سەفین كانەبی :كۆرۆنا زیانێكی زۆری بە وەرزش گەیاندوە لە كوردستان

سەفین كانەبی :كۆرۆنا زیانێكی زۆری بە وەرزش گەیاندوە لە كوردستان

رەمەزان هەڕنی– زاری كرمانجی: بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نزیكەی دوو مانگە تەواوی چالاكیەكانی وەرزشی لە كوردستان وەستاون، بەڵام دوای ئاسایی بوونەوەی ژیان و نەمانی مەترسی بڕیارە مەشق و راهێنانی تیپەكان و یانەكانی كوردستان دەستپێبكەنەوەو دواتر خولەكانی كوردستان ئەنجام بدرێن.
سەفین كانەبی، سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جیهان و كوردستان تەواوی چالاكیە وەرزشیەكان و بەڕێوەچوونی خولەكان وەستان و كۆڕۆنا زیانێكی زۆری بە وەرزش گەیاند لە كوردستان".
گووتیشی" لە ئێستا دا چاوەڕێی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا دەكەین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕیاری كردنەوەی یاریگەكان بدات, ئەو كات وەك یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەی خۆمان دەكەین و بڕیار لەسەر چارەنووسی چالاكیە وەرزشیەكان دەدەین لە كوردستان, هەرچی باشەو لەبەرژەوەندی تۆپی پێدایە كاری لەسەر دەكەین".
ئەوەشی خستەڕوو" ئەم ماوەیە بەهۆی ئەوەی قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا بوو وە هەموو یاریزانەكان لە ماڵەوە لە كەرەنتین دابوون و كەم یاریزان هەیە مەشقی كردووەو مەشقەكان بەم شێوەیە نین, تەنیا یاریزانەكان لەماڵەوە مەشق و راهێنانیان كردووەو لە سەردەمی كۆرۆنا هیچ مەشقێكی بە كۆمەڵ ئەنجامنەدراوە، دوای ئاسایی بوونەوەی ژیان كردنەوەی دەرگەی یاریگەكان دەكەینەوەو ماوەیەك كات بە راهێنەرەكان دەدەین مەشق و راهێنان بە یانەكان و تیپەكانیان بكەن و دووبارە ئامادەیان بكەنەوە بەهۆی ئەوەی نزیكەی دوو مانگە لە وەرزشی بە كۆمەڵ دابراوان و پێویستیان بە ئامادەكاری هەیە بۆ ئەوەی بتوانین خولەكان بكەینەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد" خولەكانی كوردستان دەستپێدەكەنەوە بەڵام جاری دیارنیە كەی و چۆن, لەبەر ئەوەی ئەوەی پلان و كاتی دەوێت، ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیانی زۆری بە وەرزش گەیاند لەرووی داراییەوە, بۆیە پێویستە دوای كردنەوەی یاریگەكان حكومەت زیاتر یارمەتی بواری وەرزش بدات لە كوردستان, لە رووی دارایی و لۆجستیبەوە".

زۆرترین بینراو