كادیرە ماف خوراوەكان دەتوانن لە دەستەی چاودێری و  بەدوواداچوون سكاڵا بكەن

كادیرە ماف خوراوەكان دەتوانن لە دەستەی چاودێری و بەدوواداچوون سكاڵا بكەن

موڕشید برادۆستی- محەمەد ئامۆكەیی: مەسعوود ساڵەیی بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە رەوشی نێوخۆی حزبەكەی دەكات و ئاماژە بەوەدەدات "ماوەیەكی زۆرە بەسەر كاتی بەستنی كۆنگرەی پارتی تێدەپەڕێت، ئەمەش پەیوەندی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە و هەستیاری بارودۆخی سیاسی كوردستانیش رەچاو كراوە، هەموو هەوڵێك هەیە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی خۆمان ببەستین".
دەشڵێ " هەر هەڤاڵێكی پارتی لە ئەندامی حزب تا كادیر و بەرپرسی باڵا مافی خۆیانە و رێگە پێدراون لە پێناو بەدوواداچوون و دابینكردنی مافیان، گلەیی و داواكارییەكانی خۆیان بگەیننە دەستەی چاودێری و بەدوواداچوون".
* ئیش و كاری دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونی پارتی چییە ؟
- دەستەیەكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەركی سەرەكیمان ئاگاداربوونە لە رەوش و رێچكەی حزبایەتی و كاروباری پارتایەتی لە پەیوەندی نێوان ئۆڕگانەكان، بەدوواداچوون بۆ ئەو دەزگایانەی حزب و لێكۆڵینەوە لە پابەند بوونییان بە پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی و جێبەجێ كردنی بڕیارەكانی سەرۆك و جێگر و سەركردایەتی، هەروەها ئیش و كاری دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونە بۆ ئەوەی بزانین تا چەند دادپەروەری پارتایەتیی لە نێو ئۆڕگانەكان جێبەجێ دەكرێت و ماف و ئەرك و دەسەڵاتی ئەم ئۆڕگانانە و بەرپرسان و كادیرانی حزب چۆن جێبەجی دەكرێن، ئەركی ئێمەیە هەڵوەستە بكەین لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كاروبارەكان، تا ماف و ئەرك بەشێوەی دادپەروەرانە بۆ كادیر و هەیئەتی حزبی دەستەبەر بێت، لێكۆڵینەوە لە دەستپاكی و پاراستنی سەروەت و سامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو ئۆڕگان و دەزگاكانی.
- رێژەیەكی زۆری كادیرانی پارتی ناڕازیی و دڵگرانن ئێوە ئاگاداری ئەوانن ؟
- پارتی، پارتێكی دیموكراتی و جەماوەریشە، هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت، حزبێكی وا و بزاڤێك كوردایەتی لە چوارچێوەی رێكخستنی حزبیدا بەو شێوەیە بەرفراوانییە، رەنگە دادپەروەری وەك خۆی بەرجەست و جێبەجێی نەكرێت، بۆیە لە نزیكەوە ئاگاداری گلەی و گازندە و هەست و نەستی كادیرانی خۆمانین و زۆربەی نیگەرانییەكانیشیان لە جێی خۆیەتی و سكالاكانیان وەردەگرین، كادیرانمان لەسەر حەقن لە رەخنە و تێبینییەكانیان، چونكە ماف و ئەرك لەبەر رۆشنای پەیڕەوی ناوخۆ بەپێی كاری سیستەمێكی رێنمایەكی حزب جێبەجێ بكرێن. ئەم سكاڵایانەی بە ئێمە دەگات و دوای دیڕاسەت كردن، هەر سكاڵایەكمان بە راست و درووستزانی لە پێناو دابینكردنی مافی كادیر پشتگیری دەكەین و دەیگەینینە شوێنی خۆی. ئەركی هەر هەڤاڵێكی پارتییە لە ئەندامێكی حزب تا كادیر و بەرپرسی باڵای حزب مافی خۆیەتی و رێگە پێدراوە لە پێناو بەدواداچوون و دابینكردنی مافی گلەیی و داواكارییەكانی خۆی بگەینێتە دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونی پارتی .
