە نێودا نەبێت، ئەوا بێگومان زۆر بە ئاسانی دەتوانێ كێشە نێو خۆیەكان لە ماوەیەكی زوودا چارەسەر بكات".
نێروەیی، گووتیشی" دوو میكانزمی زۆر گرنگ هەیە پێویستە سەرۆك نێچیرڤان وەك سەرۆكی هەرێم ئەنجامی بدات، ئەوانیش كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە پێویستە هەمیشە لە یەكتر نزیكیان بكاتەوە لە ژێر یەك چەتر و ئامادەییان تێدابێت بۆ گەنگەشەی كێشەكانی نێوانیان، خۆشبەختانە بارزانی ئەم هونەرەی تێدایە، چونكە ئەگەر لایەنە سیاسیەكان تەبا نەبن لەگەڵ یەكتر، ئەوا كوردستان بە لاوازی دەردەكەوێت و پرسەكانی تر ئاڵۆزتر دەبن، هەروەها درووست كردنی پەیوەندیەكی پتەو لەگەڵ حكومەتی عێراق، تاكو بتوانرێ هەموو مافەكانی هاووڵاتییان و خەلكی كوردستان دابین بكرێت و چارەسەری سەرجەم كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقیش بكرێن".
تەها ناوەندی چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی" نێچیرڤان بارزانی خاوەن كەسایەتی و دیبلۆماسێكی سەركەوتووی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەر لە دەست بەكار بوونی وەك سەرۆكی هەرێم، ساڵی 2014 كە ئەوكات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بوو، هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی فرەلایەن بوو كە پێشتر ئەزموون نەكرابوو، شەڕی داعش و، بڕینی موچەی فەرمانبەران لایەن بەغدا دوو تەجروبەی تاڵی سەردەمی كابینەكەی بوو، من پێم وایە زۆر بە شێوەیەكی حەكیمانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەكە كرد و، پشوو درێژی و پەیوەندی دیبلۆماسی بەڕێزیان لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەكە و هاوپەیمانانی دژی داعش توانرا هەرێمی كوردستان بپارێزێت لەمەترسی ئەمنی، جگە لەوەش زۆر بە ووردی كاری كرد تاكو لەڕووی داراییەوە واقیعانە لەبەرژەوەندی خەڵك كار بكرێت و بەشێكی گەورەی ئەو قۆناغە سەختەی كە ئێستاش تێێدا دەگوزەرێین لە ئەستۆی جەنابیان تێپەڕی".
ناوەندی دەڵێ" نێچیرڤان بارزانی سیاسیەكی سەركەوتووە، چونكە ئەگەر سەیری مێژوو بكەین بەڕوونی ڕۆڵ و كارێزمایەكی لێهاتوو و ئەندازیاری ئاشتی و مامەڵەی درووستی بۆ سیاسەت لەدنیای دەرەوەی دیارە، ئارامكەرەوەی دەیان گرژی نێوخۆیی و هەرێمی بووە كە بۆ كوردستان وەكو پیلان سەیركراون، بۆیە بەڕای من دیاریكردنی ساڵێك وەك لەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی بەڕێزیان بێ ویژدانیە بەرامبەر لۆژیك و تێڕوانینی بەڕێزیان، جەنابیان هەمیشە وەك ئەستێرەیەكی گەشاوەبووە لە ئاسمان و سیمای سیاسی كوردستان، وێرای ئەوەی بەپێی رۆڵ و قورسایی خۆی زۆر جار پشووفراوانیشی بە هەڵوێستەكانی حیزبەكەی بەخشیوە و هەمیشە لە كێشەكان چ لەگەڵ بەغدا یان دروستبوونی گرفتێك لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەكە هەمووان سەیریان كردووە كە كاك نێچیرڤان ڕۆڵ بگێڕێ چونكە وەك ڕابەرێكی لێهاتوو لە مامەڵەكردنی سیاسی و پشوو فراوانی، بە ئەركی ئەویان زانیووە كە ڕۆڵی خۆی لە چارەسەركردنی كێشەكان..
محیەدین بادلی نوسەر لە سۆران بە زاری كرمانجی گووت" نێچیرڤان بارزانی، كەسایەتیێكی ئیداری و سیاسی و كارێزما و هەڵكەوتووی بزاڤی رزگایخوازی گەڵەكەمانە، لە ماوەی ساڵێك لە گرتنە ئەستۆی پایەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كەسێكی سەركەوتوو بووەو توانیوویەتی مومارەسەیەكی جوانی پیادەكردنی دیموكراسی و پێكەوەژیان بكات، هەمیشە لایەنگری یەكڕیزی و ئاشتەوای نێوەخۆی وڵات بووە، هەوڵیداوە تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەژێر چەتری برایەتی و پێكەوەكاركردن كۆبكاتەوە، هەردەم پاڵپشتێكی گەورە و كاریگەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووەو پاڵنەرێكی بەهێز بووە بۆ سەرخستنی ئەدای حكومەت و خزمەتكردنی هاوڵاتییان".
لە بارەی لەلایەنی دەرەوشدا، بادلی گووتی" بارزانی ڕۆلی كاریگەر و بایەخداری هەبووە لە پاراستنی پەیوەندی و دۆستایەتییەكانی گەڵەكەمان لەگەڵ حكومەتی مەركەزی و وڵاتانی هەرێمی و جیهانی، ئەو هەردەم بە هۆی هەڵكەوتوویی و شارەزای و متمانەداری خۆیەوە، توانیوویەتی باڵانسی كورد لە ناوچەكەدا بە بەرزی و پتەوی بهێڵێتەوەو دۆستایەتییەكان بەهێزتر و ڕەونەقدارتر بكات، دەتوانم بڵێم سەرۆك نێچیروان بارزانی، سەركردەیەكە، لە ناوخۆ نەرم و هێمن و خاوەنی گیانێكی پڕلە ئاشتەوایی، لە دەرەوەش خاوەن سەنگ و بەهێز و ڕێزلێگیراو.بەڕێزیان جێگای ئومێدی گەڵەكەمانە كە هاوشان لەگەڵ سەرۆكی حكومەت، كوردستان لەو تەنگەژەو قەیرانانە دەربازبكەن".
لەیلا عەبدولجەبار ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت" نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و كەسایەتی كاریزمای سیاسەت و دیبلۆماسی بەئەندازیاری ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دادەنرێت، دیبلۆماسیەتی سەركەوتووی سەرۆكی هەرێم بووە هەوێنی كۆكردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان و عێراقیەكان، ئەو بەئەندازیاری كرانەوەو شكاندنی گەمارۆی ئابووری و دژایەتیكردنی قەوارەی كوردستان دادەنرێت ، دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر سەرۆكایەتی هەرێمیدا لەماوەی رابردوودا توانی كورد و كوردستانیەكان پێگەی سیاسی و ئابوورییان لەمەحافیلە نێودەوڵەتییەكان بۆ بگەڕێنێتەوە گەشتە سەركەوتووەكانی داڤۆس و پەیوەندییە بەهێزەكانی لەگەڵ دنیای دەرەوە شاهیدی ئەو راستی یەن هەركاتێك ئەم سەركردەیە جوڵەی كرد گۆڕانكاریی لەواقیعی ئابوووری و سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا روودەدات، لەپشت ئەم سەركەوتنەدا پاڵپشتی مەرجەعی كورد بارزانی هەیە كە هاندەرو پاڵپشتی سەركەوتنەكانێتی.
