شیرین قوربانیەكی عەقڵی خێڵ

شیرین قوربانیەكی عەقڵی خێڵ

نوسینی/ لوقمان شێخ سەلام
شیرین كچێكی بەڕەوشت و جوان كیلە و سەرنج ڕاكێش بوو هەر بەزكماك چاوەكانی بێ هێز بوون دایكی بەسەر ئەمەوە كۆچی دوایی كردبوو لەژێر ڕەحمەتی باوەژندا گەورەبوو هەرزوو لەدوای قۆناخی سەرەتایی لەقوتابخانە دەرهێنرا چونكە كەمدەست و هەژار بوون، هەر بەوتەمەنە منداڵیەوە ڕۆژ تا ئێوارە نانی بۆ ماڵان دەكرد و گڕو وڕی پەرەمێزیش تەواو كەڕو كاسی كردبوو، لەخانەوادەیەكی شێخ بوون و خزمەكانیان ژنیان بە مسكێن نەدەدا بەڵام لە مسكێن ژنیان دەخواست هەندێكی كەمیان پێیان وابوو كەئەوان لە عارەقی پێغەمبەرەوە هاتون و مسكێنیش لە پژمەی بەراز.
شیرین ڕۆژانە ژیانێكی كولەمەرگی بەڕێ دەكرد سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە دوانزدە سەعات كاری دەكرد بەهەزارحاڵ بژێوی دەردەهێنا، هەندێ لەخزمەكانیان خواپێداو بوون بەڵام بۆساتێكیش نەك یارمەتیان دەدا، تەنانەت سەردانێكیشیان نەدەكردن، یەكێك لەنەگبەتیەكانی هەژاریش ئەوەیە بەدەگمەن نەبێت كەسێك بەلاتدا نایەت.
شیرین بارودۆخی چاوەكانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕۆشت و باوكیشی كۆچی دوایی كردو لەگەڵ باوەژنە بەساڵا چووەكەشیدا زۆر بەبێ كەس ژیانیان بەڕێ دەكرد، كەسێكیان نەبوو سەردانێكیان بكات و دڵنەوایی بداتەوە، كاتێ تەمەنی گەشتە نزیكەی بیست و پێنج ساڵ پیاوێكی دەوڵەمەند بە ڕێكەوت لەبەر دەرگا شیرین دەیبینێ لە دوورەوە عاشقی دەبێت و خێراش بە نیەتێكی پڕ لەڕاستگۆیەوە بڕیار دەدات بچێتە خوازبێنی و كێشەو گرفتی چاوەكانی و بارودۆخی پڕ لە هەژاری و حەسرەتی شیرین نەبووە ڕێگر لەبەرامبەر عەشقی پڕ لە ڕاستگۆیی پیاوەكە، هەرچەند كەسوكارو تەرەفی پیاوەكەش ئەمەیان پێ خۆش نەبوو وەچەند جارێكیش پێیان ڕاگەیاندبوو ئەو كچە لەئاستی شان و شەوكەتی ئەودا نیە و چۆن دەبێت هاوسەرگیری ئەوها بكات لەگەڵ كچێكی نوقسان و نان كەری ماڵان، پیاوەكەش پێی وتبوون ئەو بۆخۆی هاوسەرگیری دەكات و هەموو بارودۆخێكی شیرینی پێ قبوڵەو بۆ كێشەی چاوەكانیشی هەرچی دكتۆری باش هەبێت دەیباتە لای تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی وڵاتیش چارەسەری هەبێت لاری لێی نیە، شیرینیش زۆر دڵی خۆش بوو هەمیشە لەبەر خۆیەوە دەیوت خوای گەورە دەرگای خێری لێ كردمەوە هەركەسەو خودا بەدڵی خۆی لەگەڵدا دەكات لەمێشكی خویدا دەیان خەونی ئاڵاو واڵای داڕشتبوو ئەوەی تەسەوری نەدەكرد ئەوەبوو كە پیاوێكی دەوڵەمەند و ڕاستگۆو پڕ لەمرۆڤ بوون بێتە خوازبێنی.
كاتێ پیاوەكە لەسەر عورف و عاداتی كوردەواری دەچێتە خوازبێنی شیرین بەڵام لەبەر ئەوەی شیرین نەبراو نە باوكی هەبوو دەنێرێتە لای خزمەكانی، خزمەكانی شیرینیش چونكە خۆیان بە خزمی خوداو پێغەمبەر لەقەڵەم دەدا هەرزوو بێ قەیدوو شەرت داواكاریەكەیان ڕەتكردەوە پێیان ڕاگەیاندن كە ئێمە ژن نادەین بەمسكێن و لای خودا گوناهبار ئەبین و ئێمە لەسەجەرەی پێغەمبەرەوە هاتووین، خزمەكانی بێ ئەوەی رای شیرین وەرگرن ئەوان پیاوەكەیان ئیزن دا، ئیتر پیاوەكە زۆر بەشێوازی جۆربەجۆریش هەوڵ و پەیوەندیەكانی خستە كار ویستی ڕازیان كات بەڵام ئەوان بەچەكەوە چونە سەر پیاوەكەو هەموو كەسوكارەكانیشی پێیان ڕاگەیاندن ئەگەر نەكشێنەوە هەمووتان دەكوژین و گۆمی خوێنیش هەڵدەسێنین ئیتر پیاوەكە بە ئاهوو حەسرەتێكی زۆرەوە لە ترسی كوشتن و خوێن ڕشتن زۆر بەناچاری پاشەكشەی كرد.
شیرین لەداخی هەڵوێستی نابەجێی كەسوكارەكەیدا كە بەبێ ئەوەی حسابكی بۆ بكەن وەك منداڵێك بۆ بەخت و چارەنووسی ڕەشی بەكوڵ دەگریا لەبەر خۆیەوە دەیوت ئاخر هیچ كەسێك لە ئێوە كە ئامادە نەبوون و نین هاوسەرگیریم لەگەڵدا بكەن بۆ ڕێگەم لێ دەگرن و لێ ناگەڕێن شوو بەو پیاوە بكەم و داهاتوم دەشێوێنن، ئاخر خۆ ئێوە هەموو ژنی مسكێنتان هێناوە بۆچی بۆ ئێوە ڕەوایەو بۆ ئێمەی بێ دەسەڵات ناڕەواو تاوانە، بۆ من بەم بارە تەندروستیە خراپەوە تاكەی دەتوانم لەبەر گوڕەگوڕی پەرەمێز نانی ماڵان بكەم دادو بێدادو پاڕانەوەكانی هیچ سوودی نەبوو ئیتر هەمیشە پێنج فەرزە لەسەر بەرماڵەكەی بەكوڵەوە دوعای لێ دەكردن و دەیوت خودایە ئەم غەدرە گەورە قوبوڵ نەكەیت خودایە تۆڵەم لەو زاڵمانە بكەیتەوە خودایە كەس شك نابەم تۆنەبێت.
ئیتر دوای چەند ساڵێك باوەژنەكەشی كۆچی دوایی كرد و بەتەنها لەگەڵ خوشكێكی كە كچی باوەژنەكەیە مایەوە و لەبەر نەبوونی و كەسی باش بۆ تەنها جارێكیش نەیتوانی بچێتە ئێران كەلەوێ چارەسەری ئاسان بوو ئیتر وردە وردە توانای بینینی زۆر كەم بوویەوە تەمەنیشی بەتەوای هەڵكشا و شەنسی هاوسەرگیریشی لەدەست چوو ئەركی بەخێوكردنیشی كەوتە سەر خوشكە باوكیەكەی وە ئیدی شیرین بووە قوربانیەكی عەقڵی خێڵ، لەولاشەوە ئەو خزمانەی كە ڕێگر بوون لە هاوسەرگیریەكەی ویژدانیان دانەچەڵەكا كە بۆ تەنها جارێك لەغەمی چارەسەری چاوەكانیدا بن هەتا بەتەواوی نابینا بوو وە پێیان وابوو كوێربوونی شیرین هیچ كێشەی ئەوان نیە و تەنها كێشەی ئەوان ئەوە بوو كە ڕێگربن و شیرین هاوسەرگیری لەگەڵ مسكێندا نەكات ئیتر خۆشیان شەوانە بەقاقای پێكەنینەوە پێكی ویسكی و شەرابیان هەڵدەداو هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری شیرین و شیرینەكانی تریشیان وەك دەستكەوتێكی زۆر گەورە لەناو خۆیاندا باس دەكرد غیرەت و هەڵوێستی خزمانەیان تەنها لە شێرازە تێكدانی ژیانی شیرینەكاندا دەبینی شیرینەكان دواتر چۆن دەژین و چارەنوسیان چۆن دەبێت ئەوە گرفتی ئەوان نییە.
هەندێك لەم دەرون نەخۆشانە وەكو گورگی برسیش بەدوای كچ و ژنی خەڵكیەوە بوون بەیەك و دوانەكانی خۆیان تێرنەدەبوون و كارو كردەوەكانی خۆیانیان نەك لەلا بێ شەڕەفی نەبوو بەڵكو بەشانازیەوە چالاكیە ئابڕوبەرەكانیان دەگێڕایەوە و خۆیان پێوە هەڵدەكێشا بەڵام هاوسەرگیریە حەڵاڵەكەی شیرین و شیرینە بەڕەوشتەكانی تریان لەلا عەیب و عارو ئابڕو چوون بوو.
ئەمە زادەی خەیاڵی بەر ئاگردان نەبوو بەڵكو تراژیدیای چەندین كچی داماو بێ دەسەڵات بوون كەبونە قوربانی عەقڵی نەخۆشی خێڵ، خۆشبەختانە ئێستا تا ڕادەیەك كەم بۆتەوە".

زۆرترین بینراو