سەجا عەتا: لە كوردستان بۆ خاوەنداریەتی مافی هیچ بەرهەم كارێك پارێزراوی تەواوەتی نییە

سەجا عەتا: لە كوردستان بۆ خاوەنداریەتی مافی هیچ بەرهەم كارێك پارێزراوی تەواوەتی نییە

دیدار- سوبحان راغب: لە وتووێژێكی تایبەت بە زاری كرمانجی سەجا عەتا, مامۆستای زانكۆ دەڵێت "لە كوردستان كەسی زۆر بەتوانا و بەهێز هەیە لە بواری وێب دیزاین، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە سوود لە بیرۆكە و توانای ئەوان وەرگیرێت ".
دەشڵێت: "ئەگەر بێتوو بكەونە پێشبركێ‌ لەگەڵا وێب دیزاینەرەكانی دەرەوە دەكرێت بڵێین بەئەگەری زۆرەوە لەمان دیارتر دەردەكەون".
سەجا عەتا، ماستەر لە زانستی كۆمپیوتەر و مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین، لەسەرەتای وتووێژەكەیدا لەبارەی زانستی وێب دیزاینەوە گووتی: "وێب دیزاین پرۆسەی دروستكردنی وێب سایتێكە كە چەند ئەسپێكت یا ڕووێك لەخۆی دەگرێت، لەوانە ڕێكخستنی وێب پەیجەكە و چۆنیەتی ڕێكخستنی پەیجەكە، دارشتنی ناوەرۆكی، هەروەها گرافیك دیزاین. هەرچەندە وێب دیزاین و وێب دیفلۆپمێنت لەلایەن زۆر كەسەوە وەكو یەك دەبینرێت و دیاری دەكرێت، بەڵام دوو بەشی جیان و وێب دیزاین بەشێكە لە وێب دیفلۆپمێنت كە تەنها ڕووكاری دەكات".
"گرنگی وێب دیزاین لەوە دایە كە ئێستا پێشوەچوونی تەكنەلۆژیا لە هەموو بوارێكی ژیان دایە, بەتایبەتی وێب دیزاین، بۆ نموونە لە ئێستادا پەیوەندی كردن لە نێو جیهاندا بە ڕێگای سۆسیال میدیاوە ئەنجام دەدرێت وەكوو فەیسبووك و ئنستگرام و توویتەر...، لەهەمانكاتدا ئێستا لە هەر دامو دەزگایەك وێب سایتی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ بەرێوەبردنی كاری جیاوازی دامەزراوەكەو گەورەترین سەرچاوەی زانیاری ئینتەرنێتە. وێڕای ئەوەی لە ئێستادا پێویستی ژیانكردن بەو قۆناغە گەیشتتووە كە كۆی مرۆڤەكان وەك سەرچاوەیەك بۆ پەیداكردنی زانیارییەكانیان دەگەڕێنەوە بۆسەر ئەو وێب سایتانەی كە ڕێگە دەداتە بەكار هێنەرەكان بگەنە جۆرەها كتێب و شێوازەكانی بەردەست خستنی وەكوو پی دی ئێف و هاوشێوەكانی بۆ ڕەخساندوون. هەروەها بۆ ڕیكلامی بازرگانی دەبینین كەوا زۆرینەی بازرگانەكان لەڕێگەی وێب سایتێكەوە ڕیكلام بۆ كاڵاكانیان دەكەن". عەتا بۆ گرنگی وێب دیزاین وای گووت.
لەبارەی ئەو بەرنامانەو زمانانەی لە وێب دیزاین بەكار دەهێنرێن و پێویستی فێرخواز بوون لە بەشی كۆمپیوتەر بۆ ئەوەی بتوانی ببێ‌ بە وێب دیزاینەر زیاتر گووتی: "لە ڕاستیدا دوو جۆرە زمان هەن تایبەت بە دیزاین كردن و پرۆگرامكردنی وێب پەیج.
جۆری یەكەم, پێی دەگوترێت "كڵاینت ساید پرۆگرامینگ لانگویج" كە ڕەن دەبێت لەلایەن براوسەرەوە وەكوو:
(HTML,Css,JavaScript).
جۆری دووەمی پێی دەگوترێت"سێرڤەر ساید پرۆگرامینگ لانگویج"وەكوو:
(Python,Php,Asp.Net).
بۆ دیزاینكردنی وێب سایتێكی بنەڕەتی پێویست ناكات، فێرخوازی بەشی كۆمپیوتەر بێت تەنها لەبارەی (HTML,Css) كە پرۆگرامینگ لانگویچ نین شارەزایی هەبێت، بەڵام بۆ جۆرەكانی تر كە پێی دەگوترێت"داینەمیك وێب سایت"پێویستی بە پرۆگرامینگ لانگویچ دەبێت، بۆیە مەرجە شارەزایی هەبێت لە زانستی كۆمپیوتەر و بابەتە پەیوەند بە وێب دیزاینەوە. ئەگەر چی زۆربەی زاناكانی كۆمپیوتەر پاشخانی جیا لە زانستی كۆمپیوتەریان هەیە, بۆیە هەر كەسێك ئارەزووی هەبێت، ئەگەر فێرخوازی بەشی زانستی كۆمپیوتەریش نەبێت دەتوانێت خۆی فێر بكات".
ئەم مامۆستایەی زانكۆ, بۆ گرنگی پێدان بە وانەی وێب دیزاین لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان و پاراستنی مافی وێب دیزاینەرەكان و كریارانی ئەمەشی گووت: "ناتوانین لەسەر كۆی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم لەڕووی گرنگی پێدان یا پێنەدانەوە گشتاندن بكەین و قسەی لەبارەوە بكەین, بەڵام بەو پێیەی من خۆم لە زانكۆی سەڵاحەددینم ئەوەی كە هەیە گرنگییەكی زۆر بە بابەتەكە دەدرێت و دەتوانم بڵێم (5) تا (7) زمانی جیاواز و تایبەت بە دیزاینكردنی وێب پەیج دەخوێنرێت، لە قۆناغە جیاوازەكانی بەشی كۆمپیوتەر و گرنگی زۆری پێدراوە, بۆنموونە ئەو زمانانەی كە فێردەكرێن (HTML,Css,JavaScript,Php,Asp) و چەند زمانێكی تر.
لەبارەی ئەوەی كە مافی وێب دیزاینەرەكان و كریارانی وێب دیزاین پارێزراوە یا دەپارێزرێ‌, بەداخەوە لە كوردستان بۆ خاوەنداریەتی مافی هیچ بەرهەم كارێك پارێزراوی تەواوەتی نییەو بەپێی پێویست نییە, هەرچەندە نموونەشمان هەن كە وێب دیزاینەرێك بەهۆی فرۆشتنەوەی بەرهەمێكی بە دوو شوێنی جیاواز لەلایەن كریاری یەكەمەوە سكاڵای لەسەر تۆمار كرا و یاسا هەموو مافێكی بۆ كریاری یەكەم گێڕایەوە و وێب دیزاینەرەكەی سزادا و تەنانەت پێ بژاردنیشی پێكرا, بەڵام هێشتا لەئاستی پێویستدا نییە".
سەجا عەتا هەڵگری بروانامەی ماستەر لە زانستی كۆمپیوتەر و مامۆستای زانكۆ لە دووا قسەكانی پرسی توانای وێب دیزاینەرەكانی كوردستانی بە بەراورد بە وێب دیزاینەرەكانی دەرەوە وا خستەڕوو: " لە كورستان كەسی زۆر بەتوانا و بەهێز هەیە، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە سوود لە بیرۆكە و توانای ئەوان وەرگیرێت و ئەگەر بێتوو بكەونە پێشبركێ‌ لەگەڵا وێب دیزاینەرەكانی دەرەوە دەكرێت، بڵێین بەئەگەری زۆرەوە لەمان دیارتر دەردەكەون. خاڵێكی تر كە بەلامەوە گرنگە باس بكرێت, دەتوانرێت سوودێكی زۆر لە پیشەی وێب دیزاین وەربگیرێت وەك سەرچاوەی پەیدا كردنی بژێوی ژیان و دەرفەتی كاری وێب دیزاینەرەكان زۆرە و مووچەیەكیان پێدەدرێت لە ئاستی باشترین مووچەكانی جیهاندایە".

 

زۆرترین بینراو