كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا

لەیلا بەرزنجی

لەگەڵ دەست پێكردنی خوێندن و كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان، بەگشتی قوتابی دووچاری ترس و دڵە ڕاوكێ دەبێت، بەتایبەتی بۆئەمساڵی خوێندن بە هۆی هەبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا،بەهۆی هەبوونی ئەم دۆخە تەندروستیە نەخوازراوە ماوەیەكی زۆرە قوتابییەكان دابڕاون لە خوێندن.
دوای ئەو بڕیارانەی وەزارەتی پەروەردە، ماوەیەكی زۆر نەماوە بۆ دەست پێكردنی ساڵی تازەی خوێندن لە قوتابخانەكانی هەریمی كوردستان، لەم باروودۆخەی ئێستا كە هەموو جیهانی گرتۆتەوە، لەگەڵ بوونی (ڤایرۆسی كۆڤێد ١٩)ە، كردنەوەی دەرگاكانی قوتابخانەكان ئامادەباشی وكاری زۆری دەوێت بۆ ئەوەی قوتابییان و مامۆستایان و كارمەندانی كەرتی پەروەردە پارێزراوبن،بەڵام بەهۆی سەختی باری ئابووریی و خراپی دۆخە تەندروستیەكە، بوونەتە هۆكاری سەخەت لەبەردەم پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن، بۆیە بڕیاردان بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان كارێكی ئاسان نابێت بەهۆی راگەیاندنەكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، چونكە ئەمانە ترسی زیاتری لەلای خێزانەكان دروست كردوە و جیهانە پاك و بێگەردەكەی منداڵی شێواندوە، بۆیە من پێموایە كە مەترسیەكی گەورە لە رێگایە بەو هۆیەوە بەشێوازێكی وا كەوا دڵەڕاوكێ هەبێت ، بڕیاردان لەسەر كردنەوەی دەرگای قوتابخانە كارێكی ئەستەمەو ئامادەكاری باشی دەوێت، بەتایبەتی بۆ قوتابییانی پۆلی یەك و قۆناغی بنەڕەتی پێویستە ترس و دڵەڕاوكێكان كەم بكرێنەوە.
گرنگە ڕێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ بكەین، بە شێوازێك نەبێت كە كاریگەری خراپ لەسەر خوێندكاران درووست بكات و ببێتە هۆی‌ دوركەوتنەوە لە قوتابخانەو ئارەزووی نەكردنەوەی قوتابخانە و چێژ وەرنەگرتن لە خوێندن درووست ببێت، پێویستە وەزارەتی پەروەردە بڕیارێكی بەسوود بدات بۆ ئەوەی كەمترین بەركەوتن درووست نەبێت، هەرچەندە كەمی باڵەخانەی قوتابخانە لەهەندێك شوێن كەوا قوتابییەكی زۆری هەیە، ئەمەش وادەكات كارەكە قورس تر بكات، بە بڕوای من دابەشكردنی قوتابی بەسەر دوودەوام باشترین ڕێگایە بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانە، چونكە بەركەوتن كەم دەبێتەوە، هەروەها هۆشیار كردنەوەی خێزانەكانیان لە ئاگاداربوونیان لە تەندروستی منداڵەكانیان هەتا ئەگەر نیشانەو بەركەوتنێك هەبێت زوو چارەسەر بكرێ و ئاگاداری قوتابخانە بكەنەوە، لەهەمان كات ئامادەكاری بكرێ بۆ توێژەری كۆمەڵایەتی تاكو لەنزیكەوە ئاگاداری رەوشی قوتابی بێت، ئەگەر بكرێ بەشداری خوولێكی كورتی تەندروستی بكات بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنابكرێ بە زانیاری تەواو لەسەر ئەم ڤایرۆسەو هێور كردنەوەی دەروونی قوتابی بۆ ئەوەی ترسەكەی بشكێنیت و بەئاسانی لەسەری تێبپەڕێ،لە هەمانكاتدا پێویستە بەڕێوەبەر و مامۆستاكان كەشو هەوایەكی ئەو تۆ درووست بكەن كە قوتابییەكان بە خۆشیەكی زۆرەوە روو لە خوێندن و قوتابخانەكانیان بكەن، پێویستە لەكاتی كردنەوەی دەرگای قوتابخانە ئامادەكاری بكرێ بۆ پاك ڕاگرتن و جێ‌ بەجێ‌ كردنی رێنماییە تەندروستییەكان بۆ سەلامەتی گیانی قوتابییان و خێزانەكانیان، رۆژانە لە راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەموو لایەنەكان تەواوی رێنماییەكان دەزانین و پێویستە لەبەر چاویان بگرین.
پێویستە رێنماییەكان بەجۆرێك بن كە وانەبێت ترس و تۆقاندن لەلای قوتابییان درووست بكات بۆ ئەم كارەش پێویستە خێزانەكانیش هاوكاربن لەگەڵ ستافی قوتابخانە، چونكە بۆ ئەم كاتە زۆر هەستیارەو پێویستە زۆر گەورە نەكرێ لەسەر قوتابی ، لەلایەكی تر دەنگۆی قوتابخانەی ماڵەوە واتە ئۆنلاین هەیە بۆ قوتابی، من ئەمەم زۆر پێ خراپەن چونكە پارساڵ بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەڕێوەنەچوو، واتە بە بۆ چوونی من و زۆرێك لەهاوڕێ و هاوپیشەكانم هەرچەندە قوتابی ماوەیەك لەقوتابخانە بوو لەپاشان دەرگای قوتابخانەكان داخرا و رێگای قوتابخانەی ئۆنلاین گیرایە بەر بەڵام لەزۆر شوێن بەو شێوەیە پێشوازی لێنەكرا هەتا بتوانین بۆدۆخی ئێستا بەجێگرەوەی دابنێن.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو