سوهەیل تاهیر عەبدوڵڵا قسە لەسەر رەوشی خوێندنی ئەمساڵی كوردستان دەكات

سوهەیل تاهیر عەبدوڵڵا قسە لەسەر رەوشی خوێندنی ئەمساڵی كوردستان دەكات

سوهەیل تاهیر عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی كارگێری لە یەكەی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەی هەولێر قۆناغی بنەڕەتی لەدیمانەێكی تایبەت بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، قسە لەسەر دواین بڕیارو راسپاردەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەسەر خوێندنی ئەمساڵی (2019-2020)، ئەم سەرپەرشتیارە لەگەڵ ئەوەی خاوەنی ئەزموونە لەبواری پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن و لەرێگەی نووسینەكانیشیەوە بەردەوام قسەی هەیە لەسەر رەوشی پەروەردە، ناوبراو لەم دیمانەیەدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
دیمانە: محەممەد مەحموود- زاری كرمانجی
*پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن چۆن هەڵدەسنگێنی؟
- بۆوەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە لە ئێستادا بتوانیین پرۆسەی ئەمساڵی خوێندن هەڵبەسەنگێنیین ، لەبەر دووهۆكاری سەرەكی.
یەكەم: ماوەی زیاتر لە وەرزێكی خوێندن لە كوردستان و تەواوی جیهان بەهۆی پەتای كۆڤید 19 كۆرۆنا پەكی كەوت.
دووەم : تا ئێستا پرۆسەكە بەردەوامە و ساڵی خوێندن بە كۆتا نەهاتییە و خولی دووەمی پۆلە ناكۆتاكان و ئەزموونی گشتی پۆلی 12 ماون ئەنجام نەدراون و دیار نییە كە كەی و چۆن ئەنجام دەدرێت بۆیە ، لە ئێستادا ناتوانیین ساڵی خوێندن بە شێوەیەكی ئەكادیمیانە هەڵبسەنگێنیین . بەڵام دەتوانیین هەر ئەوەندە بڵێین كە پلانەكان بۆ ئەو قۆناغە مەترسیدارە لە شوێنی خۆی بوون بۆ تێپەڕاندنی ساڵی خوێندن .
*بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردەت پێ چۆن بوون ؟
-بەراستی بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە بە باشی هەڵدەسەنگێنم ، چونكە رەچاوی تەواوی لایەنەكانی پەروەردەیی و دەروونی قوتابیانی كردووە ، پلانەكانیش وەك ئاشكرا بوون بۆ ئەو مەترسییە پۆلێن كرابوون بۆ a , b , c , d واتا بۆ هەر ئەگەرێك پلانێكی جێگرەوە دارێژرابوو ، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە ، كە خۆت بۆ هەر ئەگەرێك ئامادە بكەیت.
*قوتابییان بەو بڕیارانە زەرەرمەندنەبوون؟
- تا رادەیەكی كەم ، بمانەوێت یان نا ، بارودۆخ هەیە ناتوانی بە ئاسانی لێی دەربچیت ، ئەو پەتایەش مەترسییەكی زۆری درووستكرد ، ئێستاش ئەو مەترسییە بەردەوامە و وڵاتانی دەورووبەریش دیارن بە هۆی ئەو پەتایەوە لە چ بارودۆخێكی سەختی تەندروستیین . بۆیە ئێمە تا رادەیەكی زۆر باشترین، لە زیانەكانی ئەو پەتایە تا ئەمڕۆ ، بەڵام لە رووی خوێندنەوە قوتابییان تا رادەیەك زیانیان پێ كەوت ، بەڵام وەزارەتی پەروەردە قەرەبووی قوتابییانی كردەوە لە رووی لابردنی دڵە راوكێ و ناڕەحەتی و رەچاوی باری دەروونی و خێزانی قوتابییانی كرد، كەواتە زیانەكان رێژەیەكی زۆر كەم بوو.
*بەشێك پێیان وابوو بڕیاری دەرچوون و ئەنجام نەدانی تاقیكردنەوەكان لەبەر ژەوەندی قوتابییان نەبوو؟
- تەنها بۆ بازنەی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتی دەرچوون بە گشتی پەیڕەو كرا ، ئەوانەی دیكە تەنها رێنمایی دەركران بەوەی وەرزی یەكەم بكرێتە بنەمای دەرچوون بە هاوكارییەكی كەمەوە ، من وای نابینم بڕیارەكان تا رادەیەكی زۆر لە بەرژەوەندی قوتابییان دا بوو .
*بڕیارێكی درووست بوو كاتێك وەزارەتی پەروەردە كۆتایی بەپڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ هێنا؟
