قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە چاوەڕوانی  گەرانەوەی دەرماڵەدان

قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە چاوەڕوانی گەرانەوەی دەرماڵەدان

ڕاپۆرت: شوان ئەمین-
بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەساڵی 2013وە دەرماڵەی سەرجەم قوتابییان و خوێندكاران لەناوەندەكانی خوێندن بڕدراوە، بۆماوەی 6ساڵ دەبێت دەرماڵەی قوتابییان بڕاوە كە ئەمەش كێشە و گرفتی بۆ خوێندكاران دروست كردووە تا كار گەیشتۆتە ئەوەی بەشێك لەخوێندكاران واز لە خوێندن بەهێنن بەهۆی نەبوونی پارە.
سەروەت مستەفاخوێندكاری كە بەشی ڕاگەیاندنە لەبارەی گرنگی قوتابی و دەرماڵەوە بۆزاری كرمانجی گووتی"قوتابییان داینەمۆی كۆمەڵگەن،داهاتووی هەر گەل و نەتەوەیەك و روحی ژیان و خزمەت قوتابییە ،قوتابیان ئەو توێژەن كە لەداهاتوودا دەبنە مایەی شانازی بۆ نەتەوەیەك .
سەروەت مستەفا گووتیشی" پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕی جددی لەتوێژی قوتابییان بداتەوەو وەك منەت نا بەڵكو وەكو ئەركێكی سەرشانی خزمەت بەم توێژە بكات، وەك دەزاندرێت قوتابییان ماوەی چوارساڵە دەرماڵەكانیان براوە ئەوە لەكاتێك دابوو كە حكومەتی هەرێم كەوتبووە ژێر فشارێكی ئابووری سەختەوە ناچار دەستی چووە برینی دەرماڵەی قوتابییانیش كە قوتابییان بێ نازترین توێژی ئەم هەرێمەن هەر لەو كاتەوە تاكو ئێستا چەندین رێكخراوی حزبی و ناحكومی قوتابییان بوونیان هەیە ، هیچ كام لەم رێكخراوانە هەوڵیان نەداوە وەك پێویست كار بۆ گەرانەوەی دەرماڵەی قوتابییان بكەن .دەرماڵەكە كە بۆ خۆی برەپارەیەكی كەم بوو، قوتابییان تا ئەندازەیەك سوودمەند دەبوون و كەمێك لە پێداویستیەكانی خۆیان بەهۆی پێدانی ئەو دەرماڵەیە پڕدەكردەوە، سەروەت گووتیشی " بە پێنەدانی ئەو دەرماڵەیە زیاتر قوتابییە كەم دەرامەتەكان زیانیان پێ دەگات و زۆر جار بەهۆی نەبوونی باردۆخێكی ئابوری باش پەنا بۆ كرێكاری و كاری گران دەبن كە زیانێكی زۆر بەر خوێندنەكەیان دەكەوێ .
قوتابی عەبدوڵڵا مەلا هیوا كە لەخوێندنی ئەمساڵ لەسنوری پەروەردەی سۆران یەكەمی سەر ئاستی قوتابخانە ئیسلامیەكان بوو گووتی"من تا ئێستا كێشەی پارەم بۆ دروست نەبووە، بەڵام پێدانی دەرماڵە و یارمەتیدانی قوتابییان كارێكی باشە و ڕەنگە زۆر قوتابی هەبێ لە خانەوادەیەكی هەژار بێ و بەو بڕە پارەیە هەندێك لە خە رجی قوتابخانەی بۆ ئاسان ببێ.
ئەم قوتابیە پێشنیاریشی هەیەو دەڵێت" پێم باشە لە سەرەتای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان حكومەت ئەركی كڕینی جلوبەرگ یان پێداویستییەكانی تری قوتابییان كە لە سەرەتای قوتابخانە پێویستن وەكو كڕینی پێنووس و پێداویستییەكانی تر بگرێتە ئەستۆی خۆی ئەویش بە پێدانی بڕێك پارەی دیاری كراو بە هەر قوتابییەك بەبێ جیاوازی.
خوێندكارێكی ترمان دواند سەبارەت بە دەرماڵەی قوتابیان لە شیكاریە نەخۆشیەكان، ئاشنا ابراهیم بوو بۆگەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابییان بۆزاری كرمانجی گووتی" بە دڵنیایەوە بەپێویستی دەزانم حكوومەت ئەو دەرماڵەیە دابین بكات و بیگەرێنێتەوە ، ڕەنگە دەرماڵە ئەو بڕە پارەیە نەبێ كە هەموو كێشەكانی خوێندكار چارەسەر بكات بەتایبەتی ئەو خوێندكارانەی دەرەوەی شارن بەڵام دەرماڵە دەتوانێ بەلایەنی كەمەوە خوێندكار كرێی هاتووچۆیی پێ دابین بكات. ئاشنا گووتیشی" خوێندكار هەبووە ئەمساڵ لە بەشە ناوخۆیی خۆمان لە لایەن هەندێك خوێندكاری دڵسۆزەوە هەوڵیان بۆ داوە كە بەپێی ویست و توانایی خوێندكاران پارەی بۆ كۆبكەینەوە و یارمەتی بدەین.
