قانون پاشای ئامێرەکان

قانون پاشای ئامێرەکان


"قانوون ئامێرێکە نرخی گرانە دەبێت بە نازەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت"


دیمانە/ هۆژین شەوکەت
مۆسیقا ئارامکەرەوەی رۆحە، ئەو رۆحەی ماندووە لە بەسەرهاتەکانی ژیان، هەروەک بەختیار عەلی دەڵێت" مۆسیقا سەر بە شوێنە قۆڵەکانی رۆحە، کێشەی گەورەی جەستەمان ئەوەیە کە لەو جێگا تاریک و قۆڵانەوە هیچی نەبیستووە، جەستەمان فێرنەبووە گوێ لە رۆحمان بگرێت، هەندێ کات کە دەنگێک لەناکاو لە ناوەوەمان دێتە دەرێ وەک ئەوە وایە کۆمەڵێک دیوار برۆخێت، هەندێک دیوار بشکێنێت، مۆسیقا رۆحمان دەهێنێتە قسە".
شازاد ئەحمەد لە تەمەنێکی بچووکەوە تێکەڵ بە موسیقا بووە، هەروەک خۆی دەڵێت زۆر گوێی لە ئامێری قانون گرتووە لە رێگەی یوتیوب و تیڤییەوە شارەزایی لەم ئامێرە پەیدا کردووە، ئەو ئێستا قۆتابی قۆناخی دووەمی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی رواندزە، شازاد بۆ زاری کرمانجی باس لە دەستپێکی تێکەڵ بوونی بە موسیقا کردوو گووتی" لای من ئامێری قانون پاشای ئامێرەکان بوو، زۆر گوێم لێ رادەگرت، رۆژ بە رۆژ ئەم خەونەم گەورەبوو، دواتر چووم بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەڵام ژەنیاری ئەم ئامێرە لەوێ بوونی نەبوو، چونکە هەم لەرووی نرخەوە ئامێرێکی گرانە هەمیش ئامێرێکە دەبێت بە نازەوە مامەڵەی لەگەل بکرێت، قانون لە ٨٤ ژێ پێکهاتووە لە رێگای گوستیلە و ریشەیەکی تەنکەوە دەژەندرێت، من ماوەی دوو ساڵە ئەم ئامێرە دەژەنم، باوکم هاوکاریەکی زۆری کردم و هەمیشە پاڵنەرم بووە، لە لایەکی تریشەوە مامۆستا زانا مەلا ئەنوەر کە ژەنیارێکی باشی ئەم ئامێرەیە هاوکارییەکی باشی کردووم، لەهیچ خولێک بەشداریم نەکردووە، ئەمە بەهرەیەکە خودا پێی بەخشیوم هەرچەندە مامۆستایەکی تایبەتم نەبووە لە پەیمانگا تا هاوکارم بێت، بەڵام خۆم توانیم دروستکەری خۆم بم، گوێم لە میلۆدیە کوردیەکان دەگرت تا بە هەوڵ و ماندوو بوون توانیم بیانژەنم ئێستاش هەنگاوێکی باشرم بڕیوە لە ئامێری قانون".
گووتیشی" موزیک بۆمن ئارامی و ئاوەدانیە، بە رای من دەبێت هەموو ماڵێک بۆ تەندروستی خۆیان ئامێرێکی موسیقای تێدابێت، موزیک زمانێکی جیهانییە چێژ بەخشە کاتێک موسیقا دەژەنم و گوێگرەکان چێژ لەم موسیقایە وەردەگرن منیش دڵخۆشدەبم و چێژی لێوەردەگرم، بۆ ژەنینی موسیقایەکی باش دەبێت لە رێگەی نووسینەوەی نۆتە و دانانی ریتم و کێشی موزیکەوە موزیکێکی رێک دابرێژیت و چێژبەخش بێت، بۆ ئەوەی ببیت بە موزیکژەنێکی باش دەبێت هەوڵی زۆر بدەیت و هەرگیز لەو ئامێرەی دەیژەنیت دوور نەکەویتەوە و هەمیشە و بە بەردەوامی مەشقی لەسەر بکەیت و بتوانیت تۆنەکان بۆ ژەنین ئامادەبکەیت، جگە لە موزیک حەزم لە کاری پێشکەشکارییە، بەشداری زۆر چالاکیم کردووە توانیومە لەم دوو ساڵەدا میلۆدی تایبەت بەخۆمم هەبێت و لە چالاکییەکاندا بیژەنمەوە، خەونی من گەیشتنە بە لوتکە و بتوانم لە داهاتوو کاری باش بکەم بۆ سەلماندنی ئەوەی هونەری کوردی لە هونەرە باڵاکانی جیهانە، دەمەوێت گرووپێکی گەورەی ئۆرکێسترای شەرقی دابمەزرێنم تا زیاتر خزمەت بکەین و زیاتر گەنجانمان هان بدەین".

 

 

 

زۆرترین بینراو