لە ئاوارەییەوە بۆ لووتكەی ناوبانگی

لە ئاوارەییەوە بۆ لووتكەی ناوبانگی

ئا: هۆژین شەوكەت دری
ڤیڤیان نووری ناسراو بە نووری- noury، لە زانكۆی زانستی كۆمپیوتەر دەیخوێند، بەڵام هەر زوو بۆی دەركەوت ئەوە ئەو بوارە نیە كە دەیەوێ ژیانی خۆی لەسەر دابمەزرێنێت، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٧ مۆڵەتی وەرگرت، ڕووی لە ئەمریكا كرد، لە ماوەی هەشت مانگ توانی ناوبانگێكی زۆر بەدەست بهێنێت، گۆرانیWhere Do We Go From Here لە ئاداری ئەمساڵ یەك ملیۆن بینەری هەبوو، ئێستا بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و ١٦٥ هەزار بینەر بەرزبووەتەوە، لە ریزبەندەكانی سعودیە، كوەیت، فەڵەستین و عێراق بووە پێشەنگی ئەو گۆرانیانەی زۆرترین بینەر و گوێگریان هەیە.
نووری لە ساڵی ١٩٩٣ لە سوریا لەنێو ئاوارەییدا لە دایك بووە، تەمەنی سێ ساڵ بوو كاتێك حكومەتی نیوزلەند ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی خێزانەكەی دەربڕی، یەكێك لە خوشكەكانی پێویستی بە چارەسەری پزیشكی خێرا هەبووە، ئەوەش هۆكار بووە بۆ وەرگرتنی خێزانەكەی لەلایەن حكومەتی نیوزلەند وەك پەنابەر.
نووری، لە تەمەنی منداڵییەوە گوێی بۆ گۆرانیەكانی كریستینا ئەگویلێرا، بریتنی سپێرز، مایكڵ جاكسن و ویتنی هیوستن ڕادەگرت، ئێستاش ئەوان وەك ئیلهامبەخشی یەكەمی خۆی دادەنێت،
نووری لە دیمانەیەكدا گووتی:" تەمەنم حەوت ساڵ بوو كاتێك بۆ یەكەمجار گۆرانی ئەو هونەرمەندانەم دەگووتەوە، بەڵام دڵنیا نەبووم لەوەی لاسایكردنەوەكەم ڕێك دەردەچێت یا نا". لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە بەهرەی خۆی دڵنیا بوویەوە كاتێك بۆ یەكەمجار لە شۆیەكی تاقیكردنەوەی بەهرەكاندا بەشداری كرد و گۆرانی When you Believe ی گووتەوە، ئەو گۆرانیە بۆ فیلمی ئەنیمەیشنی شازادەی میسر گوترابوو، نووری وەك خۆی دەڵێت هەرگیز چەپڵەڕێزانی جەماوەریم لەو ڕۆژەدا بیر ناچێتەوە، سەرەتای ئەمساڵ، بە یەكجاری چووە لۆس ئەنجلس لە ئەمریكا، ئەو لەبارەی كارە هونەرییەكانی گووتی:" ئەگەر بەخۆت بێت هیچكات نازانی كارەكەت كەی تەواو دەبێ، بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە بیدەیتە دەست كەسێكی ترو ئەو پێت بڵێت كەی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە، یەكێك لە باشترین شتەكانی لۆس ئەنجلس ئەوەیە دەتوانی لەگەڵ پرۆدیوسەری باش كاربكەیت و باشتر كارەكانت ئەنجام بدەیت، هەرچەندە ژیان و كاری هونەری لەم شارە ئاسان نییە، بەڵام هەموو ڕۆژێك ئەزموونێكی تازە فێردەبم، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ كلتورێكی نوێش ئاشنا دەبم، هەمیشە پێش ئەوەی بچمە ستۆدیۆ یا دەست بە نوسین بكەم، بیرۆكەی جیاواز بە مێشكمدا دێت، وەك ئەوەی چۆن گۆرانی بڵێم، هەندێكجار بیرۆكەكان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت لە میلۆدییەوە دەستپێدەكەین هەندێكجاریش بە لیرێكەوە".
پەروەردەی خێزانی كاریگەرییەكی گەورەی لە سەركەوتنی ڤیڤیان نووریدا هەبووە، وەك خۆی دەڵێت:" دایكم فێری هەموو شتێكی باشی كردین، سەرەتا زۆر سەخت بوو قەناعەت بە دایكم بێنم و ببم بە گۆرانیبێژ، بەڵام كاتێك بینی زۆر بە سەختی كاردەكەم بۆ گەیشتنم بەم ئاواتەم، بیركردنەوەی گۆڕا، رۆژگارێكی سەختم بەڕێكرد تا بەم رۆژە گەیشتم، لە خێوەتگەیەكی بچووكی پەنابەران لە سووریا بە شێوەیەك لەبەر بچووكی دایكم ناچاربووە قاچەكانمان بباتە دەرەوەی خێوەتەكە، ئێستا خەونی گەورەم هەیە، دەمەوێ رۆژێك ببمە گەورەترین هونەرمەند، شتێك لە پاش خۆم بەجێبهێڵم و خەڵك لەیادیان بێت، دەمەوێت موزیكی من لە یەك كاتتدا خەڵك بهێنێتە سەما و گریانیش، لە ڕێگەی موزیكەكەمەوە شتانێك دەڵیم خەڵك ناتوانێت باسی لێوە بكەن، پیشەسازی موزیك پڕە لە ڕكابەری، بەڵام من دەمەوێت براوە بم، پێش هەموو كەسێك لەگەڵ خۆمدا كێبڕكێ دەكەم، چیرۆكی من چیرۆكی چەندین ملیۆن كەسی دیكەیە. دەمەوێت ئەم چیرۆكە ببیسترێت، ئامانجم بردنەوەی گرامی و دواتر ئۆسكار، دروستكردنی دۆكیۆمێنتارییەك لە نێتفلیكس".

 

زۆرترین بینراو