فازڵ میرانی: پێمان باشە زۆنەکان یەکبن و ببێتە زۆنێکی زەیتونی کوردستانی

فازڵ میرانی: پێمان باشە زۆنەکان یەکبن و ببێتە زۆنێکی زەیتونی کوردستانی

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ پارتی و یەكێتی ئەزموون دیدەن و بەرپرسیارێتی لەوە گەورەتریان لەسەر شانە وەشتێکی گەورەیان بەدەست هێناوە ئەمڕۆ کە فیدراڵی کوردستانە، پەیوەندیشیان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێکناچێت، کە بچنەوە رووداوێکی گەورە، هاوکات لەسەر درووستکردنی ئەنجوومەنێک بۆ لایەنە سیاسییەکانیش، گوتوویەتی، کە کاتی خۆی پێشنیازی رابەری یەکگرتووی ئیسلامی بووە.

فازڵ میرانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئێستادا رایگەیاندووە، کە ئێـمەی کورد بە گشتی و ئەو دوو حیزبە بەتایبەتی، نابێت بە میزاج و کردار و پەرچەکردار سیاسەت بکەن، وە ناشبێت بە شێوەی نەوەدەکان بیربکەنەوە و مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن.

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسییش ئاماژەی بەوەداوە، کە لەگەڵ وشەی رێگرتن نیم لە مەحموود سەنگاوی، بەڵکو ئەوەی ئەو لێی ئاگادارە دەڵێن مەحموود سەنگاوی تەحەمولی نەکردووە، تا پەیوەندییەک بکرێت، گوایە قافڵەیەکی زۆری ئوتۆمبێلی لەگەڵ بووە، راستە کاک مەحموود پێشتر هەندێک قسەی کردووە، کە هەمووم پارتی پێی ناڕەحەت بوون، "بەڵام بەرژەوەندی هەردوولامان و کوردستان و خوێنی شەهیدەکانمان لە ئێمەی ئەشخاس گرنگترە، جا ئێمە ئەندامی مەکتەبی سیاسیین، یا هەر پۆستێک."

میرانی ئەوەشی گوتووە، کە لە راگەیاندنەکانەوە گوێی لێبووە، گوایە یەکێتی لە حکوومەت دەکشێتەوە، یا شەڕی براکوژی دەست پێدەکاتەوە، یا هەندێک نەفام و کاڵفام کە رەنگە دەستی خەڵکی دیکەی تێدابێت، تەقەیان لە بارەگای لقی چواری سلێمانی کرد، یا لە کۆمیتەیەی یەکێتی هەولێر. سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوانە هیچ بنەمایەکیان نییە، بەو پێیەی ئەو دوو حیزبە ئەزموون دیدەن و بەرپرسیارێتی لەوە گەورەتریان لەسەر شانە، وە ئەمڕۆ شتێکی گەورەیان بە دەستهێناوە، کە فیدراڵی کوردستانە، لەبەر ئەوە وەک کوردەواری دەڵێ: باران دیدەن ئەم دوو حیزبە، بە هەورێکی بەهاران تەڕنابن، "واتە پەیوەندیمان ئەوەندە بەهێزە بە شتێكی وا تێکناچێت، وە لەناو هەردوو حیزبدا بە موتڵەقی قسە ناکەم، کەسانی ماندوو لە سەرکردایەتی هەن، کە لە دوای شەهیدەکان ئەم ئەزموونە بەڕەنجی خەباتی خۆی دەزانێت، بۆیە وا بە ئاسانی بە شتێكی وا بچووک تێکی نادەن و بچنەوە رووداوێکی گەورە."

لە هەمبەر پەیوەندییەکانیانی نێوانیان لەگەڵ یەکێتیدا، میرانی گوتوویەتی، کە پەیوەندییەکانیان لە ئێستادا پاش نامە و نامە ئاڵوگۆڕکردن بەرە و ئارامی چووە، وە برادەرانی یەکێتیش هەندێ لای خۆیانه‌وه‌ هەوڵیاندا، هاوکات پارتیش هەوڵیاندا و ئەو هەوڵە هاوبەشانەش بووە هۆی ئەوەی، پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بکات، پێشیوایە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە کۆبوونەوەی فه‌رمی دیکە ئه‌نجام بدرێت، "راستە ئێمە خاڵی جیاوازیمان لە زۆر بابەتدا هەیە، بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئێجگار زۆرە، کە دەکرێت جیاوازیمان هەبێت، بەڵام دەبێت کۆببینەوە، وە ناشکرێت لەبەر ئەوەی جیاوازیمان هەیە کۆنەبینەوە."

