عیماد محەمەد: راهێنانی داهاتوومان پارێزگاریكردنە لە توانای جەستەیمان

عیماد محەمەد: راهێنانی داهاتوومان پارێزگاریكردنە لە توانای جەستەیمان

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: عیماد محەممەد، كاپتن و ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند" ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق بەردەوام چاودێری یاریزانانیان دەكەن و راهێنانەكانیان رانەگرتووە".
بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە جیهان وایكرد، سەرجەم چالاكییە وەرزشییەكان سڕبن و هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراقیش نەیتوانی بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا بكات.
عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق، دوای دوو ساڵ لە گەڕان بەشارەكانی عێراق و دۆزینەوەی یاریزانی بەهرەمەند، تیپێكی بەهێزی دروستكردووە، لەبارەی ئامادەكارییان گووتی" ناهێڵم یاریزانانم لە ماڵەوە دانیشن و ئاستی توانای جەستەیی و مۆڕالیان بێتە خوارەوە، هەموو كات بەتەلەفۆن و ئۆنلاین لەگەڵ هاوكارانم پەیوەندیم بە یاریزانانەوە هەیەو بەپێی رێنماییەكانی شانەی قەیرانەكان، فێریان دەكەین چۆن لە ماڵەوە پارێزگاری لە توانای خۆیان بكەن".
كۆڕۆنا دەرفەت ناداتە هەڵبژاردەو تیپەكانی عێراق، بگەڕێنەوە یاریگەكان و راهێنان بكەن، هەر بۆیە راهێنەری هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق راپۆرتی كاری سێ مانگی رابردوو, هەروەها پلانی داهاتووی خۆی بۆ یاریزانانی پێشكەشی لیژنەی هونەری یەكێتیی تۆپی پێی عێراق كردووە.
محەممەد، زیاتر روونیكردەوە" راهێنانی داهاتوومان لەژێر ناونیشانی پارێزگاریكردنە لە توانای جەستەیمان، دەمانەوێ هەركات مەترسی كۆڕۆنا نەما لە عێراق، بەماوەیەكی كورت تیپەكەمان ئامادەبێت بۆ ركابەری پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە".

زۆرترین بینراو