سەفەت كانی بۆتی هونەرمەندی گەورە تووشی جەڵتەی مێشك بووە

سەفەت كانی بۆتی هونەرمەندی گەورە تووشی جەڵتەی مێشك بووە

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : هونەرمەندی گەورە و بەناوبانگی كوردستان و پێشمەرگەی هەردوو شۆرشی ئەیلول و گوڵان شمشاڵژەن سەفەت كانی بۆتی بەهۆی جەڵتەی مێشكەوە دوای ماوەیەك خەواندن لە نەخوشخانە بە تەندروستییەكی باش و جێگیر نەخوشخانەی جێهێشت و گەڕایەوە ماڵەوە.
رێبەر بارزانی كەس و كاری شمشاڵژەن سەفەت كانی بۆتی بە زاری كرمانجی راگەیاند "سەفەت تۆفیق حەجی تەمەن 67 ساڵ، ناسراو بە سەفەت كانی بۆتی شمشاڵژەنی بەناوبانگی كوردستان و دەڤەری بارزانە بەهۆی تووشبوون بە جەڵتەی مێشك ماوەیەك لە نەخوشخانە خەوێنراوە"‌.
گووتیشی"سەفەت كانی بۆتی رۆژی 6 ی تەممووزی ئەمساڵ لە دانیشتنێكدا لە گوندی كانی بۆت لەگەڵ خزم و دۆستانی باسی شۆڕش و پێشمەرگایەتی دەكرد، زۆر دڵتەنگ بوو بە یادگارییە تاڵەكانی شۆڕش و شەهیدبوون و لەدەستدانی چەندین هاوڕێی و خزمی نزیكی، دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی 7ی تەممووز دەست و پێیەكی راستی لە جوڵە كەوت و دكتۆر لە نەخۆشخانەی میرگەسۆر پێیگووت كە تووشی جەڵتەی مێشك بووە، دوای چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەكی شاری هەولێر تەندروستی جێگیرە و گەڕایەوە ماڵەوە".
زیاتر گووتی" لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە شمشاڵ دەژەنێت و ئەوكاتەی شوان بووە و بە تەنیا لە چیاكان بووە حەزی لە هەر ئاوازێك بووایە دەیژەنی و خۆی فێری ژەنینی شمشاڵ دەكرد، دوای ماوەیەك خۆی لە شمشاڵژەنە بەناوبانگەكانی ئەو دەڤەرە نزیككردووەتەوە و گوێی لە ئاوازەكانیان گرتووە لە تەمەنی منداڵی و لە سەرەتای ساڵانی 1960 لەلای شێخ ئەحمەد بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی لە دۆڵی هۆرێ شمشاڵی ژەنیوە، سەفەت كانی بۆتی لەدایكبووی ساڵی 1953ی گوندی كانی بۆتە لە ناوچەی شێروان مەزن لە تەمەنی لاویەتییەوە چووەتە نێو هێزەكانی پێشمەرگە و بەشداری هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی كردووە".
لە كۆتایی دا ئاماژەی بەوەكرد" لە كاتی نەخۆش كەوتنی سەفەت كانی بۆتی هاوكارییەكی پێویستی بۆ نەكرا كە لە ئاست خزمەتی چەند ساڵەی ئەو دابێت سەفەت كانی بوتی مۆڵكی گشتییە و نیشتیمان و وڵات پێویستی بە كەسانی دڵسۆزی وەك شمشاڵژەن سەفەت كانی بۆتی هەیە"‌.

 

 

زۆرترین بینراو