شیلان فەرەج،لە تەمەنێكی زوو پێشكەشكاری بۆ هاوڕێیانی كردووە

شیلان فەرەج،لە تەمەنێكی زوو پێشكەشكاری بۆ هاوڕێیانی كردووە

دیمانە/ محەمەد ئامۆكەیی- سلێمانی: ژنە راگەیاندكار شیلان فەرج، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، باس لە ئەزمونی كاری خۆی و دۆخی میدیایی و كوردی و ئەو ئاستنگ و بەربەستانەی دێنە بەردەم مێینە لەكاری رۆژانەیان باس لێوە دەكات و دەڵێت"سەرەتا لە نوسینی چەند بابەتێك لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا دەستم بەكاری رۆژنامەوانی كردووە، دواتریش لەگەڵ هەندێ قوتابی چەند ژمارەیەك گۆڤارێكی ناوخۆیی دەربكەین دواتریش لە سەرەتای 2014وەك ئامادەكارو پێشكەشكار هەردوو بەرنامەی (ژیان و كۆمەڵگەو ئێستاتیكا) لە رادیۆی دەنگی كوردستان سلێمانی دەستم بەكاركردن كرد، لە ساڵی 2015 وەك پەیامنێرو پێشكەشكارو بێژەری هەواڵ لە هەردوو كەناڵی سلێمانی تیڤی و كەناڵی ئاسمانی زاگرۆس كارم كردوە، ئێستاش وەك پەیامنێری كوردستان تیڤی لە سلێمانی درێژە بەكاری راگەیاندنم دەدەم و بەردەوامم لەكاركردن."
ئەو خانمە میدیاكارە گووتیشی" كاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی ئەتوانم بلێم خولیاو ئارەزوی منداڵیم بوو، لە بیرمە لەقۆناغی یەك و دووی ناوەندی بوم زۆرجار خزمە نزیكەكانم دادەنیشان و وەك پەیامنێرو پیشكەشكاری بەرنامە چاوپێكەوتنم لەگەڵ ئەكردن، ئەم حەزەش بۆكاری راگەیاندن لەگەل تەمەنی خۆم گەورەبوو تا لەكۆتاییدا خۆم بەتەواوی بۆ ئەو كارە تەرخانكرد."
شیلان فەرجی میدیاكار، لە بارەی ئەوەی بۆچی تاكوو ئێستا لە كەناڵە حزبیەكان كاری كردووە بیری لەوە نەكردۆتە بچێتە میدیایەكی سەربەخۆ گووتی" رەنگە ئەوە هۆكاری حزبی لە پیشتەوە بێت لەبەرئەوەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی تەنها سێ كەناڵی پارتی لێبووە بۆیە ئەو سێ كەنالەم هەلبژاردووە بۆ كاركرن، هەموو راگەیاند كارێكیش حەزی لێیە لە كەناڵیكی بەناو بانگ كاربكات، بەڵام بۆ من هیچ جیاوازی نیە لەبەر ئەوەی ئەو كەناڵەی من كاری تێدا دەكەم لە رابردوو و ئێستا هەر خاوەن بینەری خۆیەتی و منیش لێی مورتاحم.
شیلان پێشی وایە" هەر كارێك بكەی بێ سەر ئێشەو توانج نابێت تایبەت ئەگەر ئافرەت بی و كاری راگەیاندن و بەتایبەتیش كاری مەیدانی بكەی بەدەرنییە لە توانج و گێچەل پێكردن و پەلاماردان، من بۆ خۆم دەیان جار روبەروی توانج و تەنانەت تەشهیر پێكردن و لێدان بومەتەوە، بەڵام هەرگیز كۆڵم نەداوە و ناشی دەم چونكە كاری میدیایی وەك خۆم خۆش دەوێت و لە پێناوی دا ئامادەی قوربانی دانم."
ئەوەشی گووت" هەرچەندە كاری راگەیاندن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لە رابردوودا هەندێك نامۆ بوو بەتایبەت بۆ ئافرەتان، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگە خێزانەكانیش تێگەشتنیان بۆ كاركردنی ئافرەتان لەدەروەو بەتایبەت كاری راگەیاندن كراوەتربوو، بۆیە خێزانەكەشم ڕێزیان لەحەزو خولیای منداڵیم گرت و بەوپەری دلسۆزی و باوەڕ پێبونەوە دەرگای كاركردنیان لە دونیای راگەیاندن بۆكردمەوە، بۆیە دەبێت لەوە تێبگەین هەركارێك كە دەتەوێ بیكەیت یا حەزی خۆت بێت ئەگەر خیزانەكەت یاخود كەسێك پشتیوانیت نەكات ئەوە زۆر مەحالە بتوانیت سەركەوتوبیت یا بەردەوامم بیت، خۆشبەختانە خیزانەكەم لەسەرەتای دەسپێكی نێو كاری راگەیاندنمەوە زۆر هاوكارم بون بە ئێستاشەوە دایك و براو خوشكەكانم وەك شاخێك لەپشتمەوەن و قەرزاریانم." زۆر جار هەبووە ئەوندە كاری راگەیاندن ماندوی كردوم هەندیك جاریش بیزاری كردوم، بەڵام بیزار كردنەكان كاتی بووە و خۆشەویستم بۆ كارەكە هەرزوو ماندویەتی لەبیر بردومەتەوە."
شیلان فەرەج نەشی شاردەوە" لە وانەیە بۆ داهاتوو نەشتەر گەری جوانكاری بكات چونكە هەموو راگەیاند كارێك پێویستە گرنگی بەجوانكاری و جوان هیشتەنەوەی روخساری بدات لەبەر ئەوەی هیچ بینەرێك حەزناكات روخسارێك لە سەرشاشە ببینێت كە گرنگی بەجوانكاری و ڕازاندنەوەی خۆی نەدات، منیش لە ئێستادا پەیامنێرم و زیاتر بۆكاری مەیدانی دەچمە دەرەوە وەك گرنگی پێدان و مەیك ئەپ وەك هەر كەسێكی ئاسایی دەیكەم، بەڵام تاكو ئێستا ئەو نەشتەرگەری و جوانكاریانەی خانمان بۆ روخساریان دەیكەن من نەمكردوە، چونكە لە جوانی خۆم رازیم و بۆ داهاتووش گەر پێویست بكات و چومە تەمەنەوە رەنگە بیكەم."
دەربارەی ئەو خانمانەی دوای هاوسەرگیری لە شاشە دووردەكەنەو و كێشەی كپتیان بۆ دروست دەبێت، شیلان فەرەج، رایگەیاند" وازهێنان و دووركەوتنەوەی ئەو ئافرەتانە رەنگە زۆر هۆكاری هەبێت، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان فشاری رەگەزی بەرامبەربێت جا ئەوە هاوسەری بێت یا باوك یا براو كەسوكار تەنانەت بەرپرسەكەشی بێت لەو دەزگایە، بۆیە فشارەكان جیاوازن هەندێك لەو كچانە لە دوای پڕۆسەی هاوسەرگیری لەسەر داوای هاوسەرەكانیان ناچارن وازبێنن یاخود هەنێك ئافرەت ناچار ئەكرێن لە نێوان كاری میدیاو هاوسەرەكەیان یەكێكیان هەلبژێرن، بۆیە زۆر بەیان ناچارن هاوسەرەكەیان هەڵبژێرن، هەشیانە بەهۆی حەزی زۆری بۆكاری میدیا كارەكەی هەڵدەبژێریت، بەڵام وەك شیلان، خۆشبەختانە ئەمەوێت ئەوە بڵێم" ئەو گرفتەم نییە لە نێوان هاوسەرم و كارەكەم هەردووكیانم هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوەی هاوسەریشم وەك خۆم میدیاكارەو لەهەمان دەزگا كار دەكەین، بۆیەش ژیانی هاوسەرگیریم لەسەربنەمای خۆشەویستی و گونجان و لێك تێگەیشتن پێكهیناوە.

زۆرترین بینراو