كۆرۆنا ئەژنۆشكێنی مرۆڤایەتی و تەكنەلۆژیای سەردەم

حەسەن هاشم باڵەكی

من كێم؟.. من ناوم كۆرۆنایە و هاتووم بۆ جیهان ڕێژەیەكی زۆری وڵاتانم داگیركردووە، توانیم لە ماوەیەكی زۆر كەم بە ملیۆنان خەڵك بخەمە نێو چوار دیوار و ماڵەكانیان وەك دەزگای چاكسازی بەسەردا قوفڵ بدەم و تەنانەت پەیوەندی نێوان دایك و خوشك و برا و باوك و خاڵ و مام و خەسو و خەزووری ملیۆنان كەسم پچڕاند، من كۆرۆنام بە ملیۆنان پیاو و بازرگانی گەورە گەورەم لەماڵ بەند كردووە تەنانەت ناتوانن بۆ كارە بازرگانیەكەیان تا كۆمپانیاكەشیان بڕۆن.
من كێم؟.. من كۆرۆنام توانیم لە ماوەیەكی زۆر كەم هەرچی دەزگا و تەكنەلۆژیا و ئامێر و ڕۆبۆت و پێشكەوتنی سەردەم هەیە بیان وەستێنم، كە وڵاتان لافی خۆبەزلزانی و گەورەیی و پێشەنگ بوونیان پێوە لێدەدا، توانم هەرچی هاتووچۆ و قەرەبالغی و شایی و هەڵپەركێ و كۆنفراسی نێودەوڵەتی و ڤیستیڤالی وڵاتان و بۆنە و یادی نەتەوەیی و مەراسیمە پیرۆزە ئاینیەكان لە سەرجەم ئاینە جیا جیاكانی جیهان بوەستێنم، من كۆرۆنام توانیم بە ملیۆنان قوتابی و خوێندكاری باخچەی ساوایان و قوتابخانە و زانكۆ و پەیمانگەكان و خوێندنی باڵا بنێرمە ماڵەوە و وابەستەی چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی خۆمیان بكەم و هەرچی مامۆستا و وەزیر و پەرلەمانتار و بەرێوبەر و پۆستە باڵاكان هەیە واملێكردوون ببن بە گرووپ گرووپ و دەستە دەستە بۆ پاراستنی هاووڵاتیەكانیان لە من.
من كێم؟.. من كۆرۆنام هەرگیز جیاوازی ناكەم لەنێوان هیچ یەكێ لە چین و توێژە جیا جیاكان وەك هەژار و نەدارەكان و دەوڵەمەندە خۆبەزلزانەكان و پیاو ئافرەتی بەساڵاچوو منداڵی لە بێشكە و لە كۆڵانەكان، جیاوازی ناكەم لەنێوان كەسێكی سادە و بەرپرسێكی زۆر باڵا و بە دەسەڵات و بەهێز و خاوەن پارەو بانق و ڤێلا و فرۆكە و كەشتی و دوورگە، جیاوازی ناكەم لەنێوان وڵاتە ڕەش و ڕووت و هەژارەكان و وڵاتە دەوڵەمەند و پێشكەوتووەكان و ئەوانەی باشترین جۆری پێشكەوتن و تەكنەلۆژیا و چەكی ئەتۆم و مانگی دەسكرد و بێ وێنەیان هەیە.
من دەڵێم سوپاس بۆتۆ كۆرۆنا كە مرۆڤ و مرۆڤایەتیت بەئاگا هێنایەوە لەو خەوە قوڵە و لەو غەفلەتیەی تیایدابوون، مرۆڤت بەئاگا هێنایەوە كە دەسەڵاتیان سنووردارە و ناتوانن بەرامبەر بچووكترین شتێك كە بەچاو نابینرێت هێز و دەسەڵاتی خۆیان بەكاربهێنن، مرۆڤایەتیت بەئاگا هێنایەوە كە هەرچی زانست و پێشكەوتنی تەندروستی هەیە بەكاری بهێنن ناتوانن چارەسەرێك بدۆزنەوە، هەروەها مرۆڤایەتیت ناچاركرد كە تاكە چارەسەر بۆ ئەو دۆخە ناهەموارەی تێی كەوتوون تەنیا بەدیهێنەری ئاسمانەكانە و دەبێ تەنیا دەست بۆ ئاسمان بەرز بكەنەوە تا سۆز و بەزەیی بنوێنێت بەرامبەر مرۆڤایەتی لە سەرجەم جیهان، سوپاس كۆرۆنا كە مرۆڤایەتیت بەئاگا هێنایەوە لەو پیسی و پۆخەلیەی تێیكەوتبوون و ژینگە و ئاسمانیان كردبوو بە زبلخانەیەكی زۆر گەورە و پڕ لە دوكەڵ.

زۆرترین بینراو