كامەران ئیبراهیم:  بڕیاری رێگە گرتن لە هاوردە كردنی هێلكە لە جێی خۆی بوو

كامەران ئیبراهیم: بڕیاری رێگە گرتن لە هاوردە كردنی هێلكە لە جێی خۆی بوو

لەبەشی دووەمی دیمانە تایبەتەكەیدا، كامەران ابراهیم شێروانی، مامۆستای زانكۆ و خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە دارایی بۆ زاری كرمانجی باس لەوە دەكات،" بەهێزی و بێ هێزی ئابووری وڵاتان بە زیادبوونی ڕێژەی بووژانەوەی بەرهەمی ناوەخۆی ئەو وڵاتە پێوانە دەكرێت".
دیمانە : محەممەد مەحموود
* بڕیاری حكومەت و پەرلەمانی عێراق لەبارەی رێگە گرتن لە هاوردەكردنی هێلكە درووست بوو؟
- بڕیاری حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە ڕێگەگرتن لە هاوردەكردنی هێلكە لە دەرەوەی عێراق، كە مەبەستی سەرەكی لێی سوود وەرگرتنە لە بەرهەمی ناوەخۆ كە ساڵانە خاوەن پیشەسازی پەلەوەرەكان بە دەستی زۆری هێلكەی هاوردەكراو دەناڵێنن، بە بۆچوونی زۆرێك لە ئابووری ناسان و چاودێرانی بازاڕ، بڕیارێكی لە جێی خۆی بوو، زۆریش پێویستە بۆ بوژانەوەی ئابووری وڵات و پشت بەستن بە بەرهەمی ناوخۆ، بڕیارێكی لەم چەشنە بۆ هەرێمی كوردستان نەك پێویستە، بەڵكو زەڕووڕەتێكی سەردەمییە، دەبێت بڕیارێكی لەم چەشنە لە هەرێمی كوردستانیش بدرێت، هاوردەكردنی هەندێك بەرهەم ڕێگەی لێبگیرێت بۆ ناو هەرێم. هەرچەندە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق تاڕادیەك بازاڕی هێلكەی لە كوردستان و عێراقیشدا شڵەژاند، بەڵام هەرچۆنێك بێت بە هەموو پێوەرەكانی ئابووری و دارایی بڕیارێكی سەركەوتوو بوو، رەنگە بۆ ماوەیەكی كاتی نرخی هێلكە هەڵاوسان بەخۆیەوە ببینێت لە بازاڕەكانی خوارووی عێراق و بگرە لە كوردستانیش، بەڵام دۆخی شڵەژاوی بازاڕ زۆر بە زووی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، چونكە بەپێی ئامارەكان هەرێمی كوردستان خاوەنی 11 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكەیە، كە بەداخەوە ئێستا تەنها 5 دانەیان هێلكە بەرهەم دەهێنن، ئەگەر هەر 11 پڕۆژەكە بكەونە كارو هێلكە بەرهەم بهێنن پێویستی كوردستان بە هێلكە پڕدەكەنەوە و دەتواندرێت هەناردەی خوارووی عێراقیش بكرێت، ئەم ئامارانە پێمان دەڵێن داهاتووی بەرهەمی ناوخۆی كوردستان رۆشنە، بە مەرجێك بڕیار و پلانی تۆكمە و زانستی هەبێت بۆ بەرهەمی ناوخۆ.
* دەكرێت هێلكە وەك بنەماییەك بەكار بێنین بۆ بە هێز كردنی ئابووری وڵات؟
- بەهێزی و بێ هێزی ئابووری وڵاتان بە زیادبوونی ڕێژەی بووژانەوەی بەرهەمی ناوەخۆ 1GDP ئەو وڵاتە پێوانە دەكرێت، بێگومان هەرچەند ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆ زیاد بێت ئابووری و ئاسایشی دارایی زیاتر ئەهوەن دەبێت و پەرە دەسەنێت، بۆیە دەتوانین هێلكە بكەین بە بناغەی بە‌هێزكردنی ئابووری وڵات لە ڕووی هەوڵدان بۆ زیادكردنی هەموو ئەو بەرهەمانەی كە دەتوانین لە كوردستان بەرهەمیان بهێنین.
مەگەر هەر پارساڵ نەبوو هیچ شوێنێكمان نەبوو ئەو گەنمە زۆرەی جوتیارەكانمانی تێدا خەزن بكەین؟ مەگەر هەر پارساڵ نەبوو پەتاتەی كوردستان هەناردەی وڵاتی سعودییە كرا؟ بۆ دەبێت تەنها پشت بە بەرهەمی بیانی ببەستین، ناكرێت تەنها هاوردەكردنی كەل و پەلی وڵاتان سەرچاوەی هەبوونی بازاڕێكی سەقامگیر بێت، وڵاتانی دراوسێ لە هەردوو لایەنی ئابووری و سیاسی سوود لەم ئاڵوگۆڕە وەردەگرن، لەڕووی ئابووری بازاڕێكی باش و ئاسانیان دەستكەوتووە بۆ ساخكردنەوەی كاڵاكانیان، لە ڕووی سیاسییەوە هەر كات ویستیان ئەم بازاڕە وەك كارتێكی فشار بەكار دەهێنن، كە بچووكترین هەوڵ بدەین بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییمان وڵاتان هەڕەشەی گرتنی سنوورەكانیان دەكەن بەڕووماندا، (وەك ئەوەی ئێران لە سەرووبەندی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان سنوورەكانی لەسەر داخستین).
* دەكرێت بۆ هەموو بەرهەمێك پشت بە دەرەوە ببەستین؟
- خاكی كوردستان بە گوێرەی قسەی شارەزایانی بواری كشتوكاڵ و جیۆلۆجیا خاكێكی زۆر بەپیت و بەرەكەتە، خاوەن ئاوێكی سازگار و شیرینە، دەتوانین بە پلانێكی تۆكمە ئەم بابەتە بكەین بە پشت و پەنا بۆ مسۆگەر كردنی داهاتووی كوردستان، ناكرێت وڵاتێك یا هەرێمێك خاوەنی ئەم خاك و ئاوەبێت و بچووكترین و سادەترین پێداویستی خۆی لە دەرەوە هاوردە بكات، جگە لەوەش زۆرجار هاووڵاتییان گلەییان لە بەرهەمەكانیان و كوالێتی و شێوەی بەرهەم هێنان و دروستكردنی ئەو بەرهەمە بیانیانە هەیە.
* ئەركی هاووڵاتییان چی دەبێت لەم بوارەوە؟
- هاونیشتمانیان رۆڵێكی گەورە دەگێڕن لە زیاد كردنی بەرهەمی ناوخۆ، ئەویش لە ڕێگەی هاندانی جووتیاران بۆ زیاد كرنی بەرهەمی ناوخۆ لە ڕێگەی كڕین و بەكارهێنانی بەرهەمەكانیان ئەگەر تۆزێك گرانتریش بێت، دەشێ ئەمساڵ ژمارەیەكی كەم لە جووتیاران یا خاوەن زەوییەكان، زەوییەكانیان دابچێنن لە ترسی بە بازاڕ كردنی بەرهەمەكانیان، هەر چەندە چۆنییەتی خاوەنداریكردنی زەوی كشتوكاڵیش جێگەی تێبینیە لە كوردستان، بۆیە ئەگەر هاووڵاتییان پێشوازییەكی باش لەبەرهەمەكانیان بكەن بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی هاندانی جووتیارانی دیكەش بۆ داچاندنی زەوییەكانیان، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر زۆربوونی بەرهەم و دابەزینی نرخ بۆ ئاستی گونجاو. بۆیە دەبێت هاووڵاتییان بەم ئەركە نیشتمانییەی خۆیان هەڵبستن، هەوڵ بدەن زۆرترین بەرهەمی ناوخۆ ساخ بكەنەوە.

زۆرترین بینراو