شۆفێرە بارهەڵگرەکان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانن

شۆفێرە بارهەڵگرەکان پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانن

 

زاری کرمانجی-حاجی ئۆمەران: دوای ئەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران چڕتر کرانەوە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی بارهەڵگر و کامیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لەم دەروازەیە پابەندی خۆیان بۆ ڕێنماییە تەندروستییەکان دووپات دەکەنەوە.

عەفان عوسمان، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بەرهەڵگرە لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ زاری کرمانجی گووتی: هەموو ڕۆژێک کە دەچینە نێو بازاڕچەی تەمەرچیان بۆ ئەوەی بارەکانمان بار بکەین، تەواوی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا جێبەجێ دەکەین، وەک بەستنی دەمامک و لەدەستکردنی دەستکێش و بەدلەی تایبەت و هەتا کڵاو و عەینەکی تایبەتیش دەبەستین، بۆ ئەوەی خۆمان بەدوور بگرین لەهەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

گووتیشی: لەناو خاکی ئێران تێکەڵی شۆفێرانی ئێرانی نابین و لە چێشتخانەکانیان خواردن ناخۆین و کەلوپەلیش ناهێنینەوە، چونکە من خۆم بەرپرسیارم و هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەم، چونکە ئێوارە دەگەڕێمەوە ناو خێزانەکەم و ماڵ و منداڵەکانم، ناکرێ ببمە هۆکاری لەدەستدانی ژیانی خێزانەکەم، بەڕاستی کەس ئەوە ناخوازێ، بۆیە هەموومان زۆر بە گرنگییەوە خۆمان دەپارێزین.

دارا حاجی، شۆفێرێکی دیکەیە و لەکاتی گەڕانەوەی لە خاکی ئێران تەواوی رێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ کردبوو، ئەو شۆفێرە بۆ زاری کرمانجی گووتی: لەکاتی گەڕانەوەمان پشکنینی پێوانەیی گەرمی تا مان بۆ ئەنجام دەدرێ لەلایەن تیمی پزیشکی سنوور، وە جگە لەوەش ئەو شۆفێرانەی لەئێرانیش کاڵاکانیان دێننە ناو گۆڕەپانی گومرگی حاجی ئۆمەران پشکنینی تەواویان بۆ دەکرێت و چاودێرییەکی وردیان دەکرێت لەلایەن هێزە ئەمنی و تەندروستییەکانی سنوور تا دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بۆ ئەوەی لەگەڵ شۆفێرانی هەرێمی کوردستان و کارمەندانی گومرگ تێکەڵ نەبن، بۆ ئەوەی هەموو لایەک لەلای خۆیەوە پێگیری بە ڕێنماییە تەندروستییەکان بکات بۆ دووربوون لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

هەفتەی ڕابردوو لە دیوانی قائیمقامیەتی قەزای چۆمان کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندارەکان و لێپرسراوی کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە سەرپەرشتی قائیمقامی چۆمان سازکرا و بڕیار درا هەر شوفێرێکی بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبێت دەفتەری کارکردنی لێ دەسەندرێتەوە.

دوای ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن ئەنجوومەنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی هێڵی سنووری حاجی ئۆمەران تەواوی پێداویستی خۆپارێزی بەسەر شۆفێرانی ئەم هێڵە دابەشکرا، بۆ ئەوەی لەکاتی چوونیان بۆ ناو سنوور، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.

سەنگەر رەحمان، بەرپرسی لێژنەی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: جگە لە پشکنین بۆ هەموو ئەو شۆفێرانەی ڕۆژانە دەچنە ناو بازاڕی تەمەرچیان و دەگەڕێنەوە، لێژنەی پشکنین و تەندروستی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پشکنین بۆ هەموو ئەو شۆفێرە ئێرانییانەش دەکەن کە کاڵا ڕاستەوخۆ دەگەیەننە گۆڕەپانی گومرگ و ڕادەستی ئۆتۆمبێلە عێراقییەکان دەکەن، جگە لەوەش ئەو کاڵایانەی بەم سنوورە هاودە دەکرێن لە خاڵی تایبەت بە دەرمانی دژە ڤایرۆس دەڕشێندرێن لەگەڵ تەواوی ئۆتۆمبێل و کامیۆنەکان، بۆ ئەوەی لەهەموو ڕێگایەکەوە بتوانین ئەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان دوور بخەینەوە.

هاوکات هەر لە هەفتەی رابردوو ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سنووری حاجی ئۆمەرانی کرد و لە نزیکەوە چاودێری بزاوتە بازرگانییەکانی لەم سنوورە کرد، هاوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستخۆشی لە کاربەدەست و کارمەندانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان کرد کە پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڕایگەیاند: جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان لە کارە هەرە لەپێشینەکانی ئێمەیە بۆ ئەوەی سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بپارێزین.

گووتیشی: لەژێر ڕێنماییە تەندروستییەکاندا بزاوتە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە هەر سێ دەروازە نێودەوڵەتییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان، بەردەوامی دەبێت.

زۆرترین بینراو