پەریها عومەر عەلی خوێندكارێكی تری بەشە ناوەخۆیەكان بوو دەڵێت" قوتابی هەیە ئەو دەرماڵەیەی بۆ ئەبێت بەپاڵ پشت بۆ ئەوەی خوێندنەكەی تەواو بكات، چونكە قوتابی هەیە زۆر كەم دەرامەتە بەڵام كاتێ دەرماڵەی هەبێ زۆر ئەركی لەسەرماڵەوە نابێ و دەتوانێ‌ زۆرێك لەكارەكانی بەهۆی پارەی دەرماڵەوە چارەسەربكات.
زێدان برادۆستی، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەسەر هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان و وەزارەتی دارایش بەڵێنی پێداون لە وەرزی نوێی خوێندنەوە دەست بە دابەشكردنی دەرماڵەی قوتابیان بكرێتەوە.
د.زێدان دەشڵێت" پێشنیارێك هەیە كە دابەشكردنی دەرماڵەكان بە یاسایی بكرێت وهاوشێوەی بەغدای لێبكرێت.
جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆبەوەشكرد" وەزارەتی دارایی مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دینارە بۆ دابەشكردنی دەرماڵەی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان ساڵانەش پێویستی بە چوار ملیۆن دۆلارە.
هەر لەسەر پرسی برینی دەرماڵەی قوتابییان زاری كرمانجی لەناو پەرلەمانی كوردستان زیاتر بەدوا داچوونی كردوو بۆئەو مەبەستەش ، وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان گووتی" هێشتا دیارنییە ئاخۆ دەرماڵە كەی چاك دەبێتەوە ، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوو كاری لەسەر دەكرێت.
ناتوانین بەڵێنی گەڕانەوەی دەرماڵە بدەین بەڵام هەوڵی خۆمان دەدەین، ئەمە قسەی كاوە عبدالقادر جێگری فراكسیۆنی نەوەی نوێ یە لەپەرلەمانی كوردستان بۆزاری كرمانجی گووتی" ئاگاداری ژیانی خوێندكارانم، بۆ ئەمەش یەكەم فراكسیۆن بووین پڕۆژەمان هەبووە، بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەی بتوانین بۆ ئەمساڵ شتێك بۆقوتابییان بۆ بكەین.
مژدە مەحموود ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بۆزاری كرمانجی گووتی" ئێمە لەوەرزی یەكەمی یاسادانان پڕۆژەیی دەرماڵەی خوێندكارانمان پێشكەشكردوە بەڵام نەخرایە بەرنامەی كارەوە، ئێمە لەو وەرزەدا دووبارە پێشكەشی دەكەینەوە بەهیوای ئەوەین چارەسەربێت .
عەبدولستارمەجید سەرۆك فراكسیۆنی كۆمەڵ لەسەر بابەتی دەرماڵەی قوتابییان بەزاری كرمانجی راگەیاند"من وەك خۆم پشتگیری ئەم داوایە دەكەم و بەمافێكی ڕەوای قوتابییا دەزانم ، پەن ابەخوا لە پەرلەمان كار لەسەر ئەم بابەتە دەكەین.
ئەندام پەرلەمانێكی عێراقیش پێیوایە تاكو دۆخی دارایی چاك نەبێتەوە ئەستەمە پرۆژەی گەراندنەوەی دەرماڵەی قوتابییان سەر بگرێت،لەم بارەیەوە سەركەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرسی دەرماڵە بۆ زاری كرمانجی گووتی" من وەك خۆم قوتابی بەشە ناوەخۆیی بوومە، باش لە ئێش و ئازاری قوتابییان تێ دەگەم ،برادەرانی ئێمە لە كوردستان پڕۆژەیان پێشكەش كردووە بۆ ئەو بابەتە بەڵام تا دۆخی بوودجە ئاسایی نەبێتەوە زەحمەتە سەربگرێ سەركەوت شەمسەدین گووتیشی" پێم وایە زەحمەتە ئەمساڵ سەربگرێت چونكە هێشتا بابەتی مووچە چارەسەرنەبووە چۆن دەرماڵە دەگەڕێندرێتەوە.

زۆرترین بینراو