لەگەڵ حەشدی شەعبی كار ناكەین

لەگەڵ حەشدی شەعبی كار ناكەین

دیمانە- ڕائیب شێروانی: مستەفا چاو‌ڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70 لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی:" یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندایە، هاوپەیمانەكانیش كە دۆستایەتی ئێمە دەكەن داوامان لێ دەكەن كە هەرچی زووە هێزی پێشمەرگە یەك بگرێتەوە، پشتیوانی لە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هێزە بكەین بە هێزی خەڵكی كوردستان.
مستەفا چاوڕەش رایگەیاند:" پێویستە هێزی پێشمەرگە هەرچی زووە یەك بگرێتەوە، خەڵك هەمووی داوا دەكات، ئێمە وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەین بە عەداڵەت و یەكسانی هێزی پێشمەرگە یەكبگرێتەوە و بكەینەوە بە هێزی خەڵك، خەڵك هەمووی داوا دەكات لە بەرژەوەندی گەلی كوردستانیشدایە هاوپەیمانەكانیش كە دۆستایەتی ئێمە دەكەن، داوامان لێ دەكەن كە هەرچی زووە هێزی پێشمەرگە یەك بگرێتەوە، دوو لیوا لەژێر ڕاهێناندان لیوای 3 و لیوای 4، بۆ بابەتی یەكگرتنەوە وەكو تاقی كردنەوە لە داهاتوودا ئێمە و لایەنی پارتی پێكەوە دابنیشین و كۆبوونەوە بكەین، بۆ ئەوەی ئەو هێزەی كە هەمانە یەك بخەینەوە، ئامادەكاریش بۆ ئەم مەبەستە پێویستی بە دانیشتن هەیە، ئەوە بە رۆژێك و دوو رۆژ ناكرێت، رەنگە ساڵێك بخایەنێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو خەریك دەبین، هاوپەیمانەكانیش بەڵێنیان داوە كە هاوكار بن بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان گوتیشی:" گەورەییە بۆ سەرۆكی هەرێم، كە هێزێكی هەبێت، لە جیاتی هێزی 70 و 80، سەرۆكی هەرێم یەك هێزی لەبەر دەست بێت، كە هێزی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، لە یەك هێزدا خۆ بگرێتەوە، بڕیار و كارەكانی باشتر جێبەجێ دەكرێن، ئێمە پشتیوانی لە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هێزە بكەین بە هێزی خەڵكی كوردستان.
فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" هێزەكانی پێشمەرگە بەرامبەر بە چەكدارانی داعش وەستاون، جموجۆلی داعش هەیە، چالاكیان هەیە، هەر لەبەر ئەوەش دەبێت یەكگرتوو بین، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە زەروورەتە یەكگرتوو بن، ئێمە لە سەنگەرەكانی خۆمانداین و لە هەر شوێنێك جموجۆلی هەبێت، بە گژدا دەچین، چونكە ئەوانە دوژمنی خەڵكی كوردستانن.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" عێراق هەموو كاتێك درۆمان لەگەڵ دەكات، هەموو كاتێك كۆدەبێتەوە بڕیار دەدەن، عادل عەبدولمەهدی بڕیارێكی دەركردووە و ناوی پێشمەرگەی تێكردووە، كە بە هەماهەنگی ناوچە كوردستانییەكان بپارێزین، ئێمە ئامادەین لەگەڵ سوپای عێراق، نەك حەشدی شەعبی، چونكە ئەوانە گروپێك و دووان نین، كەس تێیان ناگات، هەروەها كێشەیان زۆرە، ئێمە لەگەڵ عێراق مامەڵە دەكەین، كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ ئەوانە و لەگەڵ حەشد نیە، هاوكاری بكەین بۆ هەموو ناوچە كوردستانییەكان، چونكە ئەوە خاكی خۆمانە، درەنگ، یان زوو دەبێت خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە شوێنەكانی خۆیان بپارێزن.
مستەفا چاو‌ڕەش، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 70 ئەوەشی دركاند:" تەمەننا دەكەین كۆنگرەی یەكێتی كۆنگرەیەك بێت هی هەموومان بێت، یەكڕیزی یەكێتی بێت، هەموومان بە دڵ و بە گیان هەوڵ بدەین كۆنگرەكە سەركەوتوو بێت، شتێك بكەین كە خەڵك دڵخۆش بكەین، كۆنگرەش بڕیار دەدات كە چ گۆڕانكاری لەناو یەكێتی دروست دەكات، كۆنگرە بڕیار دەدات، كە كێ دەچێتە سەركردایەتی، كێ دەبێتە سكرتێر، ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمە نیە لێرە قسەی لەسەر بكەین، كۆنگرە گەورەترین دەسەڵاتە و ئەو بڕیار دەدات".

زۆرترین بینراو