* تا چەند لێپێچینەوتان لەگەڵ ئەو بەرپرسانە كردووە كەپێشێلكاری و زێدەڕۆیان بۆ سەر موڵكی گشتی كردووە؟
- بەو پێیەی شوێنێكین تایبەتین بە چاودێری و بەدوواداچوونی كاروبارەكانی پارتی، هەر كادیرێك و بەرپرسێك لە حزب و حكومەت بە بەڵگەوە دەستمان بكەوێت كە دەستدرێژی كردۆتە سەر موڵكی گشتی، پێشلكاری و بەكارهێنانی كورسییەكەی بۆ كاروباری تایبەتی خۆی و كارەكانی دژ بە بەرژەوەندی گەلی كوردستانە و سیمای حكومڕانی ناشرین بكات، لە رێگای كەناڵی حزبی خۆمان ئەو پێشیكارییە و خراپ بەڕێوەبەردنی ئیدارییە دەگەینینە سەرووی خۆمان بە مەبەستی وەرگرتنی ئیجرائاتی پێویست .
* پارتی رێژەیەكی زۆری ئەندامی سەركردایەتیی هەیە، بەڵام زۆربەی زۆریان بەدیار ناكەون ؟
- لە كۆنگرەی 13ی پارتی، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە 51 كەس پێكهاتووە لەگەڵ 9 یەدەگ بە هەڵبژاردن لە دوواین كۆنگرە هەڵبژێردراون، بەهەر شێوەیەك لە شێوەكان ئەگەر ئەندامێكی سەركردایەتی نەما ئەوا ئەندامێكی یەدەگ دەچێتە شوێنی، بەڵام رەنگە بەشێك لە ئەندامانیش دووچاری نەخۆشی یا بەساڵاچوون و بێتاقەتی و چەند گرفتێك هەبوون وەك باقی مرۆڤەكان، بەڵام تا كاتی كۆنگرە ناكرێت ئەندامی سەركردایەتی بەبێ هۆ لابدرێن یا زیاد بكرێن .
* زۆربەی جار پارتی دەكەوێتە بەر هێرشی راگەیاندن بەڵام ئەندامانی سەركردایەتی بێهەڵوێستن ؟
- زۆرن ئەوانەی لە سەركردایەتی پارتی و لە ئاستی خوارەوەش كادیری پێشكەوتوو، دەیانەوێ قسە بكەن و وەڵامی هێرشە ناڕەواكانی راگەیاندن بدەنەوە و بەرگری لە پارتی بكەن و تەعبیر لە راستییەكان بكەن و چەواشەكاران بە درۆ بخەنەوە، بەڵام ئێمە ووتەبێژێكمان هەیە و سەركردایەتی پارتی بە درووستی دەزانێ هەموو وەڵامەكان و راگەیاندنەكان تەنها لە رێگەی ووتەبێژەوە بدرێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا پارتی بە رەسمی رێگری لە هیچ ئەندامێكی سەركردایەتی و كادیر نەكردووە تا بەرگری لە پارتی خۆیان نەكەن.
* هەندێ كادیر ناویان لە ئۆرگانەكانی حزب گەڕاوەتەوە تا ئێستا مووچەیان بۆ نەبەستراوە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی فراوانە لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە، ئێمە میلاكی زۆرمان هەیە و زێدەڕۆیی لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتی كراوە، لە پەیڕەوی ناوخۆدا میلاكی هەموو لق و ناوچە و رێكخراو و گشت ئۆرگانەكانی پارتی دیاری كراوە، لە زۆر شوێن دووبەرامبەری میلاكیان هەیە، ئەمەش تا رادەیەك بووەتە بارگرانی لەسەر حزب، ئەمەش رەنگە پەیوەندی بە زەروورییەتی شوێنەكەوە هەبووبێت كە پێویستیان بە زیاد كردنی كادیر هەبووە، ئەو كادیرانەی ناویان گەڕاوەتەوە بە فەرمی بوونەتە كادیر بە پلەی جۆرا و جۆر، لە ئێستادا سەرقاڵی دابین كردنی لایەنی دارایی و دابین كردنی مووچەی مانگانەین بۆیان.
