سه‌یید عه‌ممار و ماڵه‌كانی كورد!

ئاریان فه‌ره‌ج
شێوازی سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی سه‌ید عه‌ممار حه‌كیم بۆ كوردستان، جێی سه‌رنج بوو، په‌یامی هه‌ستیار و ده‌لالاتی جددی لێده‌خوێنرێته‌وه.
سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه گه‌رچی بۆ یادكردنه‌وه‌ی شه‌هیدی میحراب ته‌شریفی هێنابوو، به‌ڵام له‌م ته‌وقیتی سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌دا و به هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی رێكخستنی بۆنه‌كه‌دا، زۆر شتی گووت.
سه‌یید رووی نه‌كرده ماڵی كورد، رووی كرده ماڵه‌كانی كورد!
ئه‌و بۆ یه‌ك بۆنه، دوو مه‌راسیمی سازدا، یه‌ك له سلێمانی و یه‌ك له هه‌ولێر! دوو ووتاری جیای به دوو ناوه‌رۆكی جیاواز خوێنده‌وه، یهكێكیانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر گونجاند و ئه‌وی دیكه‌یان له‌گه‌ڵ سلێمانی! وه‌ك ئه‌وه‌ی له دوو جوگرافیای سیاسیی جیا و دوو ده‌سه‌ڵاتی جیا و دووقهوارهی جیا و دوو مێژووی جیا و بۆ دوو گه‌لی جیا بدوێ!.
ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی سه‌یید، گوزارشت بوو له‌و وێنا نوێیه‌ی له زهنی هه‌ر ئه‌و نا، به‌ڵكو له زهنی زۆرێك له نوخبه‌ی سیاسیی عێراقدا ده‌رباره‌ی كوردستان دروست بووه و پییانوایه ئه‌وان چیتر له‌گه‌ل هه‌رێمێكی خاوه‌ن یهكبهرژهوهندی له مامه‌ڵه‌دا نین و ئیتر به جددی و وه‌ك فاكت و مۆرك، نه‌ك وه‌ك ناكۆكیه‌كی لاوه‌كی، ده‌ڕواننه ترازان و دابه‌شبوونی سیاسی نێوخۆیی كوردستان و حساباتی ئینتخابی و غه‌یره ئینتخابیی خۆیانی له‌سه‌ر داده‌ڕیژن. وێنایه‌ك خۆمان خوڵقاندومانه و، ئاسایی و چاوه‌ڕوانكراوه نه‌ك هه‌ر به دڵی ئه‌وان بێت، به‌ڵكو كار بۆ تۆخكردنهوهشی بكه‌ن.
ده‌لالاتی پشتی ئه‌م به دووكه‌رت بینینه‌ی كوردستان، لای په‌رۆشانی ئێستا و ئایندهی میله‌ته‌كه‌مان، جیا له ئه‌سه‌ف و نائومێدییه‌كی گه‌وره، هیچ هه‌ستێكی دیكه ناوروژینێ، به‌ڵام بریا ئه‌م هه‌سته تاڵه هه‌موو شتێك بوایه. مه‌ترسیی جددی ئه‌وه‌یه، نوخبه‌ی سیاسیی عێراق قه‌ناعه‌تیان وابێ دابه‌شبوونی سیاسیی له هه‌رێمدا به ئاستێك قوڵه، ده‌بێ بكرێته بنه‌ما له پێكھێنانی هاوپه‌یمانییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو و رهنگڕیژكردنی عێراقی دوای هه‌ڵبژاردنیشدا، كه به‌داخه‌وه ئاماژه‌ی له‌و جۆره قه‌ناعه‌ته و گرهولهسهركردنی، نه‌ك هه‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی حه‌كیم، به‌لكو له كۆی كێشمه‌كێشی ساڵی رابردووی به‌غدا و هه‌رێمدا، به روونی ده‌خوێندرێته‌وه.
پێده‌چێ، به قه‌ناعه‌تی ئه‌وان، پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی كوردستانی بۆ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن به یه‌كگرتوویی و به ناسنامه‌ی كوردستانی، بووبێته به‌شێك له رابردوو، بۆیه‌ش بژارده و ئه‌گه‌ری نزیك، داخڵبوونی كورده بۆ ناو هاوپه‌یمانییه‌كانی عێراق. ئه‌وه‌ش ئههوهنه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری زۆر خراپ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانییه‌كی عێراقی نه‌توانێ پارتی و یه‌كێتی له‌نێوخۆیدا كۆبكاته‌وه، ئه‌و دوو هێزه سه‌ره‌كییه‌ی كوردستان رووبكه‌نه دوو هاوپه‌یمانیی عێراقی جیا، حزبه‌كانی دیكه‌ش ببنه به‌شێك له‌م دابه‌شبوونه.
