كۆڵان و شەقامەكانی ناحیەی دیانا پڕدەبن لەتاسە

كۆڵان و شەقامەكانی ناحیەی دیانا پڕدەبن لەتاسە

زاری كرمانجی- دیانا: هاووڵاتییان و شۆفێران نیگەرانن لەوەی كە كەسانێك بەبێ‌ هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی دەست دەكەن بە دروستكردنی تاسە لە كۆڵان و شەقامەكان و داواكارن لە لایەنی پەیوەندیدار ئەم جۆرە كەسانە سزا بدرێن و تاسە كۆنكرێتەكانیش هەڵبگیرێن.
عەلی حەسەن، یەكێكە لەو كەسانەی كە كاری شۆفێری دەكات، بەزاری كرمانجی گووت " ئەگەر سەیری شەقام و كۆڵانەكانی ناحیەی دیانا بكەین، پڕبوونە لە تاسەی دروستكراوی چیمەنتۆ و كۆنكرێت، رۆژ لەدوای رۆژیش ئەم دیاردەیە روو لە زیادبووندایەو شۆفێرانیش نیگەرانن، چونكە زۆربەی ئەم تاسانە بەشێوەیەك دروستكراون ئەگەر شۆفێر تەنها دوو سەرنشینی هەڵگرتبێت، خواروی ئۆتۆمبێلەكە بەر زەووی دەكەوێت و زیانی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەكە دەكەوێت".
ئەم شۆفێرە خوازیارە لە لایەنی پەیوەندیداری ناوچەكە هەرچی زووە بەدواداچوون بۆ ئەم دیاردەیە بكەن و ئەم جۆرە كەسانەش رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە كە پەنا بۆ دروستكردنی ئەم جۆرە تاسانە دەبەن و شەقام و كوڵانەكان وێران دەكەن و بەربەست لەبەردەم هاتووچۆ دروست دەكەن، ئەگەر پەلە نەكرێت دڵنیام رۆژ لەدوای رۆژ دیاردەكە روو لە هەڵكشان دەكات.
ئەسعەد قادر شۆفێرێكی دیكەی سنوورەكە بە زاری كرمانجی گووت " نازانین ئاستی خەڵكانێك بۆ بەم شێوەیە لەدواوەیەو بەبێ‌ هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی پەنا دەبەن بۆ دروستكردنی تاسەی كۆنكرێت و چیمەنتۆ و دەبنە بەربەست لەبەردەم هاتووچۆدا كە رۆژانە شۆفێران دوعایان لێبكەن، چونكە هەركەس چەند جارێك بە شەقام و رێگاكانی ناحیەی دیانا تێپەڕبێت، دەبێت سەردانێكی ناوچەی پیشە سازی بكات، چونكە ئۆتۆمبێلەكەی وێران دەبێت".
ئەوەش دەخاتەروو " كاتێك پرسیار رووبەڕووی ئەم هاووڵاتییانە دەكرێتەوە كە پەنا دەبەنە بەر دروستكردنی ئەم جۆرە تاسانە، بیانووی ئەوە دێنەوە گوایە شۆفێران بە خێرا تێپەڕ دەبن بۆیە تاسە دروست دەكەن، ئەمە جێگەی پرسیارە ئایا شۆفێران هەموویان وەك یەكن ناكرێت لەبەر خاتری كەسێك سەدان شۆفێر قوربانی بدەن و بەربەستیان بۆ دروست بێت".
ئاری سەدیق، شۆفێرێكی دیكەی دانیشتووی سنووری ناحیەی دیانا، بە زاری كرمانجی راگەیاند " سەرەڕای ئەوەی كە چەندان تاسەی نایاسایی لەسنوورەكە بوونیان هەبوو، كەچی بەداخەوە رۆژ لەدوای رۆژیش ژمارەی ئەم تاسانە زیاتر دەبێت و كەسیش لێپێچینەوەی لەگەڵ نەكراوە هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووە بەدواداچوونێكی جددی بۆ ئەم دیاردە ناشارستانییە بكات و ئەم كەسانە رووبەڕووی یاسا بكرێنە كە پەنا بۆ ئەم كارانە دەبەن".
ئەم شۆفێرە خوازیاریشە لە لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی ناحیەی دیانا و سۆران، هەرچی زووە هەڵمەتی لابردنی ئەم تاسانە ئەنجام بدەن و لەشوێنی ئەوان واتە ئەگەر شوێنێك پێویست بێت تاسەی پلاستیكی بۆ دابنرێت، نەك هەركەسەو بەویستی خۆیان پەنا ببات بۆ دروستكردنی تاسەی بەرز و كۆنكرێت، كە جگە لە وێران كردنی رێگاو شەقامەكان زیانی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بكەوێت.
لەلایەن خۆیەوە رائید دلاوەر لەتیف، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند" هەر شوێنێك پێویستی بە تاسە بووبێت، لەلایەن تیمی ئەندازەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هەوڵدراوە تاسەی پلاستیكی بۆ دابنرێت، هەروەها لە رێگەی موختار و ریش سپیانی گەڕەكەكان و لایەن پەیوەندیدارەكان داواكاری پێشكەش بە بەڕێوەبەرایەتییەكەمان دەكرێت و تیمەكانمان سەردانی شوێنەكە دەكەن، ئەگەر لەگەڵ یاساو ریساكانی هاتووچۆ گونجاو بێت، تاسەی پلاستیكیان بۆ دادەنرێت".
ئاماژەشی بەوەدا " ئەم جۆرە تاسانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە شێوەی كۆنكرێت و چیمەنتۆ دادەنرێن یاسایی نین، هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەك تاسە لە رێگاكانی دەروەی شار دابنرێن.

 

زۆرترین بینراو