سەرۆکی هەرێمی کوردستان: کوردستان پێویستی بە داڕشتنی دەستوورە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان: کوردستان پێویستی بە داڕشتنی دەستوورە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە شەشەمین کۆنگرەی پارێزەرانی کوردستان گوتی، سەروەریی یاسا، دڵنیایی بە هەر تاکێک دەبەخشێت کە ژیان و مافەکانی پارێزراو بێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، وتارێکی پێشکەشکرد لە کۆنگرەی شەشەمینی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و ڕایگەیاند: "هەموارکردنی دەستووری هەمیشەیی ٢٠٠٥ی عێراق ئەگەر هەموارکردنەکە زیان بە سیستەمی فیدرالی لە عێراق بگەیەنێت، هەرێمی کوردستان لەگەڵیدا نییە، دوای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بەشداریکردن لە کۆنگرەکە و پیرۆزباییکردن لە ئەندامانی کۆنگرەکە، باسی لە ڕۆڵی سەندیکای پارێزەران لە بوارە جۆراوجۆرەکان کرد."

سەرۆکی حکوومەت، گوتیشی: "کۆمەڵگەی درووست و پێشکەوتوو، زادەی کلتوورێکی سیاسیی سەردەمییانەیە، دەستوور و یاسایەکی گونجاو لەگەڵ ئەو دەستوورە، چوارچێوەی ماف و ئەرکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دیاری دەکات.

هەروەها باسی لەو یاسایانە کرد کە لە هەرێمی کوردستاندا دەرکراون و ماف و ئازادییە گشتییەکان و مافی ژنان و منداڵان و کۆی ئەندامانی کۆمەڵگە گەرەنتی دەکەن."

بارزانی دەشڵێت: "دەمانەوێ و مەبەستمانە کۆمەڵگەی کوردستان بە درووستترین شێوە ڕێک بخرێت، تاوەکوو کوردستانییان ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان هه‌بێت بە پشتیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بۆ سەربەخۆیی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری دووپاتی دەکەینەوە کە سەروەریی یاسا، دڵنیایی بە هەر تاکێک دەبەخشێت کە ژیان و مافەکانی پارێزراو دەبێت."

نێچیرڤان بارزانی، داوای لە ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کرد، ڕۆڵی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بە یاسا سەردەمییانەکان بگێڕن و گوتیشی، کوردستان پێویستی بە داڕشتنی دەستوورە، ئەوەش یەکێکە لەو ئەرکە نیشتمانییانە، دەستووری شیاو بۆ هەرێمی کوردستان وەک دایکی یاساکان پێویستە، دەستوورێک بێت بۆ خواستی سەردەمییانەی کۆمەڵگە، بۆ پێشکەوتن و کرانەوەی زیاتر. دەستوورێک کە بەها مرۆییەکان چەقی ئامانجی خەڵک بێت."

سەرۆکی هەرێم، گوتیشی، ئەو دەستوورەی بۆ عێراقی نوێ دانرا، بە دەستوورێکی پێشکەوتوو هەژمار دەکرێت بە بەراورد لەگەڵ زۆربەی وڵاتان، بەڵام جێبەجێنەکردنی بەندەکانی، ئێستا بووەتە هۆی باسکردن لە هەموارکردنی دەستوورەکە.

کێشەی سەرەکی لە عێراق دەستوور نییە، بەڵکوو جێبەجێنەکردنی دەستوورەکەیە. بۆیە هەر هەموارێک بکرێت، دەبێت مافی ڕەوای هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە دەستووردا زامن بێت. ڕێگری لە هیچ هەموارێک ناکەین کە لە پێناو باشترکردنی دۆخەکە بێت، بەڵام هەر هەموارێک زیان بە فیدرالی و مافی هەرێمەکان بگەیەنێت و لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێت، لەگەڵی نین و لە دژی خواستەکانی خۆپیشاندەرانیشە."

بارزانی، دووپاتی کردەوە: کێشە و قەیرانەکانی عێراق، کەڵەکەبووی هەڵە و خراپیی بەڕێوەبردنی ساڵانی دوور و درێژی حکوومەتەکانن، هیچ حکوومەتێکیش ناتوانێت لە ساڵێکدا چارەسەریان بکات. بۆیە پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق بە مەبەستی چاکسازی و چارەسەرکردنی کەمووکوڕییەکان دەربڕی."

زۆرترین بینراو