سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران: 122 جۆر میلیشیا لە عێراق هەن

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران: 122 جۆر میلیشیا لە عێراق هەن

رائیب شێروانی- بەغدا: جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" محەمەد تۆفیق عەللاوی، بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت و بتوانێت حكوومەت پێك بهێنێت دەبێت چوار شت بكات. دەشڵێ:" رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هەر وەكو خۆ دەمێنێت، چونكە ئەو نایەوێت ئێستا هیچ كێشەیەك لەگەڵ كورد دروست بكات، بۆیە ئەو كێشەی لەگەڵ كورد نیە، ئەگەر كورد لە نێوان خۆیاندا بۆ خۆیان كێشە دروست نەكەن، یان كێشە بۆ ئەو دروست نەكەن، لەگەڵ ئەوەی دەبێت كورد چەند مەرجێكی هەبێت بۆ بەشداری كردن لە حكوومەتی عەللاوی.
كۆچەر، رایگەیاند:" ئەركی محەمەد تۆفیق عەللاوی، كاندیدی سەرۆكوەزیران زۆر زەحمەتە، چونكە دوو لایەنی دژ بە یەك هەن، دەبێت هەر دوو لا رازی بكات، چەندین كوتلەی شیعە هەن، هەموویان میلیشیایان هەیە كە 122 جۆر میلیشیا هەن، هەموو گەندەڵن، هەر وەزارەتێك هی كۆمەڵێك حزب و لایەنە، لە نێوان خۆیان دابەش كردووە، ئێستا عەللاوی ئەو وەزیرانە رەوانەی ماڵەوە دەكات، هەندێك وەزیری نوێ دادەنێت كە هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بۆیە ئەوە زۆر زەحمەتە چۆن ئەوان لە پەرلەمان دەنگ لەسەر دەدەن، لەلایەكی دیكەوە ئەگەر ئەوان رازی بكات و بتوانێت دڵی ئەوان بكڕێت، بۆ ئەوەی دەنگ بە كابینەكەی بدەن، هەر لەسەر ئەوە خۆپیشاندەران حكوومەتێكیان رووخاندووە، بۆیە كاری ئەو سەرۆكوەزیرانە زۆر زەحمەتە، بەڵام ئەوەش بەو مانایە ناهێت دەبێت هەر ئەو كارە بكات، هەندێك جۆری هێز هەن، ئەگەر ئەو هەواری خۆی بۆ ببات لەوانە شەقام، كە خۆی داوای كردووە خۆپیشاندەران لە شوێنەكانی خۆیان بمێنن، دووەم مەرجعیەت، كە یەكەم سوپاسنامەی ئەو بۆ مەرجعیەت بوو، سێیەم، لە جیاتی ئەوەی پشتگیری لە حەشدی شەعبی بكات، پشتگیری هێزەكانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بە دەست بهێنێت و پشتگیری ئەوان بكات، چوارەم هەندێك پەرلەمانتار هەن كە ژمارەیان 100 پەرلەمانتار دەبن لەگەڵ گەندەڵی و كوشتن و بازگەكانی میلیشیاكان نین لەسەر حكوومەت، بۆیە ئەگەر عەللاوی سوود لەو چوار شتە ببینێت دەتوانێت حكوومەتێك دروست بكات، ئەوانی دیكەش ناچار بكات دەنگ لەسەر ئەو حكوومەتە بدەن.