كچانی چۆمان نازناوی دووەمی خولی فۆتساڵ بە دەست دێنن

كچانی چۆمان نازناوی دووەمی خولی فۆتساڵ بە دەست دێنن

یانەی چۆمان لە خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان لە سەر ئاستی كچان بۆ تۆپی فۆتساڵ لە وەرزی ئەمساڵ توانی بە ئاستێكی بەهێزو لیهاتوو خۆی دەر بخات.
لە سەرەتای خولەكە لە گرووپی خۆی توانی بە پلەی یەكەم سەركەوێت بۆ چوارشەی زێرین و پاشانیش گەیشتە یاری فیناڵ.
لە یاری كۆتایی لە شاری سلێمانی رووبەرووی یانەی سیروانی نوێ‌ بوەوە، یارییەكە دوای ئەوەی لە كاتی یاسای 4 – 4 گۆڵ بە كۆتا هات، بە بریارێكی یەكێتی توپی پێی كوردستان یارییەكە وەستاندراو كاتی زیادكراوی بۆ بەرێوە نەچوو، لەو یارییەدا كۆمەڵێك توانج و رەخنە و نارەزایی لەلایەن جەماوەرو هاندەران و دەستەی كارگێری یانەی چۆمان ئاراستەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كرا سەبارەت بە ئاستی ناوبژیوانان و هەڵەكانیان و دواخستنی یارییەكەو تەواو نەكردنی.
بۆ تەواوكردنی یارییەكە و دەركەوتنی پاڵەوانی خولی فۆتساڵی 2018-2019 یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بریاریدا كاتی زیادكراو لە هۆڵی داخراوی وەرزشی شاری كۆیە بەرێوە بچیت.
تیپی تۆپی فۆتساڵی كچانی یانەی چۆمان بۆ تەواوكەری یارییەكە رووی كردە شارە كۆیە، یارییەكە بە دوو گێمی زیادكراو دەستی پێكرد، بۆ هەر گێمێك 5 خولەك، گێمی یەكەم بۆ هەردوولا بەبێ‌ گۆڵ تەواو بوو، لە گێمی دووەم كچانی چۆمان شەپەرەزەییان پێوە دیاربوو بە ترس و دڵە راوكێ‌ یارییان دەكرد و لە هەڵەیەكی یاریزانانی كچانی چۆمان لە خولەكی 7ی گێمی دووەم یانەی سیروانی نوێ‌ بە گۆڵێك خۆیان پێشخست.
كچانی چۆمان تاكو رادەیەك گەرانەوە ئاستێكی باشتر و هەولیان دا گۆڵی بەرامبەر بێنن و بەر لە بە كۆتا هاتنی یاری بە خولەكێك ناوبژیوانی لێدانی پاناڵتی بۆ كچانی چۆمان هەژماركرد بەڵام بەهۆی دڵە راوكێ‌ و ترس لێدانەكەیان لە دەستداو نەیانتوانی گۆڵی یەسانبوون تۆمار بكەن و یارییەكە بگاتە لێدانی یەكلاكەرەوە و یارییەكەیان 5 – 4 گۆڵ دۆراندو پلەی دووەمی خولی فۆتساڵی كچانیان لە سەر ئاستی یانە پلە نایابەكانی بە دەستهێنا، یانەی سیروانی نوێش بەو سەركەوتنە بووە پاڵەوانی خولی كوردستان و قەڵغانی كوردستانیان لە باوەشگرت.
فەرهاد چۆمانی لە دوای تەواوبوونی یارییەكە لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك بەبابەتێك سەرنجەكانی خۆی وەشاندوە و تیایدا كچانی چۆمان بە سەربەرزو سەركەوتوو ناو دەبات.

سەر بەرز بن...ئێوە پاڵەوانن
فەرهاد چۆمانی
دووەمی كوردستان لە خولی نایابی فوتساڵی كچان لە نێو"12" یانەی گەورە و پڕ لە داهات و پشتیوانی ئیداری و دارایی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ چۆمان و باڵەكایەتی .
سەربەرزین لەگەڵ ئەم هەموو ئاستەنگ و گرفت و كەمی دارایی و بەربەست و دژایەتیە زۆرەكان ؛ ئێوە بە شایستەیی ئەم ئەنجامە گەورەیەتان بەدەست هێناوە .
ئێوە جەنگان و جەنگاوری بوێر و دلێرن ؛ بۆیە غەمبار مەبن و شادیی ببەخشنەوە ئێوە بە یەكەم بەشداری كردن و هێنانی پلەی دووەمی زۆر گەورەیە ؛ یانە پاڵەوانەكانی ڕابردوو هەموویان لەسەر دەستی ئێوە نەگەیشتن بە قۆناغەكانی كۆتایی ئەم خولە .
بە ئاست و ئەنجام شایستەی زیاتر بوون ؛ بۆیە بەسەر بەرزیەوە بگەڕێنەوە ؛ ئێوە شایستەی پێشوازیەكی گەورە و گوڵباران كردنن و بەرپرسانی حكومی و حزبی و خەڵكی باڵەكایەتی كاتی ئاهەنگ گێران و پێشوازی كردنیان دیاری بكەن و شانازی بە شێرە كچان و ڕاهێنەر و دەستەی كارگێری یانەی وەرزشی چۆمانەوە بكەن .

زۆرترین بینراو