سی و پێنج كەس لە مردن رزگار كران

سی و پێنج كەس لە مردن رزگار كران

زاری كرمانجی-حاجی ئۆمەران: دوو پێشمەرگەی هێزی باڵەك لە فەرماندەی هەڵگورد، بەهۆی غازی سۆپا ژەهراوی دەبن و لەلایەن پێشمەرگەكانەوە لەناو بەفرێكی زۆری ناوچەكە بەمەبەستی چارەسەر دەگەیەندرێنە حاجی ئۆمەران، بەڵام لەناو بەفردا گیر دەخۆن و داوای بەهاناوەچوون دەكەن.
رائید حەمید محەمەد، ئەفسەری بنكەی بەرگری شارستانی كۆمەڵگەی حاجی ئۆمەران لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند" دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە دەستبەجێ تیمەكانمان بە هاوكاری پۆلیس و ئاساییش و تیمی ئۆفڕۆدی چۆمان و تیمی كەرتی چواری سۆران و خەڵكێكی زۆری خۆبەخش بەهانای ئەو پێشمەرگانەوە چووین، بەهۆی ئەوەی بەفرێكی زۆر لەو ناوچەیە باریبوو، رێگاكان زۆر سەخت و دژوار بوون، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان ئەو دوو پێشمەرگەیە نەخۆشە بگەیەنینە نەخۆشخانەی حاجی ئۆمەران و دوای فریاگوزاری سەرەتای گەیاندنمانە نەخۆشخانەی چۆمان و چارەسەری پێویستییان وەرگرت و ئێستا تەندروستییان جێگیرە.
هەر لە هەفتەی رابردوو پێشمەرگەیەكی سەر بەم هێزە لە گرتەڤیدیۆیەكدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگی دایەوە، رایگەیاند كە بەهۆی بەفری زۆر و كڕێوە ژیانیان لە مەترسیدایە و كارەبا و ئاو و نەوتیان نییە، بەڵام بە گووتەی موقەدەم شێرزاد شەریف، بەرپرسی ئەم پێشمەرگانە "راستە ئەم بنكەیەی پێشمەرگەكان كارەبای نیشتمانی نییە، فانۆسمان بۆ دابین كردوون، بەڵام لەڕووی خۆراك و سووتەمەنی و نەوتەوە كێشەیان نییە، ئێمەش وەك هێزی پێشمەرگە هەمیشە سڵ لە سەرما و گەرما و ناخۆشییەكان ناكەینەوە بۆ پاراستنی ئەمنییەت و ئاساییشی هەرێمی كوردستان و پارێزگاریكردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان، ئێستاش ئەو دوو پێشمەرگەیە تەندروستییان باشە و ئێمەش لە ئەركی خۆمان بەردەوامین لەم سنوورە".
هاوكات كاروان میراودەلی، راوێژكاری دادی و ئەفسەری بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند" لەماوەی 40 رۆژی رابردوودا تیمەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان نزیكەی 35 كەسمان لە مردن رزگار كردوون كە بەهۆكاری جیا جیا لەرووداوی جۆراوجۆر گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوونیان كردووە".
گووتیشی" ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە بە مەبەستی گەشت سەردانی ئەو شوێنانەیان كردووەو لە ئەنجامی بەفری زۆر، رێگایان ون كردووەو گیریان خواردووە، دواتر بە هیمەتی تیمەكانی بەرگری شارستانی سۆران توانراوە رزگار بكرێن و بگەیەندرێنە نێو خانەوادەكانیان".

 

زۆرترین بینراو