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران روونیشی كردەوە:" كورد بڕیاری خۆی داوە كە بێ بەغدا هیچ هەنگاوێك نەنێت، ئەوەش بەو مانایە دێت كە دەبێت ئێمە لە بەغدا بین، دووەم ئێمە لەگەڵ سەرۆكوەزیران دابنیشین ئیش و ئازاری بەغدا بكەینە ئێش و ئازاری خۆمان، ئێش و ئازاری خۆمانیش بۆ ئەو باس بكەین، هەندێك لە ئێمە قسەیان لەگەڵ كردووە و هەموو ئەو شتانەمان پێ گوتووە، بە دیتنی من ئەو كێشەی لەگەڵ كورد نیە، ئەگەر كورد لە نێوان خۆیاندا بۆ خۆیان كێشە دروست نەكەن، یان كێشە بۆ ئەو دروست نەكەن، كوردیش لەگەڵ بای گۆڕین هەندێك ناوی نوێ پێشكەش بكات، چونكە ئەو ئەوەندە كێشەی لە بەغدا هەنە لەو ماوە كورتە ناتوانێت ئەو كێشانە چارە بكات، چونكە ئەو حكوومەتە، حكوومەتێكی كاتی دەبێت رەنگە 6 مانگ بۆ ساڵێك بێت، بۆیە ناتوانێت دەرگای كورد لە خۆ بكاتەوە و باری خۆ گران بكات.
جەمال كۆچەر، ئەوەشی گوت:" دەبێت كورد چەند مەرجێكی هەبێت بۆ بەشداری كردن لە حكوومەتی عەللاوی، ئێمە سێ شتی سەرەكیمان لە بەغدا دەوێت، یەكەم نەك ئەوەی كە ئێستا لە سووریا رووی دا هەندێك هێز ناوچەی كوردیان داگیر كردووە، بەیانی ئەوە لەلای ئێمە رووبدات، دەبێت حكوومەتی بەغدا لەسەر خەت بێت، دووەم قەوارەی هەرێمی كوردستان كە قەوارەیەكی دەستوورییە دەبێت پارێزراو بێت، دەبێت دەست بۆ ئەوە نەبرێت قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت، سێیەم دەبێت مافی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وەكو فەرمانبەر، كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، مافی پێشمەرگە بدرێت، نەكاتە ململانێی سیاسی لەسەر حسابی هەندێك شتی دیكە، بەڵام ئەوەی گرنگە كورد چۆن دەچێتە بەغدا، وەكو جارەكانی دیكە بە سقەتی نەڕوات، كە هەر حزبەك بۆ خۆ دەچوو و داوای وەزارەت و پۆستی دەكرد، بۆیە لە جیاتی ئەوەی چوار وەزارەت ببەین، سێ وەزارەت درانە كورد، لە جیاتی ئەوەی ئێمە یەكڕیز بین، وەكو كورد مامەڵە لەگەڵ ئێمە بكەن، وەكو لایەن لەگەڵ ئێمە مامەڵەیان دەكرد، ئەوەش بۆ ئەوان باشە و خزمەتی ئەوان دەكات، بۆیە دەبێت یەكڕیز و یەكگرتوو بێت.
جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی دركاند:"بۆ بودجەی 2020 سێ بژاردەمان لە بەردەستە، یان وەكو ئێستا یەك لەسەر دوازدە خەرج دەكرێت، ئەوەش مانای وایە كە عەللاوی ناتوانێت چاكسازی بكات، دووەم یان ئەو بودجەی عادل عەبدولمەهدی ئامادەی كردووە هەمان بودجە بۆ پەرلەمان رەوانە بكات بێ ئەوەی گۆڕانكاری تێدا بكرێت، كە چۆن عەبادی لە كاتی عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆكوەزیران ئامادەی كرد بوو عەبدولمەهدی بەس رەوانەی پەرلەمانی كرد، ئەوەی سێیەم، بڵێت نەخێر من بەرنامەی خۆم هەیە، بەرنامەی حكوومەت پێویستی بە پارە هەیە، بۆیە من دەمەوێت بودجەیەك ئامادە بكەم بەپێی بەرنامەی حكوومەت، لەو كاتەدا گۆڕانكاری لە بودجەدا دەكرێت، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم ئەو دەست بۆ رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ببات، چونكە ئەو نایەوێت ئێستا هیچ كێشەیە لەگەڵ كورد دروست بكات".

زۆرترین بینراو