سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و توركیا كاردانەوەی ئەرێنی بەدوای خۆی هێنا

سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ بەغدا و توركیا كاردانەوەی ئەرێنی بەدوای خۆی هێنا

تایبەت بە زاری كرمانجی: دوای دەست بەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەفتەی رابردوو وەك یەكەمین سەردانی دوای دەست بەكاربوونی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ هەر یەك لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوویەوە، ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم دەنگدانەوەی ناوخۆ و دەرەوەی بە داوای خۆدا هێنا، بەشێك لە چاودێران بە سەردانێكی گرنگی و بایەخداری دەزانن، بەشێكی تریش بە سەردانێكی ئاسایی دەبینن، پێیان وایە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە سەردانێك و چەند سەردان چارەسەر نابن.
مامۆستایەك لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا دەڵێت " سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەردانێكی گرنگە، چونكە دوای روودواوەكانی 16ی ئۆكتوبەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا ئاڵۆزی تێكەوت، بەڵام دواتر لە رێگەی گرتنەبەری سیاسەتێكی نەرمەوە نێچیرڤان بارزانی توانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بگەینێتە قۆناغێكی باش، هەڵبەت ئەم بەرەوپێشچوونەی پەیوەندییەكان دەرئەنجامی باشی هەبوو".
بە بۆچوونی یاسا ناسان سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت، مافپەروەر جەواد ستۆپەیی پێیوایە ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم وەك نیازپاكی دادەنرێت بۆ رێككەوتنێكی تەندروست لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، ئەو زیاتر دەڵێت " سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم لە رووی یاساییەوە گرنگی خۆی دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم كێشەی یاسایین، یەك لە بابەتە هەرە هەنوكەییەكان مەسەلەی سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراقە، ئەگەر یاسای نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربچێت لەوانەیە بەشێكی زۆری دەسەڵاتەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەم بكرێنەوە. جگە لەوەی ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم وەك نیازپاكییەك دادەنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە یاساییەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان".
چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنیش ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم بە هەنگاوێكی ئەرێنی باس دەكەن و پێیانوایە پێویستە بە هزرێكی سیاسی سەردەمیانە كێشەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی چارەسەر بكرێن، هەروەك رۆژگار موحسن، چالاكوانی بواری مەدەنی دەڵێت " هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دەبێت، پێویستی گرنگی بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بدات، چونكە دواجار بەرژەوەندییەكان بە یەكتریان دەبەستێتەوە. دەكرێت گرنتی ناردنی مووچە و بوودجە زیاتر بكرێت. دواجاریش ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەكانی هەردوو لا سوودی دوو لایەنی هەیە".
لە لاپەڕە 2 راپۆڕتێك بخوێنەوە

زۆرترین بینراو