لەیلا دووپاتی كردەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەلماندویەتی توانایەكی باشی حوكمڕانی هەیە و بەراستی دەوڵەتمەدارە و پارێزەر و ئارامی و سەقامگیریی یە لەكوردستان، هەموومان رۆڵی جوامێرانەو گەورەی ئەم سەركردەیەمان لەبیرە لە رۆژە سەخت و ناهەموارەكاندا كە شەڕی داعش و بڕینی بودجەو گەمارۆو دابەزینی بەهای نرخ و دەیان قەیرانی دیكە رووی لەم هەرێمە كردوو ئاسمان و زەوییان لەسەر داخستین بەڵام گەشتە دیبلۆماسی و سەركەوتنەكانی وایكرد دەرگا داخراوەكان بەسەر هەرێمی كوردستان و گەلەكەیدا بكرێتەوە ..
گووتیشی" كەسایەتی گەورەی نێچیرڤان بارزانی لە بوارەكانی سیاسی و پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسیەكاندا لەناوخۆی هەرێم و دەرەوەی وڵات وایكردووە پاڵنەری سەركەوتنەكانی بێت، لەم سەردەمەدا كە جیهان رووبەرووی دوو كێشەی گەورە بووەتەوە كە كۆرۆناو قەیرانی ئابوورییە بۆ دەربازبوونمان لەم پەتا جیهانی یە زۆر پێویستمان بەكەسایەتیەكی وەكو نێچیرڤان بارزانی هەیە كە پاڵپشتی حكومەتێك بكات، لەم واقیعە تاڵەی كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری جیهاندا تەنیا كەسایەتی و سەركردەیەك دەتوانێت گەلەكەی بباتە كەناری ئارامی كە ئاشنایەتی بەهەموو بوارەكانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بێت، بارزانی، رۆڵی گرنگیە لە بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و كارو دیبلۆماسیەتی سەرۆكی هەرێم پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ جیهان و ناوچەكەو عێراقدا دەباتە ئاستێكی باڵاتر".
د . مەهدی ستوونی مامۆستای بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران بە زاری كرمانجی گووت" كەسایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لەو رێوڕەسمە گەورەیەدا كە رێكخرابوو بۆ سوێند خواردنی دەركەوت، كە هەندێك سیاسەتمەدارانی عێراق وەسفیان كردبوو كە عێراق ئەوەندە ساڵە نەیتوانیوە مەراسیمێكی بەو شێوە بۆ سەركردەیەكی رێكبخات، لەماوەی ئەو ساڵەدا نێجیرڤان توانی زۆر شت بكات و لەسەر ئاستی نێوخۆی توانیوەتی هەموو لایەنەكان لە سەر یەك مێز كۆبكاتەوە ئەمەش هەنگاوی باشی ناوە، هەر بەهۆی یەك رێزی كورد بوو لە بەغدا كە دەنگیان نەدا بە دەركردنی هێزی ئەمریكا لە عێراق، لە هەمان كات توانی بەیەك دەنگ پشتگیری سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات و دەنگدان بە كاندیدانی كورد لە بەغدا لە كابینەی كازمی".
بە گووتەی ئەو مامۆستای زانكۆ، خەلكی كوردستان چاوەڕوانی زیاتر لە نێچیرڤان بارزانی دەكەن، بە بۆچوونی من پێویستە سەرۆكی هەرێم هەوڵی جددی بدات بۆ یەكخستنی ناو ماڵی كوردی و كوتای هێنان بەو گرژیانەی كە لەو دوای درووست بوونە بەتایبەتیش لە نیوان پارتی و یەكێتی، پێویستە قەناعەت بە پارتی بێنیت تاكو مامەڵە لە گەل هاوسەرۆكی نوێی یەكێتی بكات ئەگەر نا كوردستان بەرەو ئاقارێكی نەدیار دەچێت".