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دژی زۆنی زەرد و سەوزن و پێیان باشە زۆنەکان بکەنە یەک و ببێتە زۆنێکی زەیتونی کوردستانی بۆ هەموو کوردستان، چونکە بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی ئەوەبوو، کە حکوومەتێکی بەهێز لە کوردستانێکی بەهێزدا بێت، "ئێمە پێمان باشە حکوومەت حکوومەتێتی خۆی بکات، وە حزبەکان پشتیوانی بکەن، هەر بۆ نموونە دراوی 10 یۆرۆی لە ئەوروپا هەیە مقەستێکی لێبدە نیوەی بدە بە یەکێتی وە نیوەی بدە بە پارتی، پارتی ناتوانێت ئەو نیوەیەی خۆی بکاتە پێنج یۆرۆ، وە یەکێتیش ناتوانێت ئەو نیوەیەی خۆی بکاتە پێنج یۆرۆ، بەڵکو دەبێت هەردووکیان پێکەوە بنووسێنن ئەوکات نرخی خۆی به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه‌، جا ئه‌مه‌ نموونەیەکە بۆ کوردستان، یا هەر وڵاتێکی دیکە به‌ یه‌كگرتوویی بمێنێتەوە".

سەبارەت بە بۆچونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەنجوومەنێک بۆ لایەنە سیاسییەکان، فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەداوە، کە بۆچوونی فەرمی پارتی پێویستی بە گفتوگۆکردن هەیە لە سەرکردایەتی، کە هێشتا گفتوگۆیان لەو بارەیەوە نەکردووە، "بەڵام ئێمە من حیپ مبدا، دژی درووستکردنی ئەو ئەنجوومەنە نین، چونکە ئەزموونێکی پێشتر هەبوو، کە ئەسڵی پێشنیازەکە لە برایانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە بوو، هەموو حزبەکان رەزامەندبووین و کاریشی بۆکرا، خودی مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین کاری بۆی کرد و، لە کۆبونەوەیەکدا بۆی شیکردینەوە، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم ئەم ئەنجوومەنە هەرگیز بەدیلی پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم نییە، لە هەموو دنیادا ئەم ئەنجوومەنانە هەن، ئەمە بۆ بابەتی ستراتیژییە و کەسی یەکەمی حزبەکان دادەنیشن، کە راسپاردەیەک بدەنە سەرۆکایەتی حکوومەت و هەرێم و پەرلەمان، ئەوە بەهێزکردنی ئەم حکوومەتەیە و ئەنجوومەنەکە ناتوانێ بڕیار بدات، هەندێ توانج هەیە کە دەڵێن سوودی چییە کە بڕیار نەدات؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه‌ خۆ هیچ قازانجی نەبێت ئەو قازانجە گرینگەی هەیە، کە بەشێوەیەکی دەووری کە ئەو ئەنجوومەنە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆیان دایدەنێن، کەسی یەکەمی حزبەکان لە شوێنێک کۆدەبنەوە، کە قسە و گللەیی و گازاندەی خۆیان دەکەن و نانێك پێكه‌وه‌ ده‌خۆن، کە بێ ئەو ئەنجوومەنە رەنگە بە مانگ و ساڵەکان ئەو حزبانە پێکەوە کۆنەبنەوە."

فازڵ میرانی گوتووشییەتی، بەبۆچوونی خۆی ئەگەر ئەو ئەنجوومەنەیان پێکهێنا سەرۆکایەتییەکەی گرفت نییە، لە ناو خەڵکی کوردستان و حزبه‌كاندا خەڵکی زانا و شایستە زۆرن، بەڵام مێژوو، جوگرافیا، توانا واته‌ ئەزموون خۆی فەرز دەکات، کە ئەولەویەت بۆ ئەو بێت، واتە بۆ خاوەنی ئەو سیفەتانە بێت، ئه‌ویش جەنابی سەرۆک بارزانییە، کە ئەو سیفەتانەی تێدایە، جەختیشی لەوە کردوەتەوە، کە دەبێ کورد خەڵک بۆ پۆست و ئیش بدۆزێتەوە، نەک پۆست و ئیش بۆ خەڵک بدۆزێتەوە، جەنابی سەرۆک بارزانی ئەگەر پۆست و ئیش پێویستی بەو نەبێت، ئه‌و پێویستی به‌ ئیش و پۆست نییە، چونکە مێژوو و توانا و پێگەی خۆی هەیە، "ئەگەر ئێمە پێویستمان بەو نەبێت، ئەو پێویستی بە ئێمە نییە بیکەینە سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنە."

زۆرترین بینراو