كەسوكاری شەهیدانی ئۆردوگای زێوە داوا دەكەن شەهیدەكانیان بكرێنە شەهیدی سەنگەر

كەسوكاری شەهیدانی ئۆردوگای زێوە داوا دەكەن شەهیدەكانیان بكرێنە شەهیدی سەنگەر

ئا : ڕائیب شێروانی
35 ساڵ بەسەر بۆردومانكردنی ئۆردوگای زێوەدا تێدەپەڕێت، كە لە 9-6-1985 لە كاتێكدا كە خەڵك سەرقاڵی ژیانی رۆژانەی خۆیان بوون، 8 فڕۆكەی جەنگی رژێمی بەعس ئۆردوگاكەیان بۆردومان كرد و لە ئەنجامدا 150 كەس شەهید و 375 كەسیش بریندار بوون.
نێچیرڤان مزووری، كە دایك و دوو برا و خوشكێكی لەو بوردومانەدا شەهید بوون بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ:" داوا دەكەین شەهیدانی بۆردومانی ئۆردوگای زێوە بە شەهیدی سەنگەر هەژمار بكرێن، چونكە زۆربەی شەهیدەكان بەتایبەتی منداڵان بە شەهیدی هاووڵاتی هەژمار كراون، بریندارەكانیش پێویستیان بە چارەسەرە و دەبێت حكوومەت خەمێك لێ بخوات و چارەسەری ئەوان بكات و مینۆمێنتێك بۆ كارەساتی زێوە دروست بكەن و ئەو كارەساتە بە جینۆساید بناسێنن.
دواتر كۆچەر غەفوور، كە بریندارێكی بوردومانی ئۆردوگاكەیە بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد :" 19ی مانگی رەمەزانی پیرۆز بوو، قوتابیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان روویان لە قوتابخانەكان كرد بوو، هەر هەندەمان بینی ئۆردوگاكە بەسەر یەكدا رووخا، كە هەموو خەڵكی بێ تاوان بوون، چونكە زۆربەیان منداڵ و ئافرەت بوون، كە بۆردومانەكە لەلایەن 8 فڕۆكەی جەنگی رژێم بوو و بۆ ماوەی 15 خوولەك ئۆردوگاكە بۆردومان كرا، دوای بۆردومانەكە بە دوای كەسوكارم دەگەڕام و دەسوڕام بۆ هەر شوێنێك دەچووی، كەسێك شەهید ببوو و نالەنالی برینداران بوو، بە راستی شین و گریان بوو، تەرمی شەهید و بریندارەكان هەموو تێكەڵ بە یەكتر ببوو، پاشان بە هاوكاری دانیشتووانی دەوروبەری ئۆردوگای زێوە توانیومان بریندارەكان بگوازینەوە بۆ نەخۆشخانە و شەهیدەكانیش بۆ گۆڕستانی مەلا باسەك.
كۆچەر، روونیشیكردەوە:"بەراستی خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری زێوە هەڵوێستێكی جوانیان نواند بەرامبەر ئێمە و زۆر هاوكاری ئێمەیان كرد، چ لە كاتی رەوانەكردنی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە چ لە كاتی بە خاك سپاردنی شەهیدەكان، لەو كاتەدا ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆك بارزانی لە شوێنی رووداوەكە ئامادەبوون و هاوكاری كەسوكاری شەهیدانیان دەكرد و یەكە یەكە بریندارەكانیان لە نەخۆشخانە بەسەردەكردەوە، باوكیشم بە سەرۆك بارزانی گوت، خێزان و سێ منداڵم شەهید بوونە، ئەگەر خۆم و هەموو منداڵەكانی دیكەش شەهید بن، بەس ئێوە بۆمان بمێنن بەسە و هیچمان ناوێت.
ئەو بریندارە داواشی لە حكوومەتی هەرێم كرد قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان بكەنەوە و بریندارەكان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكەن، كە هێشتا هەندێك كەس لەبەر برینی خۆیان دەناڵێنن و پێویستیان بە یارمەتی هەیە، كە من خۆم پێنج ساچمە لەناو سەردایە، هەروەها یارمەتی كەسوكاری شەهیدان بدەن بۆ سەردانیكردنی گۆرستانی شەهیدان، كە گۆڕەكەیان لە ئۆردوگای زێوەیە.
ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی راگەیاند :" لەبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەمساڵ هیچ مەڕاسیمێكمان رێك نەخست، تەنیا خۆمان وەكو بەرێوەبەر و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سۆران لە هۆڵی مۆزەخانەی شەهیدان كە وێنەی هەموو شەهیدانی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەی لێیە، مەراسیمێكی بچووكمان رێكخست و تاجەگوڵینەی وەفاداری 35 ساڵەی بۆردومانی ئۆردوگای زێوەمان دانا.
ئەشقی، گوتیشی:" ژمارەیەك لەو كەسانەی لەو بۆردومانەدا شەهید بوون، بە شەهیدی هاووڵاتی هەژمار كراون، بەڵام ئەوانە منداڵن، بەپێی ئەو یاسایەی كە ئێستا لە وەزارەتی شەهیدانە، ئەو منداڵانەی بەر بۆردومان، یان بەر مین و تەقەمەنی دەكەون بە شەهیدی هاووڵاتی هەژمار دەكرێن، بەڵام پێشنیارێك ئاراستەی وەزارەت كراوە كە دەبێت پێداچوونەوە بە كەیسی ئۆردوگای زێوەدا بكرێت، چونكە بۆردومانەكە كۆمەڵكوژی بووە و دەبێت شەهیدی هاووڵاتی بكرێنە شەهیدی سەنگەر.
بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران روونیشیكردەوە :" پێویستە حكوومەتی عێراق دان بەو كارەساتە بنێت و بە جینۆساید بناسێندرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت ئەو كارەساتە بە جینوساید بناسێندرێت".

 

 

 

زۆرترین بینراو