لەپێناو تەندروستی

د. خالس قادر ئەحەمەد 

ئاڵودەبوون بە نێت

ئاڵودەبوون وەك تێكچوونێكی رەفتارییە بە زۆر شێواز دەردەكەوێت، چ ئاڵودەبوونی یارییە ڤیدیۆكان بێت یا قۆمار، خواردن، سێكس...هتد.
لەگەڵ فراوانبوون و زۆربوونی بەكارهێنانی مۆبایل و بەستنەوە بە ئەنتەرنێت و ئاڵودەبوون بە نێت وەك جۆرێكی نوێی ئاڵودەبوون سەری هەڵداوە، بەجۆرێك تا دێت گلەیی و گازندەكانی تەندروستی زیاتر دەبن، سەرەرای گرنگی و پڕ بایەخی نێت لە ئاسانكاری بۆ پەیوەندیگرتن و دەست گەیشتن بە جیهانی زانیارییە جۆراوجۆرەكان هوكارێكی گرنگی كات بەسەربردنە.
ئاشكرایە ئاڵودەبوون زاراوەیەكی ناپەسەند و نەرێییە، لە سادەترین مانای زێدەڕۆیییە لە بەكارهێنانی ناچاری و دوور لە كۆنترۆڵی خود، لەگەڵ ئەوەش كە دەزانین دەرئەنجامی خراپی دەبێت، ئەم ئاڵودەبوونەش تایبەتمەندی جۆرەكانی تری ئاڵودەبوونی هەیە وەك كەسەكە تا دێت زیاتر بەكاریدەهێنێت و رۆژ لە دوای رۆژ بەستنەوەی بە نێت زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بگاتە هەمان ئاست لە دامڕكاندنەوەی حەزەكانی، بە جۆرێك گەر پێشووتر بە كاتژمێرێك و دووان ئوقرەی هاتبا ئێستا پێویستی بە چوار بۆ پێنچ كاتژمێر بگرە زیاتریش دەبێت، لەگەڵ ئەوەش كە دەزانێت دووچاری زیان دەبێتەوە وەك دواكەوتن لە گەیشتن بۆ دەوام و سەر كار، دواكەوتن لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی و لاوازبوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی كە پێشووتر بەهێزتربوو.
نیشانە باوەكانی ئاڵودەبوون بە نێت وەك هەرجۆرێكی تری ئاڵودەبوون نیشانەی جەستەیی و دەروونی هەیە:
نیشانە جەستەییەكان وەك:
١_شەكەتی دیجیتاڵی چاو وەك ژان و ناڕەحەتی چاوەكان، ووشكبوونەوە و سووتانەوە، ڵێڵبوونی دیتن، هیلاكی چاو و ژانەسەر.
٢_ژانی مل، بەهۆی زۆری و بەردەوامی خواركردنەوە و نەویكردنی مل لەكاتی بەكارهێنان و تاقیكردنەوە.
٣_رەقبوون و ژانی ماسوولكە، سڕبوونی پەنجە، بێهێزی دەست و مەچەك.
٤_زیاتر نەخۆش كەوتن لە جاران، بە هۆی تووشبوون بەو میكڕۆبانەی لەسەر مۆبایلەكەتن بە تایبەت سكچوون، رشانەوە و سك ئێشە.
٥_كاریگەری لەسەر زیادبوونی ئەگەری نەزۆكی.
٦_بەسەرهاتنی رووداو بەهۆی نێت وەك رووداوی ئوتومبێل.
نیشانە دەروونییەكان وەك:
١_تێكچوونی خەو و كم خەوی.
٢_دڵەڕاوكێی، وەسواسبوون و خەمۆكی.
٣_كم بوونەوەی ئارەزووی خواردن، هەرزەكاران بەهۆی ئەوەی لە قۆناغی هەستیاری گەشەدان بە تایبەت گەشەی مێشك، زیاتر ئەگەری ئاڵودەبوونیان هەیە و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گەشەی مێشكیان بە تایبەتی لە كۆنترۆڵكردنی خۆیان و مەزاجیان تێكدەچێت، تووشی زوو هەڵچوون و تۆڕەبوون و توانای بڕیاردان دەبن، هەروەها كاریگەری دەبێت بۆ كێشانی جگەرە و خواردنەوەی كحول و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان.
چۆن بزانین ئاڵودەبووین بە نێت یا نا؟
١_گەر هاتوو زیاتر لەسەر خەت مایەوە و رۆژ لە دوای رۆژ كاتژمێرەكانی بەكارهێنان زیاتر بوون.
٢_ تا دێت پێویستت بە كاتی زیاتر بێت بۆ مانەوە و بەكارهێنانی نێت.
٣_دەركەوتنی نیشانەكانی نەمانی نێت، گەر دەستت نەگەیشت بە نێت تووشی دڵەڕاوكێ و هەڵچوون و بێزاری ببیت.
٤_لەكاتی نووستن مۆبایلەكەت لەناو دەست یا ژێر سەرین و نزیك لە خۆت دابنێی.
٥_لەكاتی نان خواردن مۆبایلەكەت لێت نزیك بێت.
٦_لە هەندێك كاتی مەترسیدار مۆبایل بەكاربهێنیت وەك كاتی لێخۆڕینی ئوتومبێل.
٧_لەسەر خەت بوونت كێشەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و دابڕانی بۆ دروستكردووی لەگەڵ ئەندامانی خێزان و كەسە نزیكەكانت.
٨_كاتێك لەسەر خەتی ئاگات لە تێپەربوونی كات نییە.
٩_سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵدانت بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی مۆبایل و مانەوەت لە خەت.
١٠_بەیانیان دوای لە خەو هەستان یەكەم كارت گەڕانە بەدوای مۆبایلەكەت بێت.
هەندێك رێگەی چارەسەركردنی ئاڵودەبوون بە نێت:
١_دیاریكردنی ئەو كاتانەی مۆبایل بەكارناهێنیت، وەك درەنگانی شەو تا بەیانی.
٢_دیاریكردنی ئەو كار و چالاكییانەی قەدەغەیە مۆبایل بەكاربهێنیت یا لە خەت بیت لەكاتی نان خواردن، كاتی وەرزش و یاریكردن، كاتی خوێندن و دەوام.
٣_دەستنیشان كردنی ئەو كاتانەی لە خەت دەبیت، ئەو كار و چالاكیانە بكە كە پێویستی بە نێت نییە كاتێك بۆ وەرزش تەرخان بكە، كتێب بخوێنەوە، لەگەڵ ئەندامانی خێزان و هاوڕێكانت گفتوگۆ بكە.
٤_زەنگەكانی ئاگاداركردنەوەی نێت بێدەنگ بكە، وەك نامەكانی فەیسبووك و هاتنی ڵایك و كۆمێنت.
٥_رۆژانە چەند جارێك خۆ ویستانە لە خەت بڕۆ دەرەوە نێتەكەت بپچڕێنە و بیكە بە ئۆفڵاین.
٦_داوای یارمەتی بكە بۆ چارەسەركردنت لە ئەندامانی خێزان، هاوڕێكەت یا پزیشكەكەت هاوكارت بێت بۆ چارەسەركردنت.
مۆبایل و نێت یەكێكن لە پێویستییەكانی مرۆڤ لەم سەردەمە نەوەك هەموو پێویستییەكان، نابێت نێت جێگەی هەموو پێویستییەكانمان بگرێتەوە چونكە ئەوان تەنها یەكێكن لە پێویستییەكان نەك هەمووی.

زۆرترین بینراو