لایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوای گوتارێكی یەكگرتوو دەكەن

لایەنە سیاسییەكانی كوردستان داوای گوتارێكی یەكگرتوو دەكەن

رەمەزان هەرنی – زاری كرمانجی : ماوەیەكە لەبەر دروستبوونی قەیرانی دارایی كە بەهۆی برینی بوودجەوە لەلایەن عێراقەوە بۆتە كێشەیەكی مەزن، شەقام داوای یەكگرتنی پارت و لایەنە سیاسییەكان دەكەن، زۆربەی پارت و لایەنە سیاسییەكان داوای كۆدەنگی و یەكگرتوویی دەكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانەی ئێستا روویان لە كوردستان كردووە.
"یەك هەڵوێستی و یەكتر قبوڵكردن باشترین چەك و هۆكاری سەركەوتنن"
دڵدار هەرنی، كارگێری لقی 9 ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند" لەم 29 ساڵەی رابردوو هەر دەستكەوتێك بەدی هاتبێت لە ئەنجامی یەكگرتوویی و یەك هەڵوێستی كورد بووە، هەر كاتێكیش مەترسی رووبەرووی كوردستان بووبێتەوە هەر بە یەك گووتاری تواندراوە مەترسییەكە برەوێندرێتەوە، واتە یەك هەڵوێستی و یەكرێزی و یەكتر قبوڵكردن باشترین چەك و هۆكاری سەركەوتنن".
زیاتر گووتی " كێشەكە لەوەدایە هەموولایەنەكان داوایی یەكگرتوویی دەكەن، بەڵام دەبینی لایەنێك پەیوەستە بەلایەنێكی دەرەكییەوە یا رەچاوی بەرژەوەندی گشتی ناكات و كەس ئامادە نییە دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی خۆی بێت بۆ میللەت، یەكگرتوویی سەرووی هەموو شتێكە هەر كاتێك یەكگرتوو بین كەس ناتوانێت رووبەڕوومان ببێتەوە، لە مێژووی دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هیچ كاتێك دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە هەمیشە ئامادەیی ئەوەی تێدا بووە ئاشتی و گفتوگۆ بكاتە هەوێنی پێكەوە ژیان، بۆیە گفتوگۆ كردن بە درێژایی ساڵ باشترە لە یەك رۆژی شەڕ و تێكدانی دۆخی كوردستان، دەرگای پارتی كراوەیە بۆ هەر پارت و لایەنێكی سیاسی، لەو كاتەی شەڕیش لەسەر پارتی بووە یا ئارامی بووە، هەمیشە دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ كراوە بووە، ئەویش تەنها لەپێناو بەرژەوەندی گەلی كورد".
"ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆك بن ئاسۆی سەركەوتنەكان گەشتر دەبێت"
ئێحسان دۆسكی، وتەبێژی مەڵبەندی سێی یەكگرتوویی ئیسلامی لە دهۆك، لەمبارەوە بۆ زاری كرمانجی دواو و گووتی " بابەتی یەكگرتوویی پارت و لایەنە سیاسییەكان ئەمڕۆ بەتەنیا گرنگ نیە، ئەوە بابەتەكە پێویستە هەمیشە پارت و لایەنە سیاسییەكان یەك دەنگ و یەكگرتوو بن، لە ناوخۆی كوردستاندا زۆر ئاسایە كە گلەیی لە یەكتر بكەین و تێبینمان لەسەر یەك هەبێت، بەڵام ناكرێت پلان و كێشەكانمان بۆ دەرەوە ئاشكرا و زەق بكرێنەوە، لەبەر ئەوەی مەترسی لەسەر وڵات هەیە تا ئەو ئەندازەیەی ببێتە هۆی لە دەستدانی ئەو دەسكەوتانە لە هەرێم بەدەست هاتوون، نابێت رێخۆشكەر بین بۆ لە دەستدانی ئەزموونەكەمان، پێویستە بۆ دەرەوەی كوردستان هەمیشە یەك دەنگ و یەك هەڵۆێست بین بەتایبەت لە پرسە نەتەوەییەكاندا، یەكگرتوویی ئیسلامی كوردستان هیچ رێگرییەكی نیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانە، ئەگەر هەموو پارت و لایەنە سیاسییەكان كۆك و یەك دەنگ بن ئاسۆی سەركەوتنەكان گەشتر دەبێت بۆیە هەمیشە پاڵپشت بووینە بۆ یەكگرتوویی پارت و لایەنە سیاسییەكان".
