قژ هەڵوەرین لە كاتی دووگیانیدا

قژ هەڵوەرین لە كاتی دووگیانیدا

هەڵوەرینی قژ بەشێوەی ئاسایی پێویستی بە پزیشك نییە، بەڵام ئەگەر هاتوو هەڵوەرینی نائاسایی بوو یا هەڵوەرینی تاڵەكانی قژ لە سروشتی هەڵوەرینی ئاسایی دەرچو و تاڵەكانی قژ ناسك بوو، پێویستە سەردانی پزیشكی تایبەتی پێست بكەن بە مەبەستی پشكنین، بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەم هەڵوەرینە بە هۆی چی روویداوە؟، یەكێك لە هۆكارەكانی قژ هەڵوەرین، دوای منداڵبوون روودەدات، ئەم جۆرەش بە هەڵوەرینی كاتی ناو دەبردرێت كە زۆربەی كات دایكان نیگەران دەكات، لەم بەینەدا هەندێك لە دایكان لەسەر باوەڕی كۆنی خۆیان دەڵێن، لەبەر ئەوەی منداڵ لەم مانگەدا دایكی خۆی دەناسێت بۆیە قژ هەڵدەوەرێت، یان ئەگەر دایكەكە شیری خۆی بداتە منداڵەكەی لاواز دەبێت و قژی هەڵدەوەرێت، كە ئەمە دوورە لە راستی‌و چەندین هۆكاری دیكە هەیە كە دەبێتە هۆی قژ هەڵوەرین، بەشێوەی ئاسایی هەڵوەرینی قژ لە كاتی دووگیانی كەم دەبێت و دوای منداڵ بوون ئەو قژەی كە هەڵنەوەریوە هەڵدەوەرێت،بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵوەرینی قژ بە گشتی 2 تا 3 مانگ دوای منداڵ بوون بە دەردەكەوێت.ئەوەش باشە كە بزانین لە دوای لەبارچوونی منداڵ (بە ئەنقەست یان بە سروشتی) تووشی هەڵوەرینی قژ دەبن،بەڵام هەموو ئافرەتێك دوای منداڵ بوون تووشی هەڵوەرینی قژ نابێت و هەموو ئافرەتێكیش لە هەر جار دووگیان بوونێك تووشی ئەو حاڵەتە نابێت.
چەند خاڵێك هەیە كە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئافرەت لە كاتی دووگیانیدا تووشی هەڵوەرینی قژ نەبێت كە ئەویش ئەم خاڵانەن:
ـ پێویستە ئافرەتی دووگیان تا دەتوانێت دەستكاری قژی نەكات و بە شانەیەكی نەرم قژی شانە بكات.
ـ لە كاتی شووشتنی قژ، دەبێت بە هێمنی و ئارامی قژی بە شامپۆ بشوات و لە كاتی وشككردنەوە خاولییەكی وشك بە كاربهێنێت و زۆر پاڵەپەستۆ نەخاتە سەر قژی و خاولییەكە زۆر بە توندی رانەكێشێت.
ـ دەبێت هەمیشە هەوڵ بدات شێوازی قژی زۆر سادە و ئاسایی بێت و پێویستی زۆر بە بەستن و دەستكاری نەبێت.
ـ لە كاتی هەڵوەرینی قژ زۆر پێویست بە دڵەڕاوكێ‌ و خۆشڵەژاندن ناكات و بە پێچەوانەوە زۆر ئارام و ئاسوودە بن، چونكە ئەمجۆرە هەڵوەرینی قژە تەنها چەند مانگێك دەخایەنێت و شتێكی كاتییە.

زۆرترین بینراو