سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا دەکات

زاری كرمانجی - پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/22 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز مایکل ڕێنتەنار، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق، کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ هۆڵەندا، دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی بیانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕۆڵی هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق، تاوتوێ کران.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان بۆ پشتگیری و هاوکارییەکانی هۆڵەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا، دووپاتی کردەوە کە بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی بیانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاسانکاری و یاسای هاندەر و چاککردنی دۆخی بانکداری پێویستە و لەمبارەیەوە دەبێ هەنگاوی باشتر بهاوێژرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز هانز ئاکەربووم، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەبڕین لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و گرنگیی ڕۆڵی چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردنەکاندا، پرۆسەی چاکسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ڕێکار و هەوڵەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی عێراق و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، خرانە بەر باس.

 

زۆرترین بینراو