"دەبێ بەسەر هۆكارەكانی رێگری لە تەبایی زاڵ بین"
سوبحی مەهدی، ئەندامی سەركردایەتی حزبی شیوعی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند " لە هەموو كات و ساتێكدا بۆ هەموو پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان و گەل و نەتەوەیەك تەبایی و پێكەوەیی و یەكگرتوویی زۆر گرنگە، لەم بارودۆخەی هاتووتە پێشەوە پێویستە گشت لایەك بیر لە بەرژەوەندی گشتی بكاتەوە، پێویستە ئەوە بزانین ئەوە چ هەڵۆ مەرجێكە رێگری لەو تەبایی و یەكگرتووییە دەكات لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەكاندا پێویستە بەسەری زاڵ بین، لە مێژوودا هەركاتێك یەكگرتوو بۆینە سەركەوتوو بووینە پێچەوانەكەشی راستە، ئێستا كوردستان لە بارودۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، جگەلە دژایەتی دەرەكی لە ناوخۆیی كوردستانیش كۆك و یەكدەنگ نین ئەوە مەترسییەكی گەورەیە و پێویستە هەستی پێ بكەین .
"پێویستە ئەركی پێشینەی لایەنە سیاسییەكانە یەكگرتوویی بێت"
قومریا بەرزنجی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە زاری كرمانجی بۆ زاری كرمانجی گووتی" وەك كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەردەوام جەختمان لەوە كردووتەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك هەڵۆێست بن، تا بتوانن پێكەوە متمانەی جەماوەر بەدەست بهێننەوە، پێویستە بۆ بەرەوپێشچونی وڵات پارت و لایەنە سیاسییەكان یەكگرتوو بن، دواتر لەگەڵ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ جەماوەر، پێویستە ئەركی پێشینەی پارت و لایەنە سیاسییەكانە یەكگرتوویی بێت، بۆ ئەوەی وڵاتی خۆشگوزەرانمان هەبێت، پێویستە رێز لە تەبایی و یەكگرتوویی یەك بگرین و هەر ئەو تەبایەیە دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بەتایبەتی لە كاتی قەیرانەكاندا".
"بە تاك لایەن هیچمان پێ ناكرێت"
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە زاری كرمانجی راگەیاند" بەداخەوە دیارە لە كوردستان و عێراق و جیهان ڤایرۆسێك بڵاوبۆتەوە ئومێد دەكەین چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوەو داواكارین هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان خۆیان بپارێزن لەم ڤایرۆسە، دیارە ئەم ڤایرۆسە بوونی هەیە، بەداخەوە لە كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بەشێك لەلایەنەكانیش ریكلامی ئەوە دەكەن كە ئەو نەخۆشییە نیە، بەڵام لە شارەكەی خۆمان هاووڵاتی بەو ڤایرۆسی كۆچی دوایی كردووە، خێزانەكەشیان تووشبووە بەداخەوە، وەك بزوتنەوەی گۆران بە تاك لایەن هیچمان پێ ناكرێت، بەڵام دەتوانین بەیەكگرتوویی لە عێراق و لە كوردستان داوای مافەكانمان بكەین و سەركەوتووش بین لەسەر ئەو ڤایرۆسە كە بوونی هەیە و رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە. دەتوانین پێكەوە هەموومان خزمەتی كیانی سیاسی كوردستان بكەین دەتوانین كۆببینەوەو لێك تێبگەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین، ئەگەر یەكگرتوو یەك رێز نەبین كێشەی تریش رووبەروومان دەبێتەوە بۆیە زۆر پێویستە یەك دەنگن بین".

 

زۆرترین بینراو