كابینەی نوێ بودجەی كوردستان رەوانە دەكات

كابینەی نوێ بودجەی كوردستان رەوانە دەكات

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : دوای دەست لە كاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی بەرێوەچوونی كارەكانی عێراق لە چوارچێوەی حكوومەتی كار بەڕێكەر لە دواین ساتەكانی تەمەنی خۆیدا بە بڕیارێك بودجەی كوردستانی راگرت و لەم چەند رۆژەدا سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دەست بەكار دەبێت و بودجەی كوردستان رەوانە دەكات.
محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی زەرد بە زاری كرمانجی راگەیاند:" بڕینی بودجەی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كە ئێستا كار بەرێكەرە بڕیارێكی تەواو سیاسییە و یاسایی نییە بەهۆی ئەوەی هێشتا بودجەی ساڵی 2019 كار پێدەكرێت و بودجەی ساڵی 2020 پەسەند نەكراوە، بە پێی یاسا پێویست بوو بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رەوانە كرابایە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە كە تا ئێستا بە تەواوی نێردراوە لە كۆتا ساتەكانی بڕیاری بڕینی دا زۆر نایاسایە وەك فشارێك بەكاریان دێنن لە دژی هەرێمی كوردستان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گووتیشی:" پێویستە رێككەوتنێكی ستراتیژی بكرێت لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەڵام ئەم رێككەوتنە دەمێنێت بۆ دوای دەست بەكاربوونی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق بەهۆی ئەوەی كابینەی ئێستا كاربەڕێكەرە.
محەمەد ئەمین فارس، ئەوەشی خستەڕوو:" بڕینی بودجەی كوردستان زۆر هۆكاری هەیە یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كە كورد و سونەو بەشێك لە شیعە پاڵپشتی مستەفا كازمیان كرد كە هێشتا زۆرفی راسپَردراو بوو پێش ئەوەی كازمی رابسپێردێت، بەدڵناییەوە دەبێت حكوومەتی عێراق بودجەی كوردستان وەك خۆی رەوانە بكات بەهۆی ئەوەی بڕیارێكی نایاسایی و نا دەستوورییە ئەگەر كێشەكان تا پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەردەوامیش بن بەڵام لەگەڵ كۆتایی هاتنی كاری حكوومەتی كار بەڕێكەر و دەست بەكاربوونی كابینەی نوێ ناردنی بودجەی كوردستان ئاسایی دەبێتەوە، پێویستە شاندی كوردستان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی راسپێرراو كۆببێتەوە پێش دەست بەكاربوونی ئەم كێشانە لەگەڵ یەكلایی بكاتەوە ئەگەر ئەوانیش بەردەوام بن كارتمان هەیە بەكاربێنین".

زۆرترین بینراو