كۆرۆنا كارو چالاكییەكانی رێكخراو و سەنتەرەكانی گەنجانیشی وەستاندووە

كۆرۆنا كارو چالاكییەكانی رێكخراو و سەنتەرەكانی گەنجانیشی وەستاندووە

بۆتان محەممەد -سۆران
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ڤایرۆس و كەرەنتینە كردنی هاووڵاتیان، رێكخراو و سەنتەرەكانی تایبەت بە گەنجان و لاوانیش لە سۆران، كارو چالاكییەكانی خۆیان كەرەنتینە كرد، زاری كرمانجی بە پێویستی زانی رەیی هەندێ لە بەرپرسانی رێكخراوەكانی پەیوەست بە لاوان و گەنجان وەربگرێ و كاروچالاكییان لەسەردەمی كۆرۆناو دوایی كۆرۆنا چی بووە و چی دەبێ، بخاتە روو.
هیمداد مستەفا عوسمان بەرپرسی رێكخراوی رێباز فاوندێشن و ئەندامی بەشی چاودێری و هەڵسەنگاندنی مەڵبەندی 6 سۆرانی یەكێتیی، پێی وایە كۆرۆنا ڤایرۆس كاریگەری لەسەر كۆیی خشتە و بەرنامەكانی ئەوان دروستكردووەو نەیانتوانیووە وەكو پێویست كار و چالاكییەكانیان ئەنجام بدەن"بێگومان ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری هەبووە لەسەر كارو چالاكییەكانی ئێمەش وەك رێكخراوە حیزبیی و خێرخوازییەكان، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا دەستەوەستان دانەنیشتووین و جۆری چالاكییەكانمان لە پێگەیاندن و هۆشیاریی و رۆشنبیرییەوە، گۆڕیووە بۆ بڵاوكردنەوەی رێنمایی تەندروستی و هاوكاری ماددی و گەیاندنی خۆراك لەرێگای رێكخراوەكانی یەكێتیی و رێكخراوە مەدەنیی و خێرخوازییەكانەوە بۆ گەنجان و ماڵە هەژارەكانی دەڤەرەكە".
هیمداد باس لەوەش دەكات دوای كۆتایی هاتنی سەردەمی كۆرۆنا، دەست بە چالاكییەكانی خۆیان دەكەنەوەو دەڵێ‌"بێگومان لە دوای نەمانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، چۆن لە رابردوو خزمەتی توێژی گەنجمان كردووە، بەهەمان رووحییەتەوە دەست بەكارەكانمان دەكەینەوەو زیاتر لەجاران هەوڵدەدەین زۆرترین گەنجی شاری سۆران سوودمەندبن لەكارو پرۆژەكانمان، بۆیە هەركاتێ بڕیار و راپۆرتەكانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی ئومێد بەخش بوون و كۆتایی كۆرۆنایان راگەیاند، ئێمەش دەست بەكار و چالاكییەكانی خۆمان دەكەینەوە".
محەممەد حسێن بەرپرسی لقی سۆرانی یەكێتی لاوانی كوردستان، لە بارەی كارو چالاكییەكانی ریكخراوەكەیان لە سەردەمی كۆرۆنادا دەڵێ‌"بەهۆی پابەندبوون بە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و كەرەنتینە كردنی هاووڵاتیان، هیچ كار و چالاكییەكمان ئەنجام نەداوە، چونكە تەندروستی و پاراستنی گیانی لاوانمان لە هەموو شتێك گرینگترە"،
ئەو بەرپرسەی لاوان خوازیارە كۆرۆنا بەزوویی بە كۆتا بهێت و دەست بە چالاكییەكانیان بكەنەوەو دەڵێ‌"كۆرۆنا میوانێكی رەزا قوڕسە، بەو هیوایەین بە زوویی بەجێمان بهێڵێ، بۆ ئەوەی ئێمەش دەست بە چالاكییەكانمان بكەینەوەو خزمەت بە لاوانی دەڤەرەكە بكەین".
دوایی چەندین جار پەیوەندی كردن بە بەرپرسی ناوەندی باڵای سۆران، بەڵام پەیوەندییەكە بێ وەڵام بوو .

زۆرترین بینراو