كاریگەری ڕاگەیاندن لەسەر تاك و كۆمەڵگا بەگشتی ..!!

هــــــــەژار ســـورچی

ڕاگەیاندن چیە؟
راگەیاندن بریتییە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری ڕاست و دروست بە ئامانجی هۆشیار كردنی تاكەكانی كۆمەڵگە و ئاگاداركردنەوەیان لە ڕووداوەكانی دەوروبەریان.. ڕاگەیاندن بەگشتی دوو ڕۆڵ و ئامانجی سەرەكی هەیە لەنێو هەر كۆمەڵگەیەك، یەكەم ڕۆڵ هۆشیاركردنەوە و ڕۆشنبیركردنی تاك ئامانج لێی بنیاتنانی تاك و دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و تەندروستە، دووهەمین ڕۆڵ هەڵخەڵتاندنی تاك و چەواشەكاری ڕای گشتی وە ئامانجی لێی لەنێوچوونی تاك و داڕمانی كۆمەڵگەیە كە سەرەنجام دەبێتە كۆمەڵگایەكی ناتەندروست، لێرەوە تیشك دەخەمە سەر ئەو دوو جیاوازیەی تەندروست و ناتەندروستیەی ڕاگەیاندن..
ڕاگەیاندنی تەندروست بریتیە لەو ڕاگەیاندنەی كە پەنجە دەخاتە سەر تێكڕایی گیروگرفتەكانی كۆمەڵگا، وە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەو گیروگرفتانە دەكات كە بەرۆكی تاك بەتاكی كۆمەڵگە دەگرێت لەنێویشیانەوە سێكتەرەكانی حكومڕانی و كۆی گشتی سیستەمی كارگێری ووڵات، هۆكارەكانی سەرهەڵدان و زۆربوونی كێشەو گیروگرفت و تاوانەكان دەخاتە ڕوو بۆ لایەنی پەیوەندیدار، دواتر هەر لەڕێگای ڕاگەیاندنەوە چارەسەریەكان بەشێوەیەكی زانستی پێشكەش دەكات بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەست و پەیوەندیدار بەپەلە بەدەم كێشەكان بچن و چارەسەری گونجاو بۆ تێكڕایی كێشەكان بدۆزنەوە و دۆخەكە تاڕادەیەك كۆنتڕۆڵ بكەن، بۆ نەهێشتنی كێشەو گرفت و تاوانەكان بە كورتی ڕاگەیاندنی تەندروست دەبێت دەرمان بێت بۆ نەخۆشیەكانی كۆمەڵگا، ڕاگەیاندنی تەندروست ووڵات بەرەو پێشەكەوتن و گەشەسەندن دەبات لەهەموو ڕوویەكەوە، وەهەروەها ڕاگەیاندنی تەندروست هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن بە شێوەیەكی تەندروست.
ڕاگەیاندنی نـــاتەندروست ڕێك پێچەوانەی ڕاگەیاندنی تەندروستە، هەمیشە دەیەوێت كێشە بۆ تاك و كۆمەڵگاو سیستەمی گشتی حكومڕانی دروست بكات، بگرە لە دروستكردنی پڕوپاگەندە و هەڵخەڵتاندن و سەرگەرمكردنی تاك بە شتی لاوەكی و بێ سوود بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی وە چەواشەكردنی ڕای گشتی، ڕاگەیاندنی ناتەدروست هەمیشە دەگەڕێت بۆ كەم و كورتیەكان و خاڵە لاوازەكان، دواتر زەقكردنەوە و گەورەكردن زیاتر لە قەبارەی خۆی نیشان دەدات، بۆ ئەوەی تاك و ڕای گشتی بەلاڕێدا ببات، بە كورتیەكەی ڕاگەیاندنی نــاتەندروست نەخۆشییە بۆ كۆمەڵگا،ڕێگرە لەبەرەو پێشچوون و گەشەسەندنی ووڵات لە گشت سێكتەرەكان.
هەروەكو جۆزیف گۆبلز بەرپرسی پڕوپاگەندەی نازیەكان كە دەڵێ "ڕاگەیاندنێكی بێ ویژدانم پێ بدە، میللەتێكی نــا وشیاریت پێ دەدەم".
وە لەكۆتایدا دەڵێم ڕاگەیاندنی تەندروست یەكسانە بە كۆمەڵگەیەكی تەندروست و دەوڵەمەند، وە ڕاگەیاندنی نــاتەندروست یەكسانە بە كۆمەڵگایەكی نــاتەندروست و هەژار.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

سەرمایەی وڵات

سەرمایەی وڵات

با بگەڕێینەوە گوند

با بگەڕێینەوە گوند

پێكەوەژیانی پێكهاتەكان

پێكەوەژیانی پێكهاتەكان

بیروڕا

زۆرترین بینراو