* لەم ساڵانەی دووایدا پارتی هیچ خولی بەهێزكردنی بۆ كادیران نەكردۆتەوە بە تایبەت كادیرانی ئاستی خوارەوە ؟
- پارتی لە پێگەیاندنی كادیری خۆی بەردەوام بووە، ئێمە چەند شوێنێكمان هەیە وەك ئەكادیمایی پارتی و پەیمانگای كادیران و سەنتەری دیراسەت و چەند شوێنێكی تر تیایدا لە رێگەی خول و كۆڕ و سمینار و راهێنان بە كادیران دەكرێت و كادیران پێدەگەێندرێت و لە ماوەیەكی نزیكدا پارتی خولی بەهێزكردن بۆ كادیران دەست پێدەكاتەوە.
* پارتی بەرنامەی گۆڕین و ئاڵووگۆڕكردنی بەرپرسانی حزبی هەیە ؟
- گۆڕین و جێگۆڕكێ لە نێو پارتیدا پڕۆسەیەكی بەردەوام بووە لە هەموو قۆناغەكان، بۆ چاككردنی ئەدای لێپرسراو و ئۆڕگانەكان ئەم گۆڕانكارییە ئەنجام دەدات لە هەر كات و ساتی پێویست بێت. لە ماوەی رابردوو چەند گۆڕانكارییەك كرا سەركردایەتی پارتی بە قەناعەتەوە كردوویەتی كە ئەو گۆڕاكارییانە سوود بەخش دەبێت، ئەنجامەكەش لە كاركردن دیار دەبێت، بۆ گۆڕینی بەرپرسانی باڵای پارتی تا رادەیەك پەیوەندی بە بەستنی كۆنگرەوە هەیە.
* پارتی كەی كۆنگرەی خۆی دەبەستێت ؟
- ماوەیەكی زۆر بەسەر كاتی بەستنی كۆنگرەی پارتی تێدەپەڕێت، ئەمەش پەیوەندی چەند هۆكارێكەوە هەیە و هەستیاری بارودۆخی سیاسی كوردستانیش رەچاو كراوە، هەموو هەوڵێك هەیە كە بەر لە كۆتایی ساڵ كۆنگرەی خۆمان ببەستین، لە كۆنگرەدا دەموو چاوی تازە ئەندامی سەركردایەتی نوێ و بەرپرسی نوێ دێنە نێو كاری حزبایەتی .
* نەبوونی راپۆرتی ئاستی خوارەوە و نەگەیشتنی داواكاری و سكاڵاكانیان بە شوێنی مەبەست بۆچی دەگەڕێنییەوە ؟
- یەكێك لە ئەركی كەناڵەكەمان بەدوواداچوونە، ئێمە لە نزیكەوە و بە شێوەی مەیدانی سەردانی زۆربەی زۆری لق و ناوچە و رێكخراوەكانمان كردووە، سكاڵا و داواكاریمان لە رێكخستنەكانی پارتی بە دەست گەیشتووە، لەوانە خانەوادەی دڵسۆزی پارتی و پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان و كادیرەكان داواكاری ئەوانمان بەرز كردۆتەوە و زۆر جار داواكارییەكانمان ئاڕاستەی لای سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی كردووە .
* دۆخی سیاسی كوردستان چۆن دەبینی ؟
- ئەم دۆخەی كە ئێستا كوردستانی پێگەیشتووە، لە ئەنجامی خەباتی گەلی كوردستان بووە بەشێوەیەكی گشتی و بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە و جەماوەری كوردستان بووە، بەتایبەت لە هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز و راپەڕین، خەڵكی كوردستان ئەوە بەباشی دەزانن بە هەوڵ و هیمەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی پارتی توانراوە تا رادەیەكی باش بارودۆخێكی لەبارتر دەستەبەر بكەن.
