لەگەڵ بەفری نوێ، گەشتیاران بە تیم گەشتی لووتکەی هەڵگورد دەکەن

لەگەڵ بەفری نوێ، گەشتیاران بە تیم گەشتی لووتکەی هەڵگورد دەکەن

 زاری کرمانجی- باڵەکایەتی: ئەمساڵ لەگەڵ بارینی بەفری نوێ چوار تیم لە شاخەوانانی هەرێمی کوردستان لەناو کەشوهەوایەکی بێ وێنە و سەرنجڕاکێشدا گەشتیان بۆ لووتکەچیای هەڵگورد ئەنجامداوە. سالار چۆمانی یەکێک لە شاخەوانەکان کە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا گەشتی بۆ لووتکەکە کردووە، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: تیمەکەی ئێمە 13 شاخەوانی گروپی شاخەوانی هەڵگورد و ڕێکخراوی شاخەوانی باواجی کۆیە بووین، لە ماوەی 13 کاتژمێردا گەشتی لووتکەچیای هەڵگوردمان کرد و گەڕاینەوە. گووتیشی: گەشتەکەمان زۆر ناوازەبوو، چونکە بەفرێکی زۆر باریبوو لە هەندێک لە شوێنەکان نزیک بە هەشتا سانتیمەتر بەفر باریوە، لە کاتژمێر 4ی بەیانی بەڕێ کەوتین و گەیشتینە لووتکە چیاکە، دواتریش کاتژمێر 6ی ئێوارە گەڕاینەوە. راشیگەیاند: ئەمساڵ لەگەڵ بارینی بەفری نوێ و هاتنی وەرزی سەرما، شاخەوانان حەزیان لە گەشتی ناو بەفرە و نزیک بە چوار تیم گەشتی لووتکەی هەڵگوردیان ئەنجامداوە، هاوسەرەکەم کە شاخەوانە، تاکە ئافرەت بوو لەگەڵ تیمەکەمان بە سەرکەوتوویی لە گەشتەکەمان لەگەڵماندا بوو. لووتکە چیای هەڵگورد 3607 مەتر لەسەر ئاستی ڕووی دەریا بەرزە و بە بەرزترین لووتکەچیای عێراق و هەرێمی کوردستان لەقەڵەم دراوە، ساڵانە شاخەوان و گەشتیارێکی زۆری ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی لووتکەکە دەکەن.

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو