شەهید سەفیان ئاودەل هەركی

شەهید سەفیان ئاودەل هەركی

 

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ- رواندز:

گەنج یەك لە توێژە هەرە گرنگەكانی ناو كۆمەڵگایە، ئەمە جگە لەوەی چەندین چاوەڕوانی لە توێژی گەنجان دەكرێت.

 هەربۆیەش گشت شۆرشەكانی كوردستان گرنگی تایبەتی بە توێژی گەنجان داوە، بەڵام گەنجی كوردستانیش درێغی نەكردووە و بەردەوام ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ هەر ئەرك و بەرپرسیاریەتییێك، هەر ئەمەشە وایكردووە زۆربەی شەهیدانی كوردستان گەنج بن.

لەم ژمارەیەی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا مەبەستمانە بگەرێینەوە بۆ سەر ژیان و خەباتی شەهیدی لاو شەهید (سەفیان ئاودەل هەركی).

ناوی تەواوی شەهید، (سەفیان ئاودەل عومەر)ە، لە 1ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1994 لە گوندی درینی سەر بە شارۆچكەی ئاكرێ لەدایك بووە.

وەك هەر منداڵێكی هاوتەمەنی خۆی دەچێتە بەر خوێندن و دەتوانێت قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی بەباشی ببڕێت، بەڵام لەبەر بارودۆخی كۆمەڵایەتی خێزانەكەی تا پۆلی دەی ئامادەیی دەخوێنێت، دواتر واز لە خوێندن دێنێت.

لە تەمەنی لاویدا و لە ساڵی 2012 شەهید دەبێتە پێشمەرگە و چەكی شەڕەف و كوردایەتی لەشان دەكات.

شەهید وەك پێشمەرگەیەك لە فەرماندەیی هەڵگورد بەردەوامی بە خزمەتی سەربازی خۆی دەدات، ئەمە جگە لەوەی دوای ئەركی سەربازی خۆی بەردەوام كاری كردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكاری خێزانەكەی بكات.

شەهید سەفیان، بە كەسێكی دڵ سۆز و خاوەن هەڵوێست ناسراوبووە، هەردەم جێگای متمانەی هاورێ و هاوسەنگەرەكانی بووە.

هەر وەك هاوسەنگەرەكانی دەڵێن: شەهید سەفیان كەسێكی خوێن شرین و دەم بە خەندن بوو، هەردەم پێكەنینی دێنایە سەر لێوەكانمان.

خۆشەویستییەكی زۆری بۆ ئەرك و وڵاتەكەی هەبوو، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام ئامادەیی تێدابوو بۆ هەر ئەرك و بەرپرسیاریەتێك.

شەهید، یەك لەو پێشمەرگانە بووە بەردەوام ئارەزووی زیاتكردنی زانیارییە سەربازییەكانی خۆی داوە، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام گرنگی بە توانای خۆی داوە.

دوای پەیدابوون و هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر كوردستان، شەهید سەفیان یەك لەو پێشمەرگانە دەبێت كەوا دەستی داوەتە چەكەكەی و ئامادە بووە بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێك.

شەهید، بەردەوام لەگەڵ هاورێیەكی دەردەكەوت بەناوی شەهید( حەكیم عەلی ساتی)، هەروەك هاورێیەكانی دەگێرنەوە: شەهید سەفیان و شەهید حەكیم بەردەوام پێكەوەبوون، ئەو دوو هاورێی زۆر بەوەفابوون، هەردەم حەزیان دەكرد لە یەك سەنگەردابن، ئەگەر ئەوان پێكەوانەبانە ئەوا لای هەموومان دەبووە جێگای پرسیار.

هاورێیەتی ئەو دوو پێشمەرگەیە ئەوەندە بەهێزبووە كەوا هەردووكیان لە یەك سەنگەر و پێكەوە و بە یەك گولە شەهید كراون.

ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 12-7- 2015، هێزی پێشمەرگە دەخرێتە ئامادە باشییەوە بۆ بەرپەرچدانەوە هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش، لەو كاتانەدا چەند  گولە هاونێك بەرەو رووی پێشمەرگە دەكرێن و یەك لەو گولە هاونانە بە نزیك سەفیان ئاودەل و حەكیم عەلی دەكەوێت، هەر ئەو هاونەش بووە كەوا بۆیە هۆكار بۆ ئەوەی ئەو دوو هاورێیە پێكەوە  شەهیدبن و ببن بە هاوكاروانی رێبوارانی رێگای رزگاری كوردستان.

شەهید، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری لە هەر یەك لە شەڕەكانی ( زوومار، رەبیعە، باشیك، بەنداوی موسڵ) كردووە.

لە كۆتایدا بنەماڵەی شەهید دەڵێن: سەفیان بۆ ئێمە كەسێكی گرنگ بوو، ئەمە جگە لەوەی چەندین چاوەڕوانیمان لێی هەبوو، ئەو چەندین خۆزگەی بن ئاخكردن، شەهیدبوونی ئەو بۆ ئێمە كارەساتێك بوو، بەراستی لە دەست دانی گەنجێك كارەساتێكی گەورەیە، بەڵام هەردەم دڵمان بەوەوە خۆشە كەوا سەفیان لە رێگەی پارێزگاریكردن لە كوردستانەوە شەهیدبوو.

لێرەوە داوا لە هەموو لایەك دەكەین كەوا رێز لە خوێنی شەهیدن بگرن و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی گەرلی كوردستان بكەن.

زۆرترین بینراو