شوكریا برادۆست: ئێران بە پارەی عێراق پاڵپشتی میلیشیا شیعەكانی ناوچەكە دەكات

شوكریا برادۆست: ئێران بە پارەی عێراق پاڵپشتی میلیشیا شیعەكانی ناوچەكە دەكات

رەمەزان هەرنی– واشنتن: شوكریا برادۆست, پسپۆری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە زاری كرمانجی گووت" ئێران لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی هەموو هەوڵێك دەدات كە دەسەڵاتی عێراق لە دەستی خۆی دا بهێڵێتەوە و لەدەستی نەدات، بەهۆی ئەوەی عێراق تەنیا لە ژێرفشاری ئێراندایە و سوودێكی زۆری ماددی بەو وڵاتە دەگەیەنێت، بەهۆی ئەو سزا ئابوورییانەی سەر ئێران، عێراق زۆر یارمەتی ئێرانی داوە، لە هەمانكاتدا ئێران بە پارەی عێراق زۆر پاڵپشتی میلیشیا شیعەكانی ناوچەكە دەكات, لەبەر ئەم هۆكارانە جوگرافیای عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگە، هەوڵیش دەدات سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەودا بێت.
شوكریا، گووتیشی:" ئەمریكا رێگری لە ئێران دەكات یارمەتی میلیشیا شیعەكان بدات لە لوبنان, بەڵام لاوازبوونی شیعە لە لوبنان ئاسان نییە، بەو پێیەی خۆپیشاندەرەكانی لوبنان زیاتر سووننە و مەسیحین، شیعە پارێزگاری لە شیعە بوونی خۆی دەكات, بەڵام لە عێراق جیاوازە و شیعە بەرەو لاواز بوون دەچێت بەهۆی شەڕی گرووپەكان, تەواوی پارتە سیاسییە شیعەكان لە عێراق لە دوای ساڵی 2003 ركابەری لەگەڵ یەكتر دەكەن".
شوكریا، ئەوەشی گووت" كوشتنی قاسم سولەیمانی بۆ سووننە لە عێراق زۆر گرنگ بوو، چونكە ببووە هۆكاری دابەشبوونی سووننەكان بەو پێیەی سولەیمانی دەیویست شیعە لە عێراق بەهێز بكات, بۆیە كوشتنی سولەیمانی بۆ سووننەكان دەستكەوت بوو، بەهۆی ئەوەی قاسم سولەیمانی تاوانی زۆر بەرامبەر بە سووننەكان ئەنجام دابوو، لەوانەیە ئێران بیەوێت جێگرەوەی سولەیمانی دروست بكات، بەڵام وەكو قاسم سولەیمانی كاریگەری نابێت لەسەر دابەشكردنی عێراق".
شوكریا برادۆست, پسپۆری ئاسایشی نێودەوەڵەتی لە واشنتن، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" پێش كوشتنی قاسم سولەیمانی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق رۆژ بۆ رۆژ فراوانتر دەبوو، بەڵام دوای كوشتنی سولەیمانی هێزی ئێران بەرەو لاوازبوون دەچێت، كورد لەم شەڕەدا بێلایەنە پێویستە هاوسەنگییەك دروست بكات، بەهۆی ئەوەی ئەگەر كورد پشتگیری ئەمریكا یا ئێران بكات زەرەر دەكات".
گووتیشی" دووركەوتنەوەی ئەمریكا لە عێراق كۆتایی هاتن و لەناو چوونی ئابووری ئەم وڵاتەیە، بۆیە عێراق ناتوانێت دەستبەرداری ئەمریكا بێت".

 

زۆرترین بینراو