هیوا ئەحمەد بەرپرسی لقی 24ی سەفین بە زاری كرمانجی گووت" بۆ ئەو پۆستەی ئێستای نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، تا ئێَستا بەرپرسیارانە توانیویەتی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەدەوری سەرۆكایەتی هەرێم كۆبكاتەوە، ڕۆڵی جەنابیان بەرجەستە و دیارە بۆ هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوە فەرمیەكانی هەرێم لە نێوان یەكتر، بۆ كاری پێكەوەیی.. جگە لەوەش بەڕێزیان تا ڕاددەیەكی زۆر متمانەی خەڵكی لایەنەكانی هەیە، لەسەر ئاستی جڤاكیش بەردەوام پشتیوانی گەنج و لاوان و ئافرەتان و پیاوانی ئاینی و پێكهاتە ئاینی و ئیتنیكی و دیالێكتە لێك جیاوازەكان بووە. لەڕووی دیپلۆماسیش هەمیشە لە قەیرانەكاندا شوێن پەنجەی بۆ چاككردن دیاربووە".
زیاتر گووتی" هەرچەند لەوەتەی ئەو بووەتە سەرۆكی هەرێم ڕەوشەكان لە زۆر ڕووەوە ئاڵۆز و نا هاوسەنگن، قەیرانی( سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، تەندروستی ) سەرەڕای ئەوانە ئەزمەی متمانەبوون كە بەداخەوە بەشێك لەو ئەزمە متمانەییانە وەهمین و گەورەكراون، یان ئەنجامی لێك تێنەگەیشتنن، بەربەستیان دروستكردووە. بەڵام چونكە چارەنوسی هەموومان هەریەكە و جەنابیشیان وەك سەرۆكی هەرێم كە باڵاترین پۆستی هەرێمە و خۆیشی كەسێكی زۆر جدیە، چاوەڕوان دەكرێ ڕۆژێكی نزیك دابێ و بە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانی هەموو لایەك دۆخە ساردەكان گەرم ببن و چاك ببنەوە".
هیوا ئەحمەد روونی دەكاتەوە، وەك وتمان هەندێ ڕەوش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هاوكار نەبوون بۆ هەڵسوڕانی كاروبارەكان وەك ئەوەی خۆی، یان قۆناغەكە پێویستی پێ بوون. لێ دڵنیام ئەو سەركردە مەزنە دەزانێ چۆن لەگەڵ هەستیاری ڕەوشە فرە ڕەهەندەكانا مامەڵەبكات، چونكە بەرژەوەندی باڵای وڵات هەمیشە لە پلەی یەكەمدا دێڵێتەوە و كاری بۆ دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا پێویست بەوە دەكات زیاتر لە ئێستا هەموان وەك یەك تیم هاوكاری (سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەڕلەمان)بن، بۆ ئەوەی فریای كاری پێویستی خۆیان بكەون و نەخرێنە ناو بۆڕبۆڕێنی مزایەدەی سیاسی ناپێویست".
نێچیرڤان بارزانی لە 21ی ئەیلوولی ساڵی 1966 لە گوندی بارزان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە دایك بووە، كەسایەتیی سیاسیی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستانە. نێچیرڤان بارزانی كوڕی ئیدریس بارزانی و نەوەی مەلا مستەفا بارزانییە و هاوسەری نەبیلە بارزانییە و خاوەنی سێ كوڕ و دوو كچە . و زمانی كوردی و فارسی و ئینگلیزی بەڕێزیان پاراوە و زمانی عەرەبیشی باشە.
لەساڵی 1996، نێچیرڤان بارزانی بە جێگری سەرۆك وەزیران دەستنیشانكرا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە دوا بە دوای هەلبژاردنی گشتی لە هەرێم لە ساڵی 1992 دامەزرێندرا. لە ساڵی 1999 بە سەرۆك وەزیران دەستنیشانكرا. نێچیرڤان بارزانی، كە ڕابەرایەتی كابینەی پێنجەم لە ماوەی نێوان 2006 تا 2009 و كابینەی حەوتەم لە 2012 تا 2014ی كرد لە دوای 2014 ەشەوە تا ساڵی 2019 رابەرایەتی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و ماوەی یەك ساڵیشە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بە دەستەوەیە.

زۆرترین بینراو