- عەرەب گوتەنی (( للچرورە احكام )) واتا هەندێك پێشهات هەن وا دەكەن تۆ بڕیار بدەیت و چاوەڕوان نەبیت ، چونكە كات لە بەرژەوەندی تۆ نییە ، ئەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردەش بە پێی پلان بوو من بە دروستی دەزانم ، هەر چەند بیریشم لێ كردەوە كە لەوە باشتر بەدیل چییە؟؟ بەڵام بەدیلێكم نەدۆزییەوە ، ئەوە بۆچوونی تایبەتی خۆمە .
*دەكرێت خوێندن بەئەنجامی وەرزێك و خوێندنی بەشێكی كەم لەوەرزی دووەم كۆتایی پێ بهێندرێت؟
- لە بارودۆخێكی نەخوازراو بەڵێ، ئایە هەموو ساڵێك وا كراوە ؟؟ نەخێر ، كەواتە هۆكارێك هەبووە كە بەو ئاراستەیە بیر بكرێتەوە، گرنگ ئەوەیە لە كاتی بوونی كێشەیەكی نەخوازراو بتوانی ژیرانە و بوێرانە مامەڵە بكەیت، ئەوەی من بینیم وابوو.
*خوێندنی ئۆنلاین و قوتابخانەی ئەلیكترۆنی سوودی بەقوتابییان گەیاند؟
- خوێندنی ئۆنلاین پرۆسەیەكی فێركاری گرنگ بوو، بەڵام پرۆسەیەكی نوێ بوو بۆ ئێمە، بۆیە مامەڵەكردن لە گەڵی وەكو پێویست نەبوو، بۆیە وەزارەت بە نائیلزامی پەیڕەوی كرد نەك ئیلزامی . قوتابییان تا رادەیەك و بەڕێژەیەكی كەم سوودیان لێ بینی ، بەڵام ئەو پرۆسەیە بە رای من بۆ ساڵانی داهاتوو زۆر سوودبەخش دەبێت و پاڵپشتییەكی گەورە دەبێت بۆ پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانەكان .
*وەك سەرپەرشتیارێك و شارەزاێكی بواری پەروەردە لەكوردستان هیچ كات وەك ئەمساڵ خوێندن ئاوای بەسەرهاتووە؟
- وەك باسم كرد حاڵەتێكی نەخوازراوە ، پەتایەك بوونی هەیە ، مەترسی بڵاوبوونەوەی زۆرە و تا ئێستاش ئەو مەترسییە هەموومانی سەرقاڵ كردووە ، گومان لەوە دانییە كە پرۆسەی خوێندن وەكو ساڵانی پێشوو نەبوو، بەڵام بە هەوڵ و كۆشش و بیركردنەوەیەكی ژیرانە توانرا تا رادەیەك بە سەلامەتی تێیپەڕێنین ، ئەوە لای من گرنگتر بوو كە چۆن پرۆسەكە رزگار بكەین ، چونكە مەترسییەكە زۆر گەورەترە لەوەی هەستی پێ دەكەین.
*قوتابییانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بۆساڵی نوێی خوێندن گرفتیان نابێت بەو پێییەی بەشێك لە پیتەكانیان نەخوێندوە؟
- بەپێی ئەو پلانەی دانراوە ، ساڵی داهاتوو لە مانگی یەكەمدا قەرەبووی ئەو مەسەلەیە دەكرێتەوە نەك بۆ پۆلی یەكەم ، بەڵكو بۆ گشت پۆلەكان ، هیوادارین بتوانیین هاوكار بین قوتابی و مامۆستا و كارگێری قوتابخانەكان و سەرپەرشتیاران ، ساڵی ئایندە هەڵمەتێكی باش بكەین بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو بابەتانەی كە نەخوێندراون بەتایبەتی پۆلی یەكەمی بنەرەتی كە بناغەی پرۆسەی فێر بوونە .
*ئەوەی لەوەرزی یەكەم بۆبەشێك لە قوتابخانەكان كرا ،سەبارەت بە هاوڕێی رەخنەرگرو ئەو لیژنەییەی هەڵسەنگاندنی بۆ قوتابخانە كرد، كارو ئەنجامی ئەو لیژنەیە چی بەسەردێت؟
- بەرای من هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان بە رێژەی 70% ئەنجام دران و ئەنجامەكانی هەڵسەنگاندنەكان رەوانەی وەزارەتی پەروەردە كراون ، تەنها مانگی 3 و 4 پرۆسەكە وەستا . ئەوەش لە دەسەڵاتی كەس دانەبوو ، هیوادارین هەر پرۆسەیەك بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە وەستاوە بتوانیین لە نزیكترین دەرفەت قەرەبووی بكەینەوە . كاری سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنە گر تا ئێستاش بەردەوامە لە رێگەی دانانی گروپ لە ماسنجەر بێت یان ڤایبەر بۆ گەیاندنی رێنمایی پەروەردەیی و ئەزموونی .
دەتوانم بڵێم ئەوەی بیەوێت كار بكات دەتوانێ بە هەر شێوازێك پەیامی پەروەردەیی خۆی بگەیەنێت ، ئینجا چ سەرپەرشتیار بێت یان بەرێوەبەر یان مامۆستا .
لەكۆتاییدا چی بەگرنگ دەزانی دەكرێت ئاماژەی بۆبكەی.
-لە كۆتاییدا تەنها ئەوە دەلێم كە پەروەردە پێویستی بە كاری جیدی هەیە پێویستە هەموومان شانی بدەینە بەر ، تەنها و تەنها لە رێگەی پەروەردەوە كۆمەڵگە ئاراستەیەكی ئەرێنی بەخۆوە دەبینیت . لە رێگەی پەروەردەشەوە دەتوانیین پرۆسەی چاكسازی ئەنجام بدەین ، فیكری گەندەڵ و دەروونی گەندەڵ لەناو ببەین.

زۆرترین بینراو