كابینەكەی مەسرور بارزانی و گرفتەكانی یەكێتی

ئاسۆ حاجی

 

باسكردنی ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند و چۆن دەسەڵاتی هەیە، پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و شەڕی باڵەكانی هەیە بە تایبەتیش ورووژاندنی ئەو پرسە لەو دەمەدا كە یەكێتی بڕیارە كۆنگرە ببەستێ و تێیدا چارەنووسی یەكێتی و سەركردایەتییەكەی یەكلایی بكەنەوە، تا لە سازدانی كۆنگرە نزیك ببینەوە كە چاوەڕوان دەكرێ بەر لە كۆتاییهاتنی ئەمساڵ ببەسترێت ئەوە شەڕی باڵەكان و لە ناو باڵەكانیش شەڕی كارەكتەرەكان توندتر دەبێ تا رادەی شكاندنی ئێسكی یەكتر.
بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو جۆرێك مامەڵەی تایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی پێویست بوو لە راگرتنی دڵی یەكدی و راگرتنی هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا هەبوو، بەڵام قۆناغی ئێستا پێویستی بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی پەیوەندییەكان و شێوازی بەشداری و هاوبەشی لە حوكمڕانیدا دیاری بكرێتەوە، ئەوەشیان بۆ دووركەوتنەوە لە یەكتری نا یا هەوڵدان بۆ قۆڵبادانی یەكدی و تۆڵەكردنەوە كە هۆكارەكەی عیناد سیاسی و بەرچاوتەنگی حیزبی بێت، بەڵكو بۆ راستەڕێ كردنی پڕۆسەی حوكمڕانی و قوڵكردنەوەی دیموكراسییەت بێت و لە هەمووشیان گرنگتر هەر كەسە و كاری خۆی بكات.
ئەو میدیا و كەسانەی كە پەیوەندی نێوان سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی بە ناجێگیر و گرژ وەسف دەكەن زیاتر سەر بە ئامۆزاكەی جێگری سەرۆك وەزیرانن و ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ قوڵتربوونەوەی شەڕی كۆنگرە و جێگرتنەوەی رەوانشاد مام جەلال لە نێوان كوڕەكانی و برازاكانیدا، هەروەها هەوڵدانی ئامۆزاكانی كاك قوبادیش نیشاندەدا لە موخاتەبە كردنی عاتیفەی یەكێتییەكان و هەوڵدان بۆ بە ئاگاهێنانەوەی ئەو یادەوەرییە مێژووییە ناشیرنانەی كە بەرهەمەكەیان شەڕی ناوخۆ و لێكترازاندنی ناو ماڵی كورد بووە، تەنها بۆ ئەوەی خۆیان وەك نەیاری سەرسەختی پارتی نیشان بدەن و ئەو پەیامە بگەیەنن كە ئەوانن جێگرەوەی راستەقینەی تاڵەبانی.
ئەو نووسەرانەی لەو بارەیەوە دەنووسن و ئەو دەزگایانەش كە نووسینەكان بڵاو دەكەنەوە لە ئێمە مانان باشتر دەزانن پۆستی سەرۆك وەزیران و پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران جیاوازیان هەیە، ئەوەش بە یاسا ریكخراوە، هەردوو پۆستەكە تەواوكەری یەكترن و پێكەوە بوونیان لە بڕیاردان و حوكمڕانی پێویست و گرنگە؟ بە دڵنیاییەوە وەڵامەكەی بەڵێیە بە تایبەتیش بۆ واقیعی هەرێمی ئێمە، بەڵام ئەوەیان هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێ كە جێگری سەرۆك وەزیران دەتوانێ ئەو دەسەڵاتانە موماڕەسە بكات كە سەرۆك وەزیران دەیداتێ، ئەوەش نە كەمكردنەوەیەتی لە كەسایەتی و پێگەكەی نە دژایەتی كردنیێەتی بەڵكو كارێكی هەرە ئاسایی و یاساییە و پێویستە لەمەودوا لەگەڵی رابێین.
لە هەرێمی كوردستان نا بەڵكو لە ناوخۆی بەریتانیا چەند كەس ناوی جێگری سەرۆك وەزیران دەزانن، یان هەر وڵاتێكی دیكە، بۆ دەبێ لە هەرێمی كوردستان بەردەوام ناوی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی بەیەكەوە بێ؟ یان دەسەڵات لە نێوانیاندا دابەش دوو بكرێ و هەرێمی كوردستانیش هەر بە دوو بەشی بمێنێتەوە!
باشە چەندین ساڵە هەموومان باسی دەردی كوشندەی دووئیدارەیی و لێكەوتە خراپەكانی ناكەین، باسی جیاوازی هەبوونی خزمەتگوزاری لە نێوان هەولێر و سڵێمانی و زۆنی كەسك و زەرد ناكەین، ئەگەر وایە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دابەشكارییە خراپە و ئەو ناعەدالەتییەی لە نێوان شارەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان هەیە دەبێ لە دژی بووەستینەوە، ئەوەش بە كردار دەكرێ نەك بە دروشم و لێدوان بۆ میدیا.
ئەوەی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی دەیكەن هەنگاونانە بە ئاراستەیەكی باش و راست و كار و بڕیارێكی تەندروستە بۆ مسۆگەر كردنی ئایندەیەكی باشتر لە مۆدێلی حوكمڕانی كوردستان، ئەوەش بە پلە یەك خزمەت بە هاووڵاتییانی ئاسایی دەكات كە بە شێوەیەكی باشتر خزمەتگوزاریان پێبگات و حكومەت بە یەك دەستی بتوانێ باشتر خزمەتیان بكات.

زۆرترین بینراو