لەبەر نەبوونی كار سۆران جێدێڵم

لەبەر نەبوونی كار سۆران جێدێڵم

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ: ئەگەرچی ژمارەی دانیشتوانانی سۆران بەردەوام لە گەشەكردندایە و رۆژانە ژمارەی دانیشتوانانی زیاتر دەبێت، بەڵام نەبوونی دەرفەتی كار بۆ گەنجان گرفتێكی گەورەیە و وادەكات ڕێژەی بێكاری لە هەڵكشاندابێت و گەنجان سۆران بەجێبێڵن.
بەهمەن عەلی، گەنجێكی دانیشتووی سۆرانە و دەڵێت: دوای تەواوكردنی خوێندن بە پێویستی بۆ كاركردن دەزانم سەردانی دەرەوەی سۆران بكەم، چونكە بەڕاستی سۆران نە كۆمپانیایەكی گەورەی هەیە، نە هۆتێل و پڕۆژە و دەرفەتی كاری هەیە، گەنجی سۆران نازانن چ كارێك بكەن و بژێوی ژیانی خۆیان لەسەرچی بەڕێوە ببەن.
سەبارەت بە بوونی گەنج بە خاوەن كار و پڕۆژە بەهمەن گووتی: لە سۆران نەك دەستمان ناگیرێت بۆ دامەزراندن و دەرفەتی كار، بەڵكو ئەگەر بەرپرسێك یا خزمی بەرپرسێك بزانێت جۆرە كارێك هەیە و قازانجی باشە، بێگومان ڕێگەت پێنادەن كار بكەی یا گرفت و بەربەستت بۆ دروست دەكەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی دانیشتوانانی سۆران كەمە و دەرفەتی ئەوە نییە هەموو كارێك بكەی یان هەموو كارێك سەربگرێت.
لاڤە جەمال، كچە دەرچوویەكی زانكۆیە و دەڵێت: من دەرچووی بەشی ئەندازیاریم لە زانكۆی سۆران، بەڵام لە سۆران هیچ كارێك نییە بیكەم، بۆیە بەتەواوی بڕیارم داوە سۆران بەجێبێڵم و لە كارتی تایبەت لە شارەكانی تر دەرفەتم هەیە كار بكەم.
لاڤە گووتیشی: سۆران شارێكە زۆر خێلەكیییە بۆیە ڕەگەزی مێ كەمتر كاری دەستدەكەوێت یا دەتوانێت كارێك بكات، هاوڕێم هەبووە لە سۆران نەیتوانیوە لەبەر خزمانی خۆی كار بكات، كەچی دوای چوونی بۆ هەولێر لە سەنتەرێكی جوانكاریدا كار دەكات.
گووتیشی: دەبوایە سوود لە ژینگەی سروشتی ناوچەكە وەرگیرابا و چەندین كۆمپانیایان هێنابایە سۆران و بەدەیان گەنجیان لەو شوێنانە دامەزراندبایە.
دەڤەری سۆران هەرسێ قەزاكانی (سۆران، رواندز، چۆمان، مێرگەسۆر)، دەگرێتەوە، ئەم دەڤەرە لە ڕووی جۆگرافیاییەوە دەكەوێتە نێوان سێ وڵاتی(عێراق، ئێران، توركیا)، ئەمە جگە لەوەی چەندین ناوچەی گەشتیاری گرنگی لێیە و ساڵانە هەزاران گەشتیار لە زۆر ناوچە سەردانی ئەم شوێنانە دەكەن، بەڵام ئەمە نەبووتە هۆی ئەوەی خەڵكی سۆران سوود لەم تایبەتماندییانەی سۆران وەربگرێت و ببنە خاوەن كار و پڕۆژە.
تەها جەلال، دەڵێت: دەبوایە بەرپرسانی سۆران بیریان لە هێنانی كۆمپانیا و كارگەی گەورە كردبووایەوە، چونكە لەم هەموو ساڵەدا نەیانتوانیوە سوود لە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت وەربگرن، ئەگەر دەرفەتی كار لە كەرتی تایبەت هەبێت گەنجی سۆران ناچار نییە شار و ماڵ و خزمی خۆی، جێبێڵێت و بڕواتە دەرەوەی سۆران.
ئەگەر چەند كارگەیەك یان كۆمپانیایەك دامەزرێنن ئەوا بەهەزاران گەنج لەوانەیە ببنە خاوەن كار و بتوانن بژێوێك بۆ خۆیان و خیزانەكانییان پەیدا بكەن، ئەمە جگە لەوەی بەهەزاران گەنج لەبەر نەبوونی سەرچاوەیەكی ماددی ناتوانن ژیانی هاوسەرگیری پێكبێنن، بۆیە دەبێت حكومەتی خۆجێی سۆران بیر لەوە بكاتەوە كۆمپانیا و كارگەی گەورە بۆ سۆران بێنن و ڕێژەی بێكاری لەناو گەنجان كەم بكەنەوە.

زۆرترین بینراو