فێرگەی مەحوی ناوەندێك بۆ ئامێرە موزیكییە سوونەتییەكان

فێرگەی مەحوی ناوەندێك بۆ ئامێرە موزیكییە سوونەتییەكان

هوژین شەوكەت دری
زۆرن ئەوانەی خولیای فێربوونی ئامێرە موزیكییەكانیان هەیە، بەشێك لە مامۆستایانی شارەزا لە ئامێرەكان فێرگەی تایبەت دەكەنەوەو تێیدا فێرخوازان ڕادەهێنن لەسەر ئەو ئامێرانەی حەزو خولیایان لەسەری هەیە.
فێرگەی مەحوی بۆ فێربوونی ئامێرە موزیكییە سوونەتییەكان، لە ڵایەن چەندین موزیكژەنەوە بەرێوە دەچێت، كە سەرجەمیان ئەندامی گروپی موزیكی مەحوین،ساڵی ٢٠١٥ دەستیان بە وانە وتنەوە كردووە.
جەنگین جەماڵ مامۆستای ئامێرە ریتمییەكان لە فێرگەی مەحوی و ئەندامی كارای هەمان گروپ بە زاری كرمانجی گووت:" بەهۆی خۆشەویستی بۆ شاعیری گەورەی كورد ناوی مەحوی مان هەڵبژارد، كاتژمێر ١ ی پاش نیوەڕۆ تاكو ٨ ی ئێوارە رۆژانی شەممە تا ٥شەممە كراوەیە، لەم فیرگەیەدا وانەی ئامێرەكانی دەف،زەرب ، كەمانجە، سەنتۆرو عود دەوترێتەوە، لە بەرنامەماندایە مامۆستای شارەزا لە ئامێرەكانی تری موزیكیش بهێنین".
ئەم مامۆستایە لە بارەی بیرۆكەی دروست بوونی ئەم فێرگەیە روونكردنەوەی داو گووتی" بە هۆی نەبوونی شوێنێكی ئەكادیمی بۆ ئامێرە سوونەتییەكان بیرمان لە دامەزراندنی ناوەندێكی وا كردەوە ، لەم فێرگەیەدا هەموو تەمەنەكان بەشداری دەكەن، لە تەمەنی ٨ بۆ ١٠ساڵییەوە قوتابی وەردەگرین، وانە وتنەوەش ڵای ئێمە بۆ هەموو تەمەنێك بە ئەكادیمییە، هیچ مەرجێك بۆ تەمەن نییە، فێرخوازی تەمەن ٥٠ ساڵیشمان هەیە، ژمارەیەكی زۆرمان فێركردووە، هەندێكیان بونەتە مامۆستاو ژەنیاری زۆر باش و بەشێكی تریشیان لەگەڵ خۆمان بونەتە ئەندامی گروپ بەشداری كۆنسێرتیان كردووە، لە هەموو وەرزێك وانە وتنەوەمان بەردەوامەو فێرخوازمان هەیە، ئێمە بە هێز و توانای خۆمان فێرگەكە بەڕیوەدەبەین،پارەیەكی رەمزی لە فێرخوازان وەردەگرین، بەو پارەیە هەم كرێی شوێنی نیشتەجێبوونمان،هەم پێداویستیەكانمان دابین دەكەین، بەشێكی كەمیشی بۆ مامۆستایانە، بەڵام گەر ئەم پارەیەش نەبێت ئێمە هەر بەردەوام دەبین و ناهێڵین فێرگە بوەستێت".
هەژان باست، یەكێكە لە فێرخوازان و وەك خۆی دەڵێت حەزی لە ژەنینی دەفە ئەو بە زاری كرمانجی گووت:"هەر لە منداڵیمەوە خولیای فێربوونی موزیكم هەبووە، سەرەتا ئامێری ڤایۆلینم خوێندوە،بەڵام نەمتوانیوە بەردەوام بم، ماوەی چەند ساڵێكە حەزێكی زۆرم بۆ فێربوونی ئامێرەكانی دەف و زەرب هەیە، سەرسامی ژەنینی بێژەن كامكار و خانمە ژەنیارەكانی وڵاتی ئێران بووم،كە زۆر گرنگی بە ئامێرە ریتمییەكان دەدەن،بڕیارم دا ئامێری دەف بخوێنم و بۆ ئەوەش باشترین فێرگە كە بۆیان پێشنیار كردم فێرگەی مەحوی بوو، فێربوونی موزیك ئاسان نییەو تەرخانكردنی كات و ماندوبوونی دەوێت، بەڵام ئارامییەكی زۆرت پێدەبەخشێت و ژیانت دەگۆڕێت، هەموو كات موزیك و ئامێرەكانی موزیك دەبنە باشترین هاوڕێ، لەم فێرگەیەدا هەموو فێرخوازێك هەفتەی ٢ جار لەڵایەن مامۆستاكەیە لە فێرگەی مەحوی وانەو ڕاهێنانی نوێ وەردەگرێت، پشگیری و هاندانی مامۆستایان بەرەو پێشەوەیان دەبات،باوكم بە تایبەت،خیزانەكەم و مامۆستاكەم پاڵپشتی سەرەكیم بوون بۆ بەردەوامیم لەسەری، سەڕاڕای خوێندن و كاركردنێكی زۆر و ماندوبوون، بەڵام بەهۆی ئەوانەوە دەتوانم بەردەوام بم و سەركەوتن بەدەست بهێنم، بگەم بەوەی دەمەوێت".

 

زۆرترین بینراو