كوردستان و كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

تێكۆشەر نامیق سارتكەیی

 

 


لەساڵی 1963 دامەزراوەو ساڵانە چەندین سەرۆك و سەرۆك وەزیران و كەسایەتی دیاری جیهان، بەشداری دەكەن. بۆ ئەمساڵیش، زۆر جیاوازە، چونكە لەلایەك بۆیەكەم جارە، بەریتانیا لەیەكێتی ئەوروپا چۆتە دەرەوەو هەروەها ناتۆش بڕیاری داوە، ڕۆڵی زیاتر لەعێراق بگێرێت. لەو ساڵدا كۆنفرانسی ئاسایش لە میونشن لە (١٥ی شوبات) دەستی پێكرد و تاوەكو (١٧ی شوبات) بەردەوام دەبێت، لەوێدا بەنزیكەیی (٣٥ ) سەرۆكی وڵات یان سەرۆكوەزیرانی حكومەتەكان و، (٨٠) وەزیری دەرەوە و، هەروەها بەرگری و، نزیكەی (٦٠٠) شارەزایی بواری ئاسایش لەسەرانسەی دنیاوە لە میونشن بۆ ئەو كۆنفرانسە ئامادەدەبن.
هەرێمی كوردستانیش وەك دیفاكتۆیەك، چەندین ساڵە، بەگرنگی و قورساییەكی زۆرەوە، بەشدار دەبێت، بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی تیرۆرستانی داعش و دروستكردنی هەڕەسەو مەترسی بۆسەر ئاسایشی جیهان و دواتر تێكشكاندنی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لەناوەندەكانی بەگژداچوونەوەی تیرۆرو گەڕان بەدوای دابینكردنی ئاسایش، هێندەی تر پێگەی هەرێمی كوردستان، لەبەرچاو گیراوەو بایەخ پێدراوە!
ئەم ساڵیش لەكاتێكدا ئەو كۆنفرانسە دەبەسترێ، كەگۆڕەپان و شانۆی سیاسی، بەشێكی زۆر لەوڵاتانی جیهان و ناوچەكە، گۆڕانكاری زۆری بەخۆیەوە دیوەو دەبینێ، بۆیە دەتوانین بڵێین بەستنی كۆنفرانسی میونشن، ئەم جارە، زۆر جیاوازەو بابەخێكی زیاتر بەوەڤدی حكومەتی هەرێم دەدرێت.
ئەگەر لەدەلاقەی بەرژەوەندییەكانی خۆمانەوە، لەدەرهاوێشتەكانی ئەو كۆنفرانسە بڕوانین، پێمان وایە، دەرفەتێكی باشە بۆئەوەی لەگەڵ هەڵكشانی كێشەو ململانێكانی عێراق و تێكچوونی ڕەوشی ژیان بەگشتی لەناوچەدا، بەڵام هەرێمی كوردستان، جیا لەعێراق، ئاسایش و تەناهی زۆری تێدا بەرقەرارەو ئەوەش ڕاستییەكە بەرلەهەر كەس و وڵاتێك، بەشداربووانی كۆنفرانسی میونشن دەیزانن، بەو هۆیەوە دەكرێ هانی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی وڵاتان بدرێت، بۆئەوەی بێن و لەهەرێمی كوردستان، كاری وەبەرهێنان بكەن و بەو هۆیەشەوە، سەرچاوەی داهاتی هەرێم فرەو فراوان دەبێت. هەروەها لەلایەكی دیكەوە، وەڤدی هەرێم و بەتایبەتیش سەرۆكی حكومەت كاك مەسرور بارزانی، كۆدەنگی و پاڵپشتی وڵاتانی كاریگەرو پەیوەند بەدۆخی كوردانی ڕۆژئاوا، دابین و دەستەبەر كرد، كەلەڕاستیدا ئەوەش دەسكەوتێكی زۆر گرنگەو ناكرێ بەكەم سەیر بكرێ، یان نادیدە بگیرێ.
پێكهاتەی ئەمجارەی وەڤدی هەرێم، گرنگیەكی زیاتری بەو كۆنفرانسە داوە، لەمەڕ ئێمەوە، بەو پێیەی خودی سەرۆكی وەڤدەكە، كەسایەتیەكی گەورەی ئەمنی و بەشدار لەتێكشكاندنی ئەفسانەی داعش بووە، هەروەها ئەندامانی شاندەكەش، پەیوەنددارن بەبوارەكانی تری ئەمنی.
دواشتێك كەدەمەوێ ئاماژەی بۆ بكەم ئەوەیە: ئەگەرچی لەناوەخۆ، دەنگە نەشازەكان هەمیشە دەیانەوێ هەر هەوڵ و هەنگاوێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەكم بایەخ سەیر بكرێت، بەڵام هەموو ئەوانە، كاروانی خەبات و پڕۆسەی چاكسازی نوەستێنێت. چونكە بەئیرادەیەكی بەهێزو پشت ئەستوور بەجەماوەری چاكسازیخواز، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەنگاو دەنێت!

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو