كشتوكاڵ و كاریگەرییەكانی لەسەر ئابووری هەرێمی كوردستان

شەیما جەمال كوێخا

مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە بواری ئاسایشی خۆراك

كشتوكاڵ گرنگە بۆ هەموو وڵاتان و بەتایبەت بۆ هەریمی كوردستان ، رۆڵی هەیە لە بووژانەوەی ژێر خانی ئابووری و ئابووری گشتی، هەروها رۆڵی هەیە لە دابین كردنی ئاسایشی خۆراك بەو پێیەیی زۆربەی مادە خۆراكییەكان لە دەرەوە هاوردە دەكات، ئەمەش وا دەكات هەرێمی كوردستان لە ژێر رەحمەتی بەرزبوونەی نرخی خۆراك و گۆڕانكاری بازاڕەكانی جیهاندا بێت، لەبەر ئەم هۆكارانە و هۆكاری تر بووژاندنەوەی كشتوكاڵی ناوخۆیی گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ هەرێم .
شۆڕشی كشتوكاڵی بە شۆڕشێكی سەرەكی و بەردەوام دادەندرێت لە نێو كۆمەڵگەكان و بەتایبەت لە نێو كۆمەڵگە سەرەتاییەكان، مرۆڤە سەرەتاییەكان گرنگیان بە ڕاوكردن داوە بۆ بەدەست هێنانی خۆراكی رۆژانەیان و بەردەوام لە گەڕان بوون تا ئەوكاتەی كشتوكاڵیان دۆزییەوە بۆ یەكەم جار لە شارستانییەتی سۆمەری دۆزرایەوە, بۆ یەكەم جار گەنم لە گوندی چەرمۆ لە هەرێمی كوردستان دۆزرایەوە, هەر لەو كاتەوە شۆڕشی كشتوكاڵی دەستی پێكردوەو بەردوامی هەبووە تاگەشتۆەتە ئەو قۆناغەی زۆرێك لە كۆمەڵگەكان بە هۆی شۆڕشی كشتوكاڵییەوە لە بوارەكانی تری ئابووری پێشكەوتنی گەورەیان بە خۆیانەوە بینیوەو ئێستا كۆنتڕۆڵی نیوەی جیهانیان بەدەستەوەیە, شۆڕشی كشتوكاڵی كە چەندین سەدە بەردەوام بووەو تا مرۆڤایەتی بوونی هەبێ لە سەر زەوی ئەم شۆڕشە كۆتایی پێ نایەت و بەردەوام دەبێت مەبەست لەم شۆڕشە نەهێشتنی برسێتی و هەژارییە و دابین كردنی ئاسایشی خۆراكە و بەردەوامبوونی مرۆڤ لە بەدەست هێنانی سەرەتایی ترین مافاكانیان كە ئەویش خۆراكێكی تەندورست و باشە، ئەوەی جێگای تێڕامانە گەلی كورد نەیانتوانیوە سوودی تەواو لەم شۆڕشە ببینن و دۆخی كشتوكاڵ بەم ڕۆژە نەگات .
كشتوكاڵ ڕۆڵێكی گرنگی هەیە لە پێشكەوتنی ئابووری وڵاتانی تازە پێگەشتوو بەو پێیەی بڕێكی زۆر لە داهاتی وڵات بۆ دابینكردنی خۆراك خەرج دەكرێت و بەمەش ناتواندرێ گرنگییەكی باش بە سێكتەرەكانی تر بدات، بۆیە پێشكەوتنی كشتوكاڵ وەك بەردی بناغەی پێشكەوتنی وڵاتانی تازە پێگەشتوو دادەندرێت, زۆر جار باسی وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان دەكرێت ئەمەوی ئەوە ڕوون بكەمەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێڕاق و بە وڵاتێكی تازە پێگەیوشتوو هەژمار دەكرێت، بۆیە كشتوكاڵ رۆڵێكی گرنگی دەبێت لە بەرەو پێشچوونی ژێر خانی ئابووری و هیچی كەمتر نییە لە بەرهەم هێنانی نەوت, بەو پێیەی زۆربەی داهاتی نەوت لە عێڕاق و هەرێم بۆ كۆمپانیا نەوتێكان و بابەتی لاوەكییەوە خەرج دەكرێت و بەشێكی تری بۆ دابین كردنی خۆراك .
كەرتی كشتوكاڵ نەك تەنها خۆراك بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات و ژێرخانی ئابووری بەرەو پێشەوە دەبات و ئاسایشی خۆراكی هاووڵاتییان مسۆگەر دەكات، بەڵكو هەلی كار بۆ زۆربەی تاكەكانی كومەڵگە بە هەر دوو ڕەگەزەوە دابین دەكات. بەڵام بەداخەوە ئەگەر خوێندنەوەیەك بۆ عێڕاق و هەرێمی كوردستان بكەین لە ساڵی 2017 بڕی ئەو زەویەیی گونجاوە بۆ كشتوكاڵا نزیكەی (23 ملیون دونم )بووە ئەمە لە عێڕاق جگە لەو زەویانەی دەكەوێتە چوار چێوەی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەو بڕە نزیكەی (11,4ملیون دۆنم) چێنراوە, ئەگەر باسی هەرێمی كوردستان بكەین ئامارێكی تەواو نییە لەسەر رووبەری زەوییە كشتوكاڵییەكان و چەندی لەلایەن بەرپرسانەوە تەلبەن كراوە یا كراون بە ڤێلاو و باخی تایبەتی، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەكان رووبەری زەوی گونجاو بۆ كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ( 6ملیون دۆنم)ە لەو بڕە داتایەكی ورد نییە و رووپێوییەكی تەواو لەبەر دەست نییە چەند لەو زەویانە چێندراوە, هەرێمی كوردستان لە هەندێ بەرهەم خود دابین كاری هەیە، لەوەرزی خۆیدا، بەڵام بە گشتی ڕێژەی بەرهەم هێنانی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان لە سەوزەو میوە 10% تێپەڕ ناكات و نزیكەی 90% ی ئەو بەرهەمە خۆراكیانە هاوردە دەكرێن لە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆیە بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی هەرێم قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا نزیكەی 12 ملیار دۆلار بووەو نێوان هەرێم و ئێران نزیكەی 6-7 ملیار دۆلار بووە, بەڵام بەداخەوە روون نییە چەندی بۆ خۆراك و ماددە خۆراكییەكانە .
بە پێی راپۆڕتێكی تۆڕی زانیاری ئاسایشی خۆراك كە 15 رێكخراوی نێودەوڵەتی پێی هەستاون زیاتر لە (2.5) ملیون هاووڵاتی لە حاڵەتی نەبوونی ئاسایشی خۆراكن، ئەوە ئاماری عێراقە بەگشتی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە, لەكاتێكدا عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی خاوەن زەوییەكی بەپیتی كشتوكاڵین كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبانگیان هەیە، بۆ نموونە دەشتی شارەزور، هەروها ژینگەیەكی گەنجاوی هەیە بۆ چاندنی زۆربەی هەرە زۆری بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان، بەڵام بەداخەوە حكومەت كەمتەرخەمە لە ئاست ئەم سامانە لەبن نەهاتووەو گرنگی پێ نەداوە بەو پێیەی لە ساڵی (2013) كاتێ هەرێم خاون بودجەیەكی زەبەلاح بوو تەنها (1.5%) ی بووجەی گشتی بۆ خەرج كرا بوو، زۆرێك لە وڵاتان 10% و هەنێ وڵاتی تر نزیكەی 40% ی بووجەی گشتی بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان دەكرێت .
ئەگەر بمانەوێ و نییەت هەبێت ئابووری هەرێم پێش بخەن و كەرتی كشتوكاڵ بەرەو پێشەوە ببەین و ئاسایشی خۆراكی تاك مسۆگەر بكرێت ئەوە دەبێ بە جددی و كردار گرنگی بە سێكتەری كشتوكاڵ بدرێت و رەچاوی ئەم چەند خاڵە بكرێ :
1- تەرخان كردنی بووجەیەكی باش بۆ سێكتەری كشتوكاڵ بە هەموو جۆرەكانییەوە .
2- گرنگی دان بە توێژینەوەی زانستی تایبەت بە كشتوكاڵ، خاك و ئاو .
3- هاندانی وەبەر هێنان .
4- دابەش كردنی زەوی كشتوكاڵی و قەرزی درێژ خایەن بەسەر دەرچووانی بەشە كشتوكاڵییەكان بۆ ئەوەی پڕۆژەی كشتوكاڵی بچووك بە خۆیان هەبێت .
5- گرنگی دان بە پیشەسازی خۆراك .
6- دابینكردنی بازاڕ بۆ جوتیاران بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان ساغ بكەنەوە .
7- پێدانی قەرزی كشتوكاڵی بە جوتیاران و هاندانیان بۆ بەكار هێنانی رێگای نوێ لە چاندن و دروێنە كردن و كۆكردنەوە .
8- دابینكردنی ئامێرە كشتوكاڵییە نوێكان بۆ جوتیاران بە نرخێكی گونجاو.
9- دابنیكردنی ساردكەرەوە بۆ جوتیاران بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان تێدایە هەڵبگرن و لەكاتی پێویست بیخەنە بازاڕەوە .
10- گرنگی دان بە كۆنفرانس و وركشۆپ و خولی ڕاهێنان بۆ جوتیاران .
11- گرنگی دان بە ڕێنمایە كشتوكاڵییەكان و ئابووری كشتوكاڵی .
12- دابین كردنی پەین و مادەی قڕكەر بۆ جوتیاران بە مەرجێ ئەو مادانە زیانیان بۆ سەر تەندورستی مرۆڤ نەبێت .
ئەمانەو چەندین خاڵی تر كە پێویستە لەسەر حكومەت گرنگی پێبدات بۆ ئەوەی ژێرخانی ئابووری وڵات گەشە بكات و چی دی هاووڵاتییان خەمی نەبوونی ئاسایشی خۆراكیان نەبێت .
ئەوەی ماوە ئاماژەی پێبدەم هەریمی كوردستان خاوەن زەویەكی بەپیت و ژینگەیەكی گونجاوە بۆ كشتوكاڵ بۆیە ئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانە گرنگی بەم كەرتە بدەن و پێشی بخەن .

 

زۆرترین بینراو