گه‌ر ئه‌وه رووبدات، گومان له‌وه‌دا نییه كه ناوهندایهتییهك به ناوی نوێنه‌رایه‌تی و خاوه‌ندارێتی دۆزی میلله‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی و مافی هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌ندازه‌ی نه‌مان، كاڵده‌بێته‌وه. هه‌ر لایه‌نێكی كوردی كه جاران به‌شێك بوو له نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی كوردستانی، ده‌بێته ده‌نگێكی نزم له هاوپه‌یمانی وئهجیندایهكی عێراقیدا. چیتر به ناوی ( كوردستان و پێكهاته‌ی كوردی و كوردستانییه‌وه) نوێنه‌رایه‌تییه‌كی یه‌كگرتووی ده‌نگ زوڵاڵ له هاوكێشه‌ی عێراقدا نامێنێ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وكات دۆز و قه‌زیه‌ی مه‌ركه‌زیی میلله‌تی ئێمه مه‌علوم نییه چی لی دێت!.
جاران كورد له به‌غدا، به خاوه‌ندارێتی قه‌زیه‌كه‌ی سه‌نگی هه‌بوو، ئیتر ئه‌و سه‌نگه به ژماره‌ی كورسی و ده‌نگ و هی هه‌ر حیزبه‌ش به جیا ده‌پێورێ و ده‌نگ و كورسیی كوردیش مه‌علومه چه‌نده، چ جای دابه‌شی ئه‌حزاب و ئه‌حزابیش دابه‌شی هاوپه‌یمانییه‌كانی عێراق بن !.
ئه‌گه‌ری سه‌یرتریش ئه‌وه‌یه، دابه‌شبوونی كورد به‌سه‌ر هاوپه‌یمانیی جیاجیادا، به پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانییه‌ك و سه‌رنه‌كه‌وتنی یه‌كێكی دیكه‌یان، ره‌نگه هێزه‌كانی كورد به‌سه‌ر حكومه‌ت و ئۆپۆزسیۆندا دابه‌ش بكات، واتا پارتی یان یه‌كێتی دوور نییه یه‌كیان له حكومه‌ت بێ و یه‌كیان له ئۆپۆزسیۆن، حیزبه كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش به‌سه‌ر هه‌مان پۆلێندا دابه‌شبن. پرسیار ئه‌وه‌یه: له هاتنه‌ئارای ئه‌گه‌رێكی له‌و جۆره‌دا، داخوا ئیستحقاق و ماف و به‌ركه‌وتی كورد به‌و بهركهوتهشهوه كه له پۆست و پێگه سیادییه‌كاندا، هه‌یه‌تی، چی لیدێ و چه‌ندی ده‌مێنێ و به‌ر كێ ده‌كه‌وێ.
به كورتی: گه‌ر كورد به په‌رته‌وازه‌یی داخڵی ریزبه‌ندییه‌كانی هه‌ڵبژاردن بێت، مامه‌ڵه له‌گه‌ل كورد به بنه‌وانه‌وه ده‌گوڕدرێت و له(مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌ل و دۆز)ێكه‌وه ده‌گۆڕدرێت بۆ (مامه‌ڵه له‌ته‌ك ژماره‌یه‌ك لایه‌نی كوردی له چوارچێوه‌ی چه‌ند هاوپه‌یمانییه‌كی عێراقیدا). ئه‌وكات پێناسه بۆ دۆزی كورد و مافه‌كانی، ئه‌و پێناسانه ده‌بن كه ئه‌و هاوپه‌یمانییانه هه‌یانه بۆ دۆزی كورد، نه‌ك ئه‌وه‌ی كورد جاران بۆ دۆزه‌كه‌ی خۆی هه‌یبوو!.
بۆ به‌رگرتن له‌م ئه‌گه‌ره ترسناكه، چاره‌سه‌ر و ده‌ره‌تان ته‌نها كۆتاییهێنانه به‌م دابه‌شبوونه كوردكوژه و تا كات به بەریەوە ماوه هه‌موان له ژێر چه‌تری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا كۆببنه‌وه. ئه‌وكات كورد هه‌ر بژارده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بگرێته‌به‌ر، گه‌ر به یه‌كگرتوویی بێت نه‌ك به په‌رته‌وازه‌یی، باسێكی دیكه‌یه.