فرمێسك وریا قانع لەسەر خوێندنەوە دەدوێت

فرمێسك وریا قانع لەسەر خوێندنەوە دەدوێت

 

"خوێندنەوە جۆرێك لە دەربازبوون و گەشتكردنمان پێدەبەخشێت"


دیمانە محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: لە بنەماڵەیەكی رۆشنبیر و ئەدەب دۆست و بەنێوبانگی كوردستان پەروەردەكراوە، ئەو بەشێكی زۆری تەمەنی لە نێو یاری شەترەنج و خوێندنەوە بردۆتە سەر، فرمێسك وریا قانع، دەرچووی كۆلێژی زانستە و ئێستا لە وەزارەتی رۆشنبیری و لە بەڕێوبەرایەتی گشتی لاوان، وەك بەڕێوبەری بەشی چالاكی ئافرەتان كار دەكات، لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر رەوەشی خوێندنەوە لە باشوری كوردستان.


*خوێنەواری زۆرمان هەیە بەڵام خوێنەری كەممان هەیە بۆ؟


خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەی بەرزمان زۆر هەیە بەڵام بەداخەوە كە مەرج نییە ئەم خوێندەوەرانە خوێنەر بن، دەكرێت گەیشتبنە پلەی دۆكتۆرا، بەڵام كتێبێكیان لە دەرەوەی مەنهەجی خوێندنیان نەخوێندبێتەوە، هۆكارەكەی بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێنمەوە لەوانە، نەبوونی كەلتورێكی خوێندنەوە و كەمتەرخەمی خێزان كە پێویستە لە منداڵییەوە كچ و كوڕەكانیان ڕابهێنن و فێری خوێندنەوەی بابەتی منداڵان و چیرۆك و بەسەرهاتی سەرنجڕاكێشیان بكەن، بە تایبەتی لە كاتی پشوودان و داخرانی قوتابخانەكان، هۆكارێكی تر ئەوەیە كە زۆر جار نەبوونی و هەژاری وا دەكات كە گەنجان ئەوەندەی سەرقاڵی كار و بژێوی ژیان بن ئەوەندە كاتی خوێندنەوەیان نەبێت، هۆكارێكی تر ئەوەیە كە پەروەردە و فێركردن لە قوتابخانە و كۆلێژەكان زۆر لاوازە، كە لە ڕاستیدا خۆی دەبێت هاندەر بێت و جەخت بكاتە سەر ئەم لایەنە و هاوكاری قوتابیان بێت و فێریان بكات كە چۆن چێژ لە خوێندنەوە وەربگرن، خاڵێكی تر كەمی كتێبخانە گشتیەكانە لە ناو شار و شارۆچكەكاندا كە ئەمەش وایكردووە بە ئاسانی نەتوانین بگەین بەو زانیاریانەی كە مەبەستمانە."


*خوێندنەوە دەڵین خۆراكی مێشكە، وایە؟


بەڵی بێگومان، هەر وەك چۆن جەستە پێویستی بە خۆراكی جۆرا و جۆر و وەرزش و راهێنان هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەندروست بمێنێتەوە، بەهەمان شێوە مێشك چ لە ڕووی پێكهاتەی فیزیاییەوە و چ لە ڕووی بیركردنەوەوە پێویستی بە خوێندنەوە هەیە، ئێمە لە ژینگەیەكدا دەژین و هەڵسوكەوت دەكەین و هەروەها بیركردنەوەشمان لە چوارچێوەی ئەو ژینگەیەدا تێناپەڕێت، بەڵام خوێندنەوە جۆرێك لە دەربازبوون و گەشتكردنمان پێدەبەخشێت، گەشتێك بە ناو ئەو ئەزموونانەی كە نووسەری تێكستەكان تێیدا ژیاوە، ئەمەش وادەكات كە مێشكمان ڕووبەڕووی ژینگەیەكی نوێدا ببینەوە و هەموو ڕووبەڕووبونەوەیەك بەرامبەر نوێگەریدا بیركردنەوەمان دەوروژێنێت كە ئەمەش وادەكات مێشكمان چ لە ڕووی بیركردنەوە و چ لە ڕووی پێكهاتە و خانەكانی دابێت، چالاك و تەندروست بمێنێتەوە."


* تۆ چۆن بەرنامەت بۆ خوێندنەوە داناوە؟ زیاتر چ بوارێك دەخوێنیتەوە؟


من وەكوو بەرنامە هیچ بەرنامەیەكم دانەناوە جگە لەوەی كە هەوڵدەدەم حەفتانە هیچ نەبێت كتێبێك بخوێنمەوە، ئەمەش وادەكات كە زۆربەی پشووەكانم بە خوێندنەوە بەسەر ببەم، لە ڕووی بوارەوە حەز بە خوێندنەوەی هەموو جۆرە كتێبێك دەكەم كە چێژ و زانیاریم پێببەخشێت."


*مرۆڤ لە ڕێگای خوێندنەوە چی دەستدەكەوێت؟


زۆرن ئەو سوودانەی كە مرۆڤ لە ڕێگای خوێندنەوەدا دەستی دەكەوێت، یەكەم شارەزابوون و پاراوبوونی زمانی ئاخاوتن و نووسین، دووەم فێربوونی زمانێكی تر ئەمەش بە خوێندنەوەی كتێبی بیانی سێیەم، كرانەوەی مێشك بەسەر كەلتور و فەرهەنگی نەتەوەكەی خۆیی و ئەو نەتەوانەی بە زمانەكانیان كتێب دەخوێنیتەوە، دەكرێت خوێندنەوە ببێتە كلیلی كردنەوەی دەرگا داخراوەكان و بەهۆیەوە سنوورە جیاوازەكان بپەڕێنی و هێز و تونایەك و باوەڕ بەخۆبوونێكی شاهانەت پێببەخشێت، ئەزموون و ژیانی نووسەران و ناودارانی جیهانت دەخاتە بەردەست و كاردەكاتە سەر كەسایەتیت و بەهێز و نەترس و خۆبەخش و بەخشندەت لێ دروست دەكات."


تەكنەلۆژیا كاریگەری هەبووە لەسەر خوێندنەوە؟


تەكنەلۆژیا ئەمڕۆ جیهانی زۆر بچوك كردۆتەوە و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاری كردۆتە سەر ژیانمان بە گشتی و خوێندنەوە بە تایبەتی، دەتوانین بەشێك لەو گەشەسەندنە گەورەیەی تەكنەلۆژیا بەدەستی هێناوە لە بواری خوێندنەوە بە كاری بێنین، من وەك خۆم، هەر سەرچاوەیەك یان زانیاریەكم پێویست بێت پەنا دەبەمە بەر ئەنتەرنێت و لە زۆر بواری جیاوازدا سوودم لێوەرگرتووە، لە هەمان كاتدا خەڵكانێكی زۆر هەن تەكنەلۆژیا و ئەنتەرنێت تەنها بۆ كاتبەسەربردن و یاریكردن و شتی لاوەكی بەكاردەهێنن، ئێستا وای لێهاتووە كە ئەنتەرنێت بووە بە میمۆریەكی دەرەكیی بۆ مرۆڤ، بەو مانایەی كە لە هەر كات و شوێنێكدا سەرچاوەیەكت هەیە بۆ زانیاری دەربارەی هەر كارێكی لە ناكاو، كە ئەمە پێشتر بوونی نەبوو و مرۆڤ دەبوو پشت بە خۆی و زانیاریەكانی كە كۆیكردۆتەوە لە ژیانیدا ببەستێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێك."

زۆرترین بینراو