* هەماهەنگی لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان چۆن دەبینی ؟
- لایەنە سەرەكییەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی باش هاتوونەتە پێش و بەشدار بوون، بەو ئاڕاستەی سوود لە بەرنامە و پێشنیاری هەموو لایەك وەربگیرێ و بكرێت بە بەرنامەی حكوومی و هەموو لایەك پابەند بن پێوەی، چاوەڕوان دەكەین ئەنجامێكی باش بێت و پێویستە یەكگر و كۆك بین و پێكەوە هاوكار و هەماهەنگی یەكتر بین، چونكە لە ئەزموونی پێشتر ئەوەمان بۆ روون بۆتەوە كە بەهۆی پەرتەوازەیی دۆخی كوردستان باش نابێت .
* پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا چۆن هەڵدەسەنگێنی ؟
- پەیوەندییەكان لە كاتی دەست بەكاربوونی عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرەو باشتر دەروات، بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەكی لە مێژینەی لەگەڵ كورد هەیە، لە سەردەمی شۆڕش و دوای راپەڕینیش، بەباشی لە كێشەی كورد تێگەیشتووە و پیاوێكی كراوەیەوە و گەشبینین بە هەنگاوەكان، بۆیە پەیوەندییەكان باشترن بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، پێمان وایە دۆخێكی باشتر دێتە ئاراوە و پەیوەندیەكانیش باشتر و بەهێزتر دەبن، جێخۆیەتی هەوڵی تەواو بدرێت بۆ جێبەجێ كردنی هەموو ماددەكانی دەستوور بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندی دارن بە خاك و خەڵكی كوردستان و دەستە بەركردنی مافەكانی هەرێمی كوردستان .
* سیاسیەتی پەكەكە چۆن دەبینی ؟
- بەهۆی سیاسەتی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەكان سەدان گوند چۆڵكراون و چەندان هاووڵاتی سڤیلیش بەهۆی شەڕ و پێكدادانی پەكەكە و توركیا بوونەتە قوربانی و هاووڵاتییان زەرەر و زیانی زۆری ماددییان پێگەیشتووە. پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەستپێكی درووست بوونی تا ئێستا لایەنگری چارەسەر كردنی ئاشتیانەی دیموكراسیانەی كێشەی كورد بووە لە هەموو پارچەكانی كوردستان بێ ئەوەی دەستێوەردان بكات لە تایبەتمەندی نێو حزبەكانی پارچەكانی تری كوردستان، پەكەكە هیچ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، پێویست ناكات لێرە خەباتی شاخ ئەنجام بدەن، گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و چەكداری ئەوان توركیایە، بەكار هێنانی خاكی كوردستان لە لایەن پەكەكەوە نادرووست و هەڵەیە ئەمە زیان بە كێشەی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان دەگەینێت.
هەرێمی كوردستان نیازی هیچ شەڕێكی نییە لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە، بەڵام مافی خۆشیەتی لە هەر شوێنێك دەستدرێژی بكرێتە سەری بەرگری لەخۆی بكات . بێگومان داگیركەران و دوژمنانی ئایندەی كورد هیچ كات ناخوازن ئەم هەرێمە و كورد بەگشتی سەربەرز و سەرفراز و سەربەخۆ بێ، بۆیە خەریكی پیلانن و دەیانەوێت كورد بە گژی كوردا بكەن و سەرقاڵی نانەوەی دووبەرەكی و كۆسپ و ئاستەنگ و نارەحەتی لە نێوان هەموو لایەكەمان درووست بكات . ئەگینا پەكەكە بۆ هەڕەشەی ئەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان دەكەن بە گۆڕەپانی شەڕ. هەموو كاتێك سەرۆك بارزانی یا نێچیروان بارزانی ئەگەر داوایان لێكرا بێت یا پێویست بوو بێ درێغییان نەكردووە كە ببنە هۆكارێك بۆ چارەسەری كێشەی كوردانی باكوور بەگشتی لەگەڵ توركیا تا ئەشتەوای و دیموكراسی درووست ببێ، بەڵام جێبەجێ نەكردنی پڕۆسەی ئاشتی پەیوەندی بە حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە هەیە .
* پەیوەندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چۆنە ؟
- هەرێمی كوردستان هەمیشە لەسەر بنچینە و بنەمای دراوسێیەتی چاك و بەرژەوەندی هاوبەش توانیویەتی لە دوای دروستبوونی حكومەتی هەرێم تا ئێستاشی لەگەڵ بێت رێز لە دراوسێكانمان گرتووە و هەموو هەوڵێك دراوە نەبینە كێشە و گرفت بۆ دراوسێكانمان. زۆرجار لە پەیوەندییەكاندا هەوراز و نشێویش هەبووە ئەمەش رەنگە بە خواست و ئیڕادەی ئێمە نەبووبێ. ئەو خیانەتەی لە 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجامدرا، هەموو مەبەستێك و پیلانێكییان بۆ لاواز كردنی هەرێمی كوردستان و ناشرینكردنی پێگەی هەرێم بوو، بەڵام بە هیمەتی سەرۆك بارزانی و قارەمانییەتی پێشمەرگە و خۆڕاگری ئەوان بەتایبەت لە سحێلا و پردێ و چەند شوێنێكی تر رێگر بوون لە پیلانی 16ی ئۆكتۆبەر و نەیان هێشت ئامانجی خۆیان بپێكن، ئەو دیبلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی و ئەو دوور بینییە و ئارامییەی هەی بوو توانی كوردستان لەو تەنگەژە سیاسی و ئابووری و حكومڕانی لە بارودۆخە نالەبار بگۆڕدرێت و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ ئاسایی بكاتەوە و ئێستا پەیوەندی بەهێز لە نێوان كوردستان و وڵاتان هەیە.
- ئەگەر لە نێوان ئێران و ئەمریكا جەنگ روو بدات هیچ مەترسییەك لە سەر هەرێم هەیە ؟
- هیچ شەڕێك بێ زیان و كاولكاری نییە، بەتایبەت ئەگەر شەڕەكە لە وڵاتێكی دراوسێی نزیكەوە بێت بێگومان پڕووشكی شەڕەكەمان بەردەكەوێت، لە ئێستادا گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا بە زەقی دیارە و ئەگەری پێكدادان لە ئارادایە، بەڵام پارتی و هەرێمی كوردستان ئامانجییانە نەبین بەلایەنگری یەكێك لەو دوو وڵاتە، ئەگەر شەڕەكەش روویدا ئێمە لە گۆڕەپانی شەڕەكە دوور نین و رەنگە زەرەرمەندیش بین.
- بەریتانیا سەرۆك وەزیرانی خۆی گۆڕیوە، پێت وایە گۆڕانكاری هەرێم لەگەڵ ئەو وڵاتە روو بدات ؟
- پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جیهان و وڵاتانی دەرەوە بەگشتی لە ئاستێكی باشدایە و كوردستان خاوەن پێگەیەكی بەهێزی گرنگە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و دیبلۆماسییەتی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كە توانیویانە پەیوەندییەكان باشتر بكەن و هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی وڵاتان بناسێنن، وابەدی دەكەین پەیوەندییەكی باشتر لە بەرژەوەندی گشتی كوردستان و كێشەی كورد بەتایبەتی رەنگبداتەوە .

مەسعوود مستەفا كاكە حەمە، ناسراو بە ( مەسعوود ساڵەیی ) لەدایكبووی ساڵی 1948 و خەڵكی قەزای دووبزی سەربە پارێزگەی كەركووكە، كادیر و سەركردەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانە، لە ناوەڕاستی ساڵی شەستەكان پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە، لە ساڵی 1989 بۆ یەكەمینجار لە كۆنگرەی دەیەمی پارتی بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، ماوەیەكیش ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە و لە ساڵانی رابردوو چەندین پۆستی باڵایی جیا جیای لە نێو ئۆڕگانەكانی پارتی پێدراوە، بە بڕیاری سەرۆك بارزانی دەكرێتە بەرپرسی دەستەی چاودێری و بەدوواداچوونی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەرپرسیارییەتی وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسییە.

 

زۆرترین بینراو