لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە لێپێچینەوە لەگەڵ پێشمەرگەکانی فەرماندەی هەڵگورد کرابێت

لێژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە لێپێچینەوە لەگەڵ پێشمەرگەکانی فەرماندەی هەڵگورد کرابێت

 

ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە لێپێچینەوە لەگەڵ 12 پێشمەرگەی فەرماندەیی هەڵگورد كراوە، راست نین و لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ پێشمەرگەیەكدا نەكراوە.

سەعید هەركی، گوتی: "ئەو 12 پێشمەرگەیەی كە لە رۆژی بەفربارینەكە لە شوێنی ئەركی سەربازیی خویاندا تووشی حاڵەتێكی نەخوازراو ببوون، ئێمە لە لیژنەی پێشمەرگە لە دوای بڵابوونەوەی ئەم ھەواڵە، دەستبەجێ دەستمان بە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە كرد".

هەركی گوتیشی: "پەیوەندیمان بە بەشێك لەو پێشمەرگانەوە كرد كە لەو ١٢ پێشمەرگانە بوون و گوتیان ھیچ ئیجرائاتێكمان لەگەڵ نەكراوە و مووچەكانیشمان بۆ نێردراوەتە ماڵەوە، گوتیشیان كە نەگیراون و بانگیش نەكراون، جگە لەوەش ھەموو شتێكمان بۆ دابین كراوە لەلایەن فەرمانده‌ییەوە وەكو ئازووقە و نەوت و ئاو و ھیچ كێشەیەكیشمان نەبووە، تەنھا كێشەمان نەبوونی ئۆكسجین بووە لە نوقتەكەی خۆمان، دواتر پەیوەندیمان بە فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگوردەوە كرد و گوتی كە بۆ ھەموو نوقتەكان پێداویستیەكانی سێ مانگی زستانمان بە زیادەوە دابین كردووە".

ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگە دەشڵێ: "فەرماندەی فەرماندەیی ھەڵگورد روونیشی كردەوە، كە كێشەكە تەنها گیرانی مەجرای ئۆكسجین بووە و پێویستیشی نەدەكرد بابەتەكە بەم شێوەیە گەورە بكرێت، ئێمە مووچەی ھەموو پێشمەرگەكانمان داوە و تەنھا دوو پێشمەرگە نەبێت كە ئەوانیش ھۆكاری دركاندن و بڵاوكردنەوە و گەورەكردنی ئەم بابەتە بوونە، بۆیە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەمان دروست كردووە بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە و ئەگەر كەمتەرخەمی لە بەرپرسی پێشمەرگەكان ھەبوو، ئیجرائاتی سەربازییان بەرامبەر وەردەگرین".
سەرچاوە ماڵپەڕی پارتی

